ژنێک بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ژەهرخواردکردنی ترەمپ بە 22 ساڵ بەندکردن سزا دەدرێت

18-08-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژنێکی تەمەن 56 ساڵ، کە خۆی وەکو "چالاکڤان" ناساندووە لەبەردەم دادگە دانی بەوەدا ناوە کە ویستوویەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ژەهرخوارد بکات، بەو هۆیەوە ژنەکە بە 22 ساڵ بەندکردن سزادرا. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی ئابی 2023، میدیای ئەمریکا بڵاویانکردەوە پاسکال فێڕێر، کە بە رەچەڵەک کەنەدییە، لەبەردەم دادگەی واشنتن دانی بەوەدا ناوە، کە لە تشرینی دووەمی 2020 لە ماڵەکەیدا لە پارێزگای کیوبێک لە کەنەدا جۆرێک لە ژەهری بەرهەمهێناوە و بۆ کوشتنی ترەمپ بەکاریهێناوە. 
 
پاسکال، لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا چەند نامەیەکی دەستنووسی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا و هەشت بەرپرسی دیکەی کۆشکی سپی ناردووە و زەرفی سەرجەم نامەکانی ژەهراوی کردوون. 
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا لەبارەی نێوەڕۆکی نامەکەی پاسکاڵ بۆ ترەمپ دەڵێت: "نامەکە بە زمانی هەڕەشە نووسراوە تێیدا داوای لە ترەمپ کردووە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020ـی سەرۆکایەتی ئەمریکا بکشێتەوە". 
 
پاسکال لە نامەکەیدا کە بۆ ترەمپی نووسیوە دەڵێت: "ناوێکی نوێم بۆت دۆزیوەتەوە؛ بوکەڵەی ستەمکاری ناشرین، هیوادارم بە دڵت بێت".
 
پاسکاڵ دەشڵێت، "ئەگەر ئەو ژەهرە کاری خۆی نەکات، رێگەیەکی نوێ دەدۆزمەوە یان لەوانەیە چەکەکەم بۆ کوشتنت بەکاربهێنم".
 
پاسکال جگە لە نامەکەی، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی: "پێویستە کەسێک تەقە لە ترەمپ بکات".
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، پاسکاڵ پێشینەی تاوانی هەبووە و لە ساڵی 2019 لە تێکساس بە تۆمەتی "هەبوونی چەك" بۆ ماوەی 10 هەفتە دەستگیر کراوە. 
 
پاسکال لە 20ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 لە کاتی پەڕینەوەی لە کەنەداوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەی بوفاڵۆ لە نیویۆرک دەستگیرکراوە و پۆلیس چەند جۆرە چەکێکی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزیوەتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە