رووداو دیجیتاڵ
پێنج هەرێمی ئۆکراینا کە لەلایەن رووسیاوە کۆنتڕۆڵکراون، بوونەتە چەقی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی جەنگە سێ ساڵ و نیوییەکە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەک، رووسیا داوای تەواوی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک دەکات لە بەرامبەر ساردکردنەوەی هێڵی پێشەوەی جەنگ لە باشوور لە خێرسۆن و زاپۆریژیا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان دۆناڵد ترەمپ و سەرکردەکانی ئەورووپا دوای لووتکەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، رایگەیاندووە کە سەرۆکی ئەمریکا "مەیلی ئەوەی هەیە پشتیوانی" لەم پێشنیازە بکات؛ بەڵام ئۆکراینا رەتیکردووەتەوە واز لەم هەرێمانە بهێنێت، کە بە "کاتیی داگیرکراو"یان دادەنێت.
پێویستە چی لەسەر ئەو هەرێمانە بزانیت؟
دۆنێتسک و لوهانسک: خاڵی لەپێشینەی سەرەکیی کرێملین
ئەم دوو هەرێمە کە هاوسنووری رووسیان، پێیان دەگوترێت دۆنباس، کە ناوچەیەکی پیشەسازی و کانزاییە و دەستبەسەرداگرتنی خاڵی لە پێشینەی پووتینن.
بەپێی شیکاریی ئاژانسی فرانس پرێس بۆ داتاکانی پەیمانگای ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوەی جەنگ (ISW) و پڕۆژەی هەڕەشە گرنگەکان (CTP)، هێزەکانی رووسیا زیاتر لە 99%ی هەرێمی لوهانسک و 79%ی هەرێمی دۆنێتسکیان کۆنترۆڵ کردووە.
پێشڕەویی رووسیا هەڕەشە لە ناوەندە لۆجستییە سەربازییەکان و قەڵاکانی ئۆکراینا لە ناوچەکەدا دەکات.
لە ئەیلوولی 2022ـدا، رووسیا رایگەیاند ئەم دوو هەرێمەی، لەگەڵ خێرسۆن و زاپۆریژیا لە باشوور، لکاندووە بەخۆیەوە. هەرێمی دۆنێتسک هەندێک لە خوێناویترین شەڕەکانی جەنگەکەی بەخۆیەوە بینیوە، وەک لە باخموت، ماریوپۆل و ئەڤدیڤکا.
خێرسۆن بەشێکی رزگارکراوە
هەرێمی خێرسۆن، کە بە ناوچەیەکی کشتوکاڵی ناسراوە، لە سەرەتای جەنگەکەدا نزیکەی بە تەواوی لەلایەن سوپای رووسیاوە دەستی بەسەردا گیرا؛ بەڵام دواتر ئۆکراینا لە هێرشێکی پێچەوانەدا لە تشرینی دووەمی 2022ـدا پایتەختی هەرێمەکەی، کە هەر ناوی خێرسۆنە، کۆنترۆڵ کردەوە.
لەو کاتەوە هێڵی بەرەی جەنگ تا رادەیەکی زۆر جێگیر بووە و سوپای رووسیا نزیکەی 71%ی هەرێمی خێرسۆن کۆنترۆڵ دەکات.
زاپۆریژیا؛ هەرێمی ئەتۆمیی ناسەقامگیر
بەپێی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، رووسیا 74%ـی هەرێمی زاپۆریژیای کۆنترۆڵ کردووە، بە وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیاشەوە، کە گەورەترینە لە ئەورووپا و مۆسکۆ لە هەفتەکانی یەکەمی جەنگدا دەستی بەسەردا گرت.
هەرچەندە وێستگەکە کووژاوەتەوە، بەڵام هێشتا بە نائارام دادەنرێت، چونکە نزیکە لە شەڕەوە. رووسیا و ئۆکراینا یەکدی بە ئامانجگرتنی تۆمەتبار دەکەن.
سومی و خارکیڤ
جگە لەو خاکانەی رووسیا بانگەشەی لکاندنیان دەکات، هێزەکانی دزەکردنی سنووریی بچووک دەکەن بۆ ناو هەرێمەکانی سومی و خارکیڤ، بەڵام مۆسکۆ هیچ ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی گەورەی لەوێ کۆنترۆڵ نەکردووە. کرێملین رایگەیاندووە دەیەوێت "ناوچەیەکی دابڕێنەر" لەوێ دابمەزرێنێت بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ ناو رووسیا.
کریمیا: 11 ساڵ لە دەستبەسەردا گرتن
رووسیا لە ساڵی 2014ـدا لە ریفراندۆمێکدا کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەرکۆنە کرا، کریمیای بەخۆیەوە لکاند و دەسەڵاتی کرێملین بەسەر نیمچەدورگەکەدا بە تایبەتی بەهێز ماوەتەوە.
ترەمپ رۆژی یەکشەممە هۆشداریدا و رایگەیاند، کۆنترۆڵکردنەوەی کریمیا بۆ ئۆکراینا "مەحاڵە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ