ترەمپ: پووتین دەستخەڕۆی کردم

18-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لەسەر جەنگی ئۆکراینا "پووتین بەڕاستی دەستخەڕۆی کردم"، بەوەی کە بەردەوامیی بە جەنگەکە دەدات، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا هەوڵی راگرتنی دەدات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 18-09-2025، ترەمپ لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی رۆژنامەڤانی لەگەڵ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە بەکینگهامشێر لە بەریتانیا گوتی: "پێموابوو جەنگی ئۆکراینا ئاسانترین جەنگ دەبێت [بۆ راگرتن]، ئەمەش بەهۆی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ پووتین هەمە، بەڵام ئەو دەستخەڕۆی کردم، بەڕاستی دەستخەڕۆی کردم."
 
ترەمپ پێشتر رایگەیاند، لەوکاتەوەی بووەتە سەرۆک توانیویەتی "حەوت جەنگ" رابگرێت کە "چارەسەرکردنیان ئەستەم بوو." ترەمپ پێش ئەوەی ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا، بەڵێنی ئەوەی دابوو لەماوەی 24 کاژێردا جەنگی ئۆکراینا رابگرێت. 
 
مانگی پێشوو، ترەمپ لە ئەلاسکا پێشوازیی لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کرد و هیوای بەوە هەبوو بگاتە رێککەوتنێک، بەڵام هیچ رووینەدا.
 
ترەمپ قسە بەناوبانگەکەی خۆی دووبارە کردەوە و گوتی: "ئەمە من سەرۆک بووام، ئەو جەنگە رووینەدەدا."
 
لە بەرامبەردا، ستامەر داوای لە وڵاتان کرد گوشاری زیاتر بخەنەسەر مۆسکۆ. ستامەر گوتی: "پووتین رووی راستەقینەی خۆی نیشان داوە، خوێنڕشتن هەر بەردەوامە. هەنگاوەکانی پووتین هەنگاوی کەسێک نین کە ئاشتیی دەوێت، گوشاری زیاتر پێویستە."
 
"لەگەڵ ستامەر هاوڕا نیم"
 
یەکێک لە رۆژنامەڤانەکان پرسیاری پلانی ستامەری کرد بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین. ترەمپ گوتی: "لەسەر ئەمە هاوڕای سەرۆکوەزیران [ستامەر] نیم، ئەمە یەکێکە لە دژڕابوونە زۆر کەمەکانمان."
 
هەر ئەم مانگە ستامەر رایگەیاند، وڵاتەکەی پلانی ئەوەی داناوە ئەگەر ئیسرائیل بەچەند مەرجێکی دیاریکراو رازی نەبێت، دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت. بەشێک لە مەرجەکانیش پەیوەندییان بە رازیبوون بە ئاگربەست و پرسی چارەسەری دوو دەوڵەتییەوە هەیە.
 
ستامەر گوتی: "حەماس گرووپێکی تیرۆریستییە کە ناتوانێت هیچ بەشدارییەکی لە حوکمڕانیی داهاتووی فەلەستین هەبێت." ترەمپ دەستی خستەسەر پشتی ستامەر و گوتی: "ئەمە باشە."
 
هەر لەسەر پرسی غەززە و ئیسرائیل، ستامەر گوتی دوو وڵاتەکە کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، کۆتاییهێنانی قەیرانی مرۆیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرقەرارکردنی سەقامگیریی بۆ فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان دەکەن. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا