رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، کۆتایی مانگی ئەیلوول میکانیزمی سناپ باک، کە سزاکانی سەر ئێرانە، چالاک دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 18-09-2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی رایگەیاند، هەوڵەکانی گەیشتن بە رێککەوتن لەنێوان ئەورووپا و ئێران شکستیان هێناوە؛ "ئێران دووچاری زیانی ئابووریی گەورەتر دەبێتەوە، چاودێرە نێودەوڵەتییەکانیش سەرپەرشتیی مادەی ئەتۆمی و دامەزراوەکانی ئێران ناکەن."
پێشبینی دەکرێت سبەی هەینی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر دووبارە گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران بدات، ئەگەر دەنگ بدرێت، رۆژی 27-09-2025 سزاکان دەستپێدەکەن.
ماکرۆن هەروەها گوتی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ویستی لەگەڵ ئەورووپییەکان بگاتە رێککەوتن، بەڵام لەلایەن ئەندامانی دیکەی حکومەتی ئێرانەوە پشتیوانیی لێنەکرا.
رۆژی 28-08-2025 سێ وڵاتە ئەورووپییەکە رایانگەیاند، بڕیاریانداوە میکانیزمی "سناپ باک" بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێران دا کارا بکەن. میکانیزمی سناپ باک بۆ ماوەی 30 رۆژە.
میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکان بەندێکی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015یە، کە دەڵێت، ئەگەر هەر بەشداربووێکی رێککەوتنەکە، واتە ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، رووسیا، چین یان ئەڵمانیا، پێیوابوو ئێران رێککەوتنەکەی پێشێلکردووە، دەتوانێت ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی دوای 30 رۆژ لە ئاگادارکردنەوەکە، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆکارانە بگەڕێنرێنەوە سەر ئێران.
بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان، بەگوێرەی رێککەوتننامەکە، پێویست بە دەنگدانی ئەنجوومەنی ئاسایش نییە، بۆیە چین و رووسیا، کە هاوپەیمانی ئێران و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشن، ناتوانن ڤیتۆی بکەن.
تاکە رێگە بۆ رێگری لە گەڕانەوەی سزاکان ئەوەیە کە لە ماوەی ئەم 30 رۆژەدا، ئێران سێ وڵاتە ئەورووپییەکە رازی بکات کە میکانیزمەکە رابگرن و سزاکان بەسەریدا نەسەپێننەوە.
ئەگەر رازی بوون، ئەوا دەتوانن لە ئەنجوومەنی ئاسایش بە دەنگدان، بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی هەڵوەشاندنەوەی سزاکان بدەن.
سێ وڵاتە ئەورووپییەکە نیگەرانن و ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی رێککهوتننامهی 2015ـی پێشێل کردووه، که ئامانج لێی رێگری بوو له تاران بۆ ئەوەی نەتوانێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
ئهمریکا، که لایهنێکی ئهو رێککهوتنه بوو، له ساڵی 2018 لهژێر سهرۆکایهتی دۆناڵد ترەمپ لێی کشایهوه و سهرهتای ئهمساڵیش دانوستاندنە ناڕاستهوخۆکانی لهگهڵ تاران شکستیان هێنا.
رۆژی چوارشەممە 17-09-2025 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئێران ئامادەیە چارەسەرێکی دادپەروەر و هاوسەنگ دەستبخات، کە دڵنیایی لە بەرژەوەندیی هاوبەش بدات. بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە پێویستی بە رێبازێکی بەرپرسیار و سەربەخۆی سێ وڵاتە ئەورووپییەکەیە، هەروەها پێویستی بە دوورکەوتنەوەیە لەوەی لەلایەن وڵاتەنی دیکەوە کاریگەرییان لەسەر بێت."
عێراقچی ئەو راگەیێنراوەی دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتاکانی لە پاریس، لەندەن و بەرلین، دواتر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بڵاوکردەوە.
رۆژی 28-08-2025 سێ وڵاتە ئەورووپییەکە رایانگەیاند، بڕیاریانداوە میکانیزمی "سناپ باک" بۆ سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێران دا کارا بکەن. میکانیزمی سناپ باک بۆ ماوەی 30 رۆژە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ