نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 11 ملیۆن پەنابەر و ئاوارە مەترسیی لەدەستدانی هاوکارییان لەسەرە

18-07-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، کەمبوونەوەی زۆر لەو پارەیەی پێویستی پێیەتی، مەترسی ئەوە دروست دەکات کە زیاتر لە 11 ملیۆن پەنابەر و ئاوارە لەو هاوکارییەی پێویستیان پێیەتی بێبەش بن. ئەم ژمارەیە یەکسانە بە یەک لەسەر سێی تەواوی ئەو کەسانەی ساڵی رابردوو لەلایەن ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە (UNHCR) یارمەتی دراون.
 
رۆژی هەینی 18-07-2025 ئاژانسەکە تیشکی خستە سەر ئەو هۆکارانەی گوشار دەخەنە سەر ملیۆنان پەنابەر و ئاوارەی سەرانسەری جیهان، لەوانەش "زیادبوونی ئاوارەبوون، کەمبوونەوەی بودجە و بێباکیی سیاسی."
 
دۆمینیک هاید، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی UNHCR لە جنێڤ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "زۆر نیگەرانی دۆخی پەنابەر و ئاوارەکانی سەرانسەری جیهانین."
 
کەمکردنەوەی بەرچاوی هاوکارییەکان لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی دیکەوە، UNHCR و رێکخراوەکانی دیکەی هاوکاریی مرۆیی رووبەڕووی کورتهێنانێکی گەورە کردووەتەوە.
 
ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، ئەم ساڵ پێویستی بە 10.6 ملیار دۆلارە بۆ یارمەتیدانی پەنابەر و ئاوارەکانی جیهان، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 23%ـی ئەو بڕەی بەدەست گەیشتووە.
 
هاید هۆشیداری دا کە مەترسیی ئەوە هەیە "نزیکەی 11.6 ملیۆن پەنابەر و ئاوارە دەستیان بە هاوکارییە مرۆییەکانی UNHCR نەگات."
 
ئاژانسەکە رایگەیاند، خێزانەکان ناچار دەکرێن لە نێوان دابینکردنی خۆراکی منداڵەکانیان، کڕینی دەرمان و پێدانی کرێی خانوودا هەڵبژاردن بکەن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەدخۆراکی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە سوودانەوە هەڵدێن گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
 
لە کەمپەکانی بەنگلادیش کە نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەری رۆهینگیای میانماری تێدایە، بەرنامەکانی خوێندن بۆ نزیکەی 230,000 منداڵ مەترسیی راگیرانیان لەسەرە. ئەو ئاژانسە رایگەیاند، تەواوی بەرنامە تەندروستییەکەی لە لوبنان مەترسیی داخستنی لەسەرە.
 
کێشەکە تەنیا بودجەی بەرنامەکانی هاوکاری نییە. مانگی رابردوو UNHCR رایگەیاند کە پێویستە 3,500 کارمەند کەم بکاتەوە، واتە نزیکەی یەک لەسەر سێی هێزی کاری لە سەرانسەری جیهاندا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە