وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی: بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان لەنێوبرد

18-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پێنتاگۆن لەگەڵ یسرائیل کاتسی هاوتا ئیسرائیلییەکەی کۆبووەوە. وەزیرە ئیسرائیلییەکە گوتوویەتی، "بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان لەنێوبرد."
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی، "بە هێزەوە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەین و لە بەرگریدا پشتگیریی لێ دەکەین." وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشەکانی مانگی حوزەیران بۆسەر ئێران، هێگسەس گوتیشی، "شانازی بەو سەرکەوتنەوە دەکەین کە پێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل لە ئێران بەدەستمان هێنا."
 
هاوکات یسرائیل کاتس گوتی، "پێویستە رێگە بە ئێران نەدرێت مووشەک دروست بکات یان پەرە بە بەرنامەی ئەتۆمی بدات." گوتیشی، "بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەمان لەگەڵ ئەمریکا، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان لەنێوبرد."
 
ئیسرائیل لە 13ی حوزەیران دەستی بە جەنگێکی 12 رۆژە کرد لەگەڵ ئێران و هێرشی کردە سەر پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی وڵاتەکە.
 
ئەمریکا لە 22ی حوزەیران بە هێرشکردنە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی سەرەکی چووە نێو جەنگەکەوە. دواتر ئێران هێرشی کردە سەر بنکەی عودەیدی ئەمریکا لە قەتەر.
 
جەنگەکە لە ئێران بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار کەس، لە نێویاندا دەیان بەرپرسی هەرە باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی. لە ئیسرائیلیش نزیکەی 30 کەس بە هێرشی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران کوژران.
 
وێڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کابینەکەی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە هێرشەکانیان بوونەتە هۆی "سڕینەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران،" چەندین راپۆرتی میدیایی و هەواڵگریی ئەمریکا پێچەوانەی ئەوە دەردەخەن.
 
دوو لە نوێترین راپۆرتەکان کە ئەمڕۆ هەینی لە لایەن واشنتن پۆست و ئێن بی سی نیووزەوە بڵاوکراونەتەوە، باس لەوە دەکەن کە تەنیا بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ "لەنێوبردراوە" و زیانی ئەوتۆ بە بنکەکانی ئیسفەهان و نەتەنز نەگەیشتووە، کە 24ی حوزەیران کەوتنە بەر بۆمبی حەشارشکێنی بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە جۆری B-2.
 
راپۆرتەکەی واشنتن پۆست گومانی زیاتر دروست دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە دڵنیایی نییە لەوەی ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم کە پێیان دەگوترێت سەنتەرفیوج، لە قووڵایی زەوی لە فۆردۆ زیانیان بەرکەوتبێت.
 
بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، "بێگومان ناتوانین بڵێین بەرنامەکە سڕدراوەتەوە."
 
ترەمپ دووپاتی کردووەتەوە کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا "سەرکەوتنێکی سەرسوڕهێنەر"یان بەدەستهێناوە و رەخنەی تووندی لەو دامەزراوە میدیاییانە گرتووە کە گومان دەخەنە سەر ئاستی زیانەکان.
 
هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی هەواڵگریی ئەمریکاش کە لە لایەن ژمارەیەک دەزگای میدیاییەوە دزەی پێ کرابوو، نیشانیدەدات کە هێرشەکان نەیانتوانیوە پێکهاتە گرنگەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لەنێو ببەن، بەڵکو تەنیا توانیویانە بۆ چەند مانگێک پاشەکشە بە بەرنامەکە بکەن.
 
بەڵام ئەم مانگە، پێنتاگۆن گوتی، هێرشەکان یەک تاوەکو دوو ساڵ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان بردووەتە دواوە.
 
ئەگەرچی سەرەتا بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ بە تۆکمەترین دادەنرا، بەو پێیەی لە قووڵایی زەویدایە لە ژێر شاخەکانی قوم، راپۆرتەکانی ئێن بی سی نیووز و واشنتن پۆست ئاماژە بەوە دەکەن، بنکەکانی نەتەنەز و ئیسفەهانیش توونێلی قووڵیان هەیە.
 
سوپای ئەمریکا زۆر بۆمبی حەشارشکێنی دژی بنکەی ئەسفەهان بەکارنەهێنا و تەنیا ژێرخانی سەرزەوی بەئامانج کرد.
 
ئەندامێکی کۆنگرێس کە ئاگاداری زانیارییەکانی هەواڵگریی ئەمریکایە، بە واشنتن پۆستی گوتووە، بە پێی مەزەندەی پێنتاگۆن، دامەزراوەکانی ژێرزەویی بنکەی ئەسفەهان، مووشەکیان پێ ناگات.
 
پێنتاگۆن لە بەرامبەر ئەم راپۆرتانە بێ دەنگ نەبوو، بەڵکو رایگەیاند، هەر سێ بنکەکە "بە تەواوی سڕدراونەتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا