جیهان
کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک بەرپرسی وڵاتەکەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وڵاتەکەی. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆشکی سپی، داوای لێکرد لەگەڵ رووسیا رێکبکەوێت و کۆتایی بە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە بهێنێت. لە هەمان کاتدا بەرپرسانی باڵای کیێڤی بێ هیوا کرد لەوەی ئەمریکا مووشەکی پێشکەوتووی تۆماهۆکیان بۆ دابین بکات.
رۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشوازییەکی گەرمی لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کرد و دوای کۆبوونەوەشی لەگەڵ زیلینسکی، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال ترووس، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "گفتوگۆکانمان سەرنجڕاکێش و دۆستانە بوون، بەڵام من پێم گوت و هەروەکو بە جیدییش بۆ سەرۆک پووتینم پێشنیاز کرد، کاتی ئەوە هاتووە کوشتارگەکە رابگرن و بگەنە رێککەوتن!"
مانگی رابردوو ترەمپ رایگەیاند، لەو باوەڕەدایە ئۆکراینا دەتوانێت هەموو ئەو خاکەی لەدەستیداون، کۆنترۆڵ بکاتەوە، بەڵێنی هاوکاریی زیاتریشی بە کیێڤ دا، بەڵام رۆژێک لەدوای ئەوە رازی بوو جارێکی دیکە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە، هەڵوێستی ئیدارەکەی بەرامبەر بە ئۆکرایناش گۆڕی.
لە درێژەی پەیامەکەیدا، ترەمپ گوتی، "دەبێت لە شوێنی خۆیان بوەستن. با هەردووکیان سەرکەوتن رابگەیێنن، با مێژوو بڕیار بدات."
دواتر لە فڕۆکە تایبەتەکەیدا، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "دەبێت ئۆکراینا و رووسیا هەر ئێستا لەو شوێنەی شەڕیانە، بوەستن. لە هەر شوێنێک بێت بە هێڵی جەنگ ناسراوە، دەبێت شەڕ رابگرن، ئەگینا دۆخەکە زۆر ئاڵۆز دەبێت."
هەرچی زیلینسکییە، لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ، رایگەیاند، رووسیا لە مووشەکی کروزی تۆماهۆکی دوورهاوێژی ئەمریکی دەترسێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا "لە وەرگرتنی ئەو مووشەکە لەلایەن واشنتنەوە واقیعبینە."
ئەو لەبەردەم کۆشکی سپی، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "لەگەڵ سەرۆک ترەمپ باسی چەکی دوورهاوێژیان کردووە، بەڵام بڕیاریان داوە چیدیکە قسەی لەسەر نەکەین، چونکە ئەمریکا نایەوێت گرژیی زیاتر دروست ببێت."
"جەنگ کۆتایی پێبهێنە"
هەفتەیەک لەدوای داواکردنی مووشەکی تۆماهۆک، زیلینسکی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا، سەردانی ئەمریکای کرد، بەو هیوایەی سوود لە بێزاریی ترەمپ لەدەست پووتین وەربگرێت، دوای ئەوەی لووتکەی ئالاسکا هیچ بەرهەمی لێنەکەوتووە.
بەڵام سەرۆکی ئۆکراینا ئەمجارەش بە دەستبەتاڵی لای ترەمپ گەڕایەوە، ئەمەش لەدوای ئەوەی ترەمپ چاوی لە چارەسەرێکی دیکەی دیپلۆماسییە، لەدوای رێککەوتنی ئاشتیی هەفتەی رابردووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و راگرتنی جەنگی دوو ساڵەی غەززە.
بەڵام رۆژی هەینی، لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ زیلینسکی، ترەمپ گەشبینتر دەرکەوت، بە ئەگەری کۆتاییهێنان بەو جەنگە سێ ساڵ و هەشت مانگەی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی پێنجشەممەی لەگەڵ پووتین، کە زیاتر لە دوو کاژێر و نیوی خایاند و تێیدا هەردوو سەرکردەکە لەسەر کۆبوونەوە لە شاری بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا رێککەوتن.
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، "هیوادارم بتوانین شەڕەکە کۆتایی پێبهێنین، بەبێ بیرکردنەوە لە بەکارهێنانی تۆماهۆک."
لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەو بڕوایەدایە پووتین دەیەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.
بەڵام زیلینسکی، کە بۆ بەدەستهێنانی چەکی دوورهاوێژ و قوورسی ئەمریکا چووبووە واشنتن، ئاماژە بەوە کرد، "ئامادەیە هەزاران درۆنی ئۆکراینی لە بەرامبەر تۆماهۆک بگۆڕێتەوە."
لە هەمان کاتدا لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ، ترەمپ، زیلینسکی پیرۆزبایی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە غەززە، هیواشی خواست هەمان کار بۆ ئۆکرایناش بکات و گوتی، "هیوادارم سەرۆک ترەمپ بتوانێت ئەوە بەدەستبهێنێت."
"داهاتوویەکی نادیار"
هەوڵ و گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، لەدوای لووتکەی ئالاسکا لە 15ی ئابی ئەم ساڵ، وەستاوە.
رۆژی هەینی سەرۆکایەتیی رووسیا (کریملن) رایگەیاند، پێش ئەوەی پووتین و ترەمپ کۆببنەوە، "زۆر پرسیار" هەن پێویستیان بە یەکلاکردنەوە و وەڵامە، لەوانەش؛ کێن ئەندامانی تیمی دانوستاندنکاران؟
بەڵام ئەو گومان و پرسانەشیان رەتکردەوە بەوەی، پووتین ناتوانێت بەسەر ئاسمانی ئەورووپادا بچێتە هەنگاریا.
لە بەرامبەردا، هەنگاریا دڵنیایی داوە بەوەی پووتین بتوانێت بچێتە نێو وڵاتەکەیەوە، "گفتوگۆیەکی سەرکەوتوو لەگەڵ ئەمریکا بکات"، سەرەڕای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادگەی تاوانی نێودەوڵەتییەوە هەیە، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.
لەوەتەی گەڕاوەتەوە بۆ نێو کۆشکی سپی و دەستپێکردنی گەڕی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی، هەڵوێستی ترەمپ بەرامبەر بە جەنگی ئۆکراینا چەندین جار بە شێوەی چاوەڕواننەکراو گۆڕاوە.
سەرەتا ترەمپ و پووتین هەوڵی نزیکبوونەوەیان دا؛ پاشان سەرۆکی ئەمریکا زیلینسکی بە "دیکتاتۆرێک" ناوبرد.
دواتر لە مانگی شوبات ئەم ساڵ، پێوەندییەکانی ترەمپ و زیلینسکی زیاتر گرژیی بەخۆوە بینی، کاتێک ترەمپ هاوتا ئۆکراینییەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی هیچ "کارتێکی فشاری بەرامبەر بە رووسیا پێنییە و پێویستە بە ئاگربەست رازی بێت."
بەڵام دوای ئەو گرژییە، پێوەندییەکانی نێوان هەردوو سەرکردە گەرمتر بوونەوە، لەوکاتەی ترەمپ نائومێدی خۆی بەرامبەر بە کردەوە و بەڵێنەکانی پووتین دەربڕیی.
لەهەمان کاتدا، ترەمپ هێشتا کەناڵی گفتوگۆکردنی لەگەڵ پووتین بە کراوەیی هێشتووەتەوە و رایگەیاندووە، "ئەوان پێکەوە دەتوانن مامەڵە بکەن."
سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە سەپاندنی سزای نوێ و هەنگاوەکانی دیکە دژی مۆسکۆ گۆڕیووە، هەموو کاتێکیش هەڵوێستەکانی لەدوای پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ پووتین، گۆڕدراون.
لەوەتەی رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا لە 24ی شوباتی 2022، دەستپێکردووە، مۆسکۆ توانیوویەتی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکراینا کۆنترۆل بکات و بەشێکی زۆری ئەو وڵاتەشم بەهۆی ئەو جەنگەوە وێران بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ