رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، نابێت رووسیا لەسەر داگیرکارییەکەی "پاداشت بکرێت"، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا گوشاری خستە سەر ئۆکراینا بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئاشتیدا سازش بکات.
ئەم گفتوگۆیانە، کە سەرکردەکانی ئەورووپاش تێیدا بەشدار دەبن، دوای لووتکەکەی رۆژی هەینیی نێوان ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دێت لە ئەلاسکا، کە نەگەیشتە هیچ رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست لە جەنگێکدا کە نزیکەی سێ ساڵ و نیوە بەردەوامە.
ترەمپ، کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پووتین وازی لە پێداگریی لەسەر ئاگربەست هێنا لە بەرژەوەندیی رێککەوتنێکی ئاشتیی کۆتایی، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند زیلینسکی دەتوانێت "دەستبەجێ، ئەگەر بیەوێت" کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، بەڵام بۆ ئۆکراینا "هیچ گەڕانەوەیەک" بۆ کریمیا و "هیچ چوونێک بۆ نێو ناتۆ" نییە.
کیێڤ و سەرکردەکانی ئەووروپا هۆشدارییان لە سازشی سیاسی و خاک بۆ رووسیا داوە، کە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022ـەوە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس.
زیلینسکی لە پۆستێکدا لە فەیسبوک لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممەدا نووسی: "نابێت رووسیا لەسەر بەشداریکردنی لەم جەنگەدا پاداشت بکرێت و ئەوە مۆسکۆیە کە دەبێت گوێی لەم وشەیە بێت: بوەستە."
بەگوێرەی کۆشکی سپی، پێشبینی دەکرێت ترەمپ و زیلینسکی بە تەنیا کۆببنەوە پێش ئەوەی سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و فینلاند، هەروەها مارک روتە سکرتێری گشتیی ناتۆ و ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، بەشداری تێدا بکەن.
پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکان، چین داوای لە "هەموو لایەنەکان" کرد "بە زووترین کات" لەسەر ئاشتی رێکبکەون.
ئەمە یەکەم سەردانی زیلینسکی دەبێت بۆ واشنتن لە دوای ناکۆکییەکەی مانگی شوباتی لەگەڵ ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، کاتێک هەردووکیان سەرۆکی ئۆکراینایان بە "بێ وەفا" تۆمەتبار کرد.
خاکە کێشە لەسەرەکان
ئێستا رووسیا یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینای کۆنتڕۆڵکردووە. لە ساڵی 2014ـدا کریمیای بەخۆیەوە لکاند و لە ساڵی 2022ـشدا هەمان کاری لە چوار هەرێمی ئۆکراینا کرد؛ دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژیا، هەرچەندە هێزەکانی بە تەواوی کۆنترۆڵیان نەکردوون.
رووسیا پێشنیازی کردووە کە رەنگە هێڵی بەرەی جەنگ لە هەرێمەکانی خێرسۆن و زاپۆریژیا "سارد بکاتەوە" لە بەرامبەر بەدەستهێنانی ئەو خاکانەی کە هێشتا لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکدا کۆنتڕۆڵی نەکردوون.
سەرچاوەیەک کە ئاگاداری پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان ترەمپ و سەرکردەکانی ئەورووپا بوو لە رۆژی شەممەدا رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا "مەیلی ئەوەی هەیە پشتیوانی" لەم پێشنیازە بکات؛ بەڵام زیلینسکی چەندین جار بیرۆکەی وازهێنان لە خاک بۆ مۆسکۆی رەتکردووەتەوە و دەڵێت بەپێی دەستوور پابەندە کە واز لە کریمیا نەهێنێت.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ رایگەیاند، مۆسکۆ "هەندێک سازشی" لەسەر خاک کردووە و "گفتوگۆیەکی گرنگ هەبووە سەبارەت بە دۆنێتسک و ئەوەی چی لەوێ روودەدات."
ویتکۆف بە سی ئێن ئێنی گوت: "رۆژی دووشەممە بە وردی ئەو گفتوگۆیە باس دەکرێت،" بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بدات.
واشنتن هیچ سزایەکی زیادەی بەسەر مۆسکۆدا نەسەپاندووە و ئەو پێشوازییە گەرمەی لە ئەلاسکا لە پووتین کرا، وەک سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بۆ رووسیا لێکدرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ