سوێد دەڵێت، بکوژی سەلوان مۆمیکا سووریاییە و بۆ ئێران هەڵاتووە

18-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی سوێد دەڵێت، بکوژی سەلوان مۆمیکا دەستنیشان کراوە و داوای دەستگیرکردنی کراوە.
 
بەپێی بەڵگەنامەکان کە پێشکێشی دادگەی شاری سۆدەرتالیە لە باشووری سوێد کراون، گومانلێکراوەکە گەنجێکی سووریایی تەمەن 24 ساڵە. 
 
راپۆرتە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن، گومانلێکراوەکە بۆ ئێران هەڵاتووە، دەسەڵاتدارانی سوێدیش فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتییان بۆ دەرکردووە و داوای رادەستکردنەوەی دەکەن.
 
راسموس ئۆمان، داواکاری گشتیی باڵا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "وێنەیەکی روونمان لەسەر زنجیرەی رووداوەکان هەیە و دوای لێکۆڵینەوەی تەکنیکیی بەرفراوان و پێداچوونەوە بە گرتە ڤیدیۆییەکان، داوامانکرد کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکە دەستبەسەر بکرێ؛" ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئێستا شوێنی دیاریکراوی گومانلێکراوەکە نازانرێت."
 
سەلوان مۆمیکا کریستیانێکی بە رەچەڵەک عێراقی بوو، رۆژی 29ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ لەنێو شوقەکەیدا لە شاری سۆدەرتالیە لە باشووری ستۆکهۆڵم تەقەی لێکرا و ماوەیەکی کەم دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. مۆمیکا لەکاتی رووداوەکەدا لە پەخشی راستەوخۆی تیکتۆکدا بوو.
 
داواکاری گشتی رایگەیاند، گومانلێکراوەکە "سەلوان مۆمیکای بە چەند جارێک تەقەکردن بە دەمانچە کوشتووە" و ئاماژەی بەوەشکرد، کوشتنەکە "پلانی بۆ داڕێژرابوو."
 
چەند کاژێرێک دوای رووداوەکە، پێنج پیاو دەستگیرکران، بەڵام دوای دوو رۆژ هەموویان ئازادکران و لە مانگی ئاداریشدا بە فەرمی گومانەکان لەسەریان لابرا.
 
کوژرانی مۆمیکا چەند کاژێرێک پێش ئەوە هات کە دادگەیەکی ستۆکهۆڵم بڕیار لەسەر دۆسیەی ئەو و هاوتۆمەتبارەکەی، سەلوان نەجم بدات، ئەوەش بە تۆمەتی هاندانی رق و کینەی نەتەوەیی یان ئایینی. 
 
دواتر دادگە نەجمی تەمەن 50 ساڵی بە تۆمەتی هاندانی رق و کینە لە چوار رووداوی سووتاندنی کۆپی قورئانی پیرۆزدا تاوانبارکرد، بەڵام هیچ بڕیارێک لەبارەی مۆمیکاوە دەرنەچوو.
 
سەلوان مۆمیکا لانیکەم 4 جار لە بەردەم چاوی کامێرا و خەڵک کۆپی قورئانی پیرۆزی لە سوێد سووتاند. یەکەم دەرکەوتنی لە 28-06-2023 بوو کە لە دەرەوەی مزگەوتیكی ستۆکهۆڵم بوو لە جەژنی قوربان. 
 
کردەوەکانی مۆمیکا گرژیی خستە نێوان سوێد و چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لە تەممووزی 2023دا خۆپێشاندەرانی عێراقی دووجار هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا. 
 
لە ئابی 2023شدا، دەزگەی هەواڵگریی سوێد ئاستی هەڕەشەی لە وڵاتەکەدا بۆ پلەی چوار لەسەر پێوەری پێنج پلەیی بەرزکردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە