رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی پۆرتوگال پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە قەدەخەکردنی پەچەی پەسند کرد، ئەوەش دوای مشتومڕێکی زۆر.
پڕۆژەیاساکە لەلایەن پارتی راستڕۆی تووندڕۆی (چێگا)وە پێشنیاز کرابوو، لەلایەن پارتە راستڕۆیەکانەوە پشتیوانی لێکرا. لە بەرامبەردا، پارتە چەپەکان وەک هەوڵێک بۆ "ناشیرینکردنی" کەمینەکان ناویان برد. پڕۆژە یاسا پەسند کراوەکە پێویستی بە رەزامەندیی سەرۆکی وڵاتە بۆ ئەوەی بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوەوە.
بەپێی پڕۆژە یاسا پەسندکراوەکە، پۆشینی پەچە لە زۆربەی شوێنە گشتییەکاندا قەدەخە دەکرێت، بەڵام لە شوێنەکانی وەک ناو فڕۆکە، باڵەخانە دیپلۆماسییەکان و پەرستگە و مزگەوتەکان رێگەپێدراو دەبێت.
پڕۆژەیاساکە سزای دارایی لە 200 یۆرۆوە تاوەکو 4,000 یۆرۆ (نزیکەی 234 بۆ 4,670 دۆلار) بۆ سەرپێچیکاران دیاری دەکات؛ هەروەها ناچارکردنی کەسێک بۆ پۆشینی پەچە، سزای تاوەکو سێ ساڵ زیندانیکردنی لەسەر دەبێت.
ئاندرێ ڤێنتورا، سەرۆکی پارتی راستڕۆی تووندڕۆی چێگا، لە گوتارێکدا لە پەرلەمان بەرگری لە پڕۆژەیاساکە کرد و گوتی، "ئەوانەی دێنە پۆرتوگال، گرنگ نییە لە کوێوە هاتوون یان چ ئایینێکیان هەیە، دەبێ پێش هەموو شتێک پابەند بن، رێز لە دابونەریت و بەهاکانی ئەم وڵاتە بگرن."
ڤێنتورا گوتی، "ژنێک کە ناچار بکرێ پەچە بپۆشێت، یان بەهۆی کولتوورەکەیەوە ناچار بکرێ، چیدیکە ژنێکی ئازاد و سەربەخۆ نییە و دەبێتە کەرەستەیەک. چێگا قبووڵی ناکات وەک کەرەستە مامەڵە لەگەڵ ژنان بکرێت."
ئاندریا نێتۆ، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیال-دیموکراتی دەسەڵاتدار، پشتیوانیی خۆی بۆ پڕۆژەکە دەربڕی و گوتی، "هیچ ژنێک نابێ ناچار بکرێ دەموچاوی بشارێتەوە. یەکسانیی رەگەزیی پایەیەکی شارستانییەتی ئێمەیە و ئازادیی ژن دانوستاندنی لەسەر نییە."
لە بەرامبەردا، پێدرۆ دێلگادۆ ئالڤێس، پەرلەمانتاری پارتی سۆسیالیست، بە تووندی دژی هەوڵەکە وەستایەوە و رایگەیاند، "ئەم دەستپێشخەرییە تەنیا بۆ کردنە ئامانجی بیانییەکان، ئەوانەی باوەڕی جیاوازیان هەیە و هێزە سیاسییەکانی دیکە بەکاردەهێندرێ. ئەمە کاریگەریی پێچەوانەی دەبێ و وا لەو ژنانە دەکات لە ماڵەکانیاندا قەتیس بن. ئەمڕۆ چێگا دەیەوێ ناشیرینمان بکات."
هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر کەم لە ژنان لە پۆرتوگال پەچە دەپۆشن، بەڵام بابەتەکە مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە. پڕۆژەیاساکە ئێستا پێویستی بە هەڵوێستی مارسێلۆ رێبێلۆ دی سۆسا، سەرۆکی پۆرتوگال هەیە کە دەتوانێ واژۆی بکات، ڤیتۆی بکات یان رەوانەی دادگەی دەستووریی بکات بۆ پێداچوونەوە.
ئەگەر یاساکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، پۆرتوگال دەچێتە پاڵ چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا وەک فەرەنسا، نەمسا، بەلجیکا و هۆڵەندا کە قەدەخەکردنی تەواو یان نیمچەیان لەسەر پەچە هەیە.
بەگوێرەی سەرژمێریی 2021، نزیکەی 40 هەزار موسڵمان لە پۆرتوگال دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ