رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسێکی حکومیی کیێڤ رایگەیاند، ئۆکراینا تەرمی هەزار کەسی وەرگرتەوە. رووسیا دەڵێت، تەرمی سەربازی ئۆکراینی بوون. لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی نێوەندگیری بۆ گۆڕینەوەکە کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 18-09-2025، بارەگای هاوئاهەنگی بۆ دیلەکانی جەنگ، کە ئاژانسێکی حکومیی ئۆکراینایە، لە تەلەگرام رایگەیاند: "ئەمڕۆ 1000 تەرممان وەرگرتەوە، کە بەگوێرەی لایەنی رووسیا، تەرمی سەربازانی ئۆکراینان."
لە بەرامبەردا، ئۆکرایناش تەرمی 24 سەربازی رووسیای رادەستی مۆسکۆ کردەوە.
گەڕاندنەوەی تەرم و گۆڕینەوەی دیل، تاکە هاوکاریی نێوان هەردوو وڵاتەکە شەڕکەرەکەیە. لەوکاتەوەی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، دەیان هەزار سەرباز لە هەردوولا کوژراون، هەرچەندە هەردوو حکومەتەکە ژمارەی قوربانییەکانیان بڵاوناکەنەوە.
بەگوێرەی پڕۆژەی (من دەمەوێت بدۆزمەوە)ـی ئۆکراینا، گۆڕینەوەی تەرمەکان بە نێوەندگیریی خاچی سوور بووە.
هەرچەندە ئەمریکا لە رێگەی دیلۆماسییەوە هەوڵی راگرتنی جەنگەکە دەدات، هەروەها سێ دانوستاندنی راستەوخۆ لەنێوان کیێڤ و مۆسکۆ کراوە، بەڵام هێشتا هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ راگرتنی جەنگەکە بەدی ناکرێت.
هەفتەی پێشوو، کرێملین رایگەیاند، گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان دوو وڵاتەکە "وەستاوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ