ترەمپ: مادورۆ هەموو سازشێک دەکات بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان

18-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا ئامادەی سازشی گەورەیە بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان. ترەمپ هێرشێکی نوێی بۆسەر ژێردەریاییەکی گوێزەرەوەی مادە هۆشبەرەکان پشتڕاست کردەوە.
 
واشنتن، مادورۆ بە سەرۆکایەتیکردنی باندی مادە هۆشبەرەکان تۆمەتباردەکات و فڕۆکەی جەنگی و کەشتیی هێزی دەریایی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بڵاوکردووەتەوە. ترەمپ دەڵێ، ئەو هەنگاوەی بە مەبەستی رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر. 
 
کاتێک لە کۆشکی سپی پرسیاری لێکرا سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کاراکاس پلانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان پێشکێش کردووە، ترەمپ گوتی، "ئەو هەموو شتێکی پێشکێش کردووە، راست دەکەی. دەزانی بۆچی؟ چونکە نایەوێ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا تێکیبدات."
 
مادورۆ لە چەند هەفتەی رابردوودا رایگەیاندووە: "واشنتن پیلانی گۆڕینی رژێم دادەڕێژێت."
 
رۆژی پێنجشەممە دێڵسی رۆدریگێز، جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا ئەو راپۆرتەی میدیای ئەمریکای رەتکردەوە کە گوایە لەگەڵ واشنتن دانوستاندنی لەسەر پلانێک کردووە بۆ دوورخستنەوەی مادورۆ لە دەسەڵات.
 
ڤەنزوێلا بە سەرچاوەی هەندێک لەو بەلەمانە دادەنرێ کە لە مانگی ئەیلوولەوە لە هەڵمەتێکی بێوێنەی هێرشەکانی ئەمریکادا لە دەریای کاریبی کراونەتە ئامانج.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، چەند کەسێک لە دوایین هێرشی ئەمریکادا رزگاربوون و "ئێستا لە دەستی هێزە ئەمریکییەکانن."
 
ترەمپ رایگەیاند، ئامانجەکە "ژێردەریاییەکی هەڵگری مادەی هۆشبەر بوو کە بە تایبەتی بۆ گواستنەوەی بڕێکی زۆری مادە هۆشبەرەکان دروستکراوە." سەرۆکی ئەمریکا نەیگوت ژێردەریاییەکە لە کام وڵاتەوە چووە.
 
واشنتن دەڵێ، هەڵمەتەکەی کاریبی گورزێکی کوشندە لە بازرگانیکردنی مادە هۆشبەرەکان دەدات، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی پێشکەش نەکرد کە ئەو کەسانەی کوژراون، کە تاوەکو ئێستا بەلایەنی کەمەوە 27 کەسن، بازرگانی مادەی هۆشبەر بووبن. 
 
هەڵمەتەکەی ئەمریکا هەندێک لە دراوسێکانی ڤەنزوێلایشی تێوەگلاندووە. پۆلیسی ترینیداد و تۆباگۆ لێکۆڵینەوە لەوە دەکات ئایا دوو لە هاووڵاتییانی لە هێرشێکی رۆژی چوارشەممەدا کوژراون یان نا. هەروەها گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیاش دەڵێت، پێیوایە هاووڵاتییانی کۆڵۆمبیش لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
 
ترەمپ هەفتەی رابردوو رایگەیاند، پلانی هەیە ئۆپەراسیۆنەکان دژی ڤەنزوێلا چڕتر بکاتەوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، رێگەی بە ئۆپەراسیۆنی نهێنیی سی ئای ئەی دژی ڤەنزوێلا داوە و بیری لە هێرشکردنە سەر ئامانجە زەوینییەکانیش کردووەتەوە.
 
لە وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکادا، ڤەنزوێلا 17 هەزار سەربازی رەوانەی ویلایەتی تاچیرا کردووە کە هاوسنوورە لەگەڵ کۆڵۆمبیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.