کۆشکی سپی: بەردەوام دەبین لە کارکردن تاوەکو لە زووترین کاتدا هێڵی بۆریی نێوان عێراق - تورکیا بکرێتەوە

18-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئەمریکا پێشوازی لە گفتوگۆی بنیادنەرانەی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات. دەشڵێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی "لە زووترین کاتدا" بۆریی نێوان عێراق - تورکیا بکرێتەوە. 
 
رۆژی دووشەممە 18ـی ئەیلوولی 2023، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێمە پێشوازی لە گفتوگۆی بنیادنەرانەی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە هەفتەی رابردوو کرا، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەشێوەیەک کە لەگەڵ دەستووری عێراقدا بگونجێت." 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە بڕیارەکەی حکومەتی عێراق خۆشحاڵین بۆ ناردنی پارەی زیاتر بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یارمەتیی دڵنیابوون لە وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومی و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و گەشەی ئابووری دەدات".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و بڕیاریدا بڕی 2.1 تریلیۆن دینار بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 
بڕیاری ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە لەدوای ئەوە هات کە رۆژی  پێنجشەممە، 14-9-2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی پێکهێنەری حکومەت کۆبووەوە.
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەشڵێت: "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بەخێرایی و لە زووترین کاتدا هێڵی بۆریی نێوان عێراق - تورکیا بکرێتەوە" کە نەوتی هەرێمی کوردستانی پێدا هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرا. 
 
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا. بەپێی بەدواداچوونی رووداو زیانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، لەو ماوەیەدا نزیکەی 5 ملیار دۆلار بووە.
 
جەیک سولیڤان دەڵێت، ئەمریکا "بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبێت بۆ پێشخستنی عێراقێکی سەقامگیر و سەلامەت و پێشخستنی بڕیارە بەردەوامەکان سەبارەت بە پرسە هەڵپەسێردراوەکان".
 

 

 

 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا و ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە. وێنە: AFP

ئۆکراینا: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەوتنی راستەقینە بەدەستهاتووە

بەرپرسی باڵای دانوستاندنکاری کیێڤ رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆ چڕەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی لە بەرلین، کە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا بەڕێوەچوو، "پێشکەوتنی راستەقینە" بەدەستهاتووە.