پاکستان و ئەفغانستان لە قەتەر کۆدەبنەوە

18-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی پاکستان لەگەڵ هاوتا ئەفغانییەکانیان لە قەتەر کۆدەبنەوە، ئەوەش رۆژێک دوای ئەوەی ئیسلامئاباد هێرشی ئاسمانیی کردە سەر دراوسێکەی، لانیکەم 10 کەسی کوشت و ئەو ئاگربەستەی شکاند کە دوو رۆژ ئارامیی بۆ سنوور گەڕاندبووەوە.
 
رۆژی شەممە 18-10-2025 میدیای فەرمیی پاکستان بڵاویکردەوە، "خواجە ئاسیف، وەزیری بەرگری و ژەنەراڵ عاسم مەلیک، سەرۆکی هەواڵگری، ئەمڕۆ بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تاڵیبانی ئەفغانستان، بەرەو دەوحە بەڕێدەکەون."
 
بەرپرسێکی حکومەتی ئەفغانستانیش پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆکان دەکرێن. زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، "شاندێکی باڵای میرنشینی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی محەممەد یەعقوب، وەزیری بەرگری، ئەمڕۆ بەرەو دەوحە بەڕێکەوت."
 
ئاگربەستە 48 کاژێرییەکە کۆتایی بە نزیکەی هەفتەیەک لە پێکدادانی خوێناویی سەر سنوور هێنابوو کە تێیدا دەیان سەرباز و هاووڵاتیی سڤیل لە هەردوولا کوژران.
 
بەڵام درەنگانی رۆژی هەینی، ئەفغانستان پاکستانی بە شکاندنی ئاگربەستەکە تۆمەتبارکرد. بەرپرسێکی باڵای کابوول کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ گوتی: "پاکستان ئاگربەستەکەی شکاندووە و سێ شوێنی لە پارێزگەی پاکتیکا بۆردوومان کردووە. ئەفغانستان وەڵامی دەبێت".
 
بەرپرسێکی نەخۆشخانەی پارێزگاکە رایگەیاند، لە هێرشەکاندا 10 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و 12ـی دیکەش برینداربوون و ئاماژەی بەوەشکرد، دوو منداڵ لەنێو کوژراوەکاندان. 
 
دەستەی کریکێتی ئەفغانستان رایگەیاند، سێ یاریزان کە بۆ پاڵەوانێتییەکی نێوخۆیی لە ناوچەکە بوون، کوژراون.
 
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی پاکستان گوتی، هێزەکانیان "هێرشی ئاسمانیی وردیان" لە ناوچە سنوورییەکانی ئەفغانستان ئەنجام داوە و گرووپی (حافز گوڵ بەهادوور)ـیان کردووەتە ئامانج، کە گرووپێکی سەر بە تەحریکی تاڵیبانی پاکستانە. 
 
ئیسلامئاباد رایگەیاند، هەمان گرووپ لە هێرشێکی خۆکوژی و چەکداری دوێنێ بۆسەر کەمپێکی سەربازی لە ناوچەی وەزیرستانی باکوور تێوەگلاوە، کە بووە هۆی کوژرانی حەوت سەربازی پاکستانی.
 
کێشە ئەمنییەکان هۆکاری سەرەکی کێشەکانن. پاکستان، ئەفغانستان بە داڵدەدانی گرووپە چەکدارەکان لە خاکەکەی تۆمەتبار دەکات؛ تۆمەتێک کە کابوول رەتیدەکاتەوە.
 
خواجە محەممەد ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان، کابوولی بەوە تۆمەتبار کرد کە وەک "وەکالەت بۆ هیندستان" کاردەکات و "پیلان" دژی پاکستان دادەڕێژێت.
 
ئاسیف لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسی، "لەمەودوا، ناڕەزایەتییەکان چیدیکە وەک بانگەواز بۆ ئاشتی ناکرێن و شاند بۆ کابوول نانێردرێ. هەر شوێنێک سەرچاوەی تیرۆر بێ، دەبێ باجێکی قورس بدات."
 
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، فەرمان بە هێزەکانیان کراوە هێرش نەکەن، مەگەر هێزەکانی پاکستان یەکەمجار تەقە بکەن. موجاهید لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی: "ئەگەر ئەوان دەستپێشخەری بکەن، ئەوا ئێوە هەموو مافێکتان هەیە بەرگری لە وڵاتەکەتان بکەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە