رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان دوایین ڤیدیۆی پشتڕاستراوەی شەڕی سوودان بڵاودەکاتەوە. بەرپرسێکی باڵای رێکخراوەکە نیشانیدەدات کە گەیشتووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین ناوچەکانی سوودان - دارفۆر- و بارودۆخۆکەی بەچاوی خۆی بینیووە.
تۆم فلێچەر، رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "لێرە لە کۆما لە دارفۆر زۆر لە فاشر نزیکین کە سەنتەری نامرۆڤانەی ئەم شەڕە بووە".
بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوودان بە ڤیدیۆیەک روونیکردەوە، شەڕی ناوخۆی ئەم وڵاتە زۆرینە موسڵمانە چی بەسەر منداڵان هێناوە.
تۆم فلێچەر ئاماژەی بەوە دا، "ئەمە قەیرانێکە زۆرترین زیان بە منداڵان دەگەیێنێت. یەک لەسەر پێنجی ئەوانەی لە فاشر کوژراون منداڵ بوون. زۆر منداڵم بینی خوشک و برا بچووکترەکانیان دەگواستەوە تاوەکو بیانگەیێننە شوێنێکی سەلامەت، بەنێو کۆمەڵێک منداڵ دا تێپەڕیم کە لە دەرەوەی ئەو شوێنەی ئێمە تێیدا دەماینەوە قسەیان دەکرد و پێدەکەنین. دڵخۆش دیاربوون. سەرنجمدا یەکێک لە منداڵەکان درێسێکی تۆپی پێی ئینگلیزی لەبەربوو، درێسێکی مانچستەر سیتی لەبەردابوو. من تەنیا ویستم ئاماژە بە لۆگۆی سەر درێسەکە بکەم، بەڵام ئەو منداڵە خێرا لە ترسا لێم دوورکەوتەوە. ئەم منداڵانە بە زۆر شت دا تێپەڕیوون".
بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دا دانی پێدادەنێت کە لە شەڕێکی هێندە ئاڵۆزدا، قورسە بتوانین لە ژمارەکان دڵنیابین.
رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئاماری شەڕەکە بە رووداوی گوت، "پرسیارێکی گونجاوە. پێموایە هیچ کەسێک ناتوانێت بە دڵنیاییەوە بڵێت چەند کەس کوژراون و چەندیش ئاوارە بوون، تەنیا ئەوەندە دەتوانم بڵێم کە هەموو ئەوانەی لە ناوچەی تەویەلا قسەم لەگەڵ کردن خزمێکی نزیکیان لەدەست دابوو، بۆیە روونە کە ژمارەکان زۆر گەورەن".
لە ڤیدیۆکەی UN دا، هەندێک کۆمەکی ئەمریکا دەردەکەوێت کە گەیشتووەتە ئەو وڵاتەی دوو ساڵە شەڕ یەخەی گرتووە و بەهۆیەوە سەدان هەزار کەس کوژراون. ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رۆژی دووشەممە لە واشنتن قەیرانی سوودانی بە گەورەترین قەیرانی مرۆیی جیهان وەسفکرد.
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە دا، "سوودان، گەورەترین قەیرانی مرۆییە لە جیهان دا، برسێتی بووەتە چەک. برسێتی بڵاوبووەتەوە لەکاتێکدا لایەنەکان خۆراک وەک تاکتیکێکی جەنگ بەکاردەهێنن، هەموو لایەنەکان و، جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە، هەموو لایەنەکانی شەڕەکە، دەبێت رێگەبدەن بە خێرا و سەلامەتی و بێ بەربەست هاوکارییە مرۆییەکان بگەیێننە سەرانسەری سوودان و ئاسانکاری بۆ بکەن."
لە وەڵامی رووداو دا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، جەنگەکانی دیکەی وەکو غەززە هۆکاربوون تاوەکو جیهان سوودانی بیرنەبێت.
جولیوس مادا بایۆ، سەرۆکی سیرایلۆن بە رووداوی گوت، "درەنگ بەدەست بێت باشترە لەوەی هەرگیز بەدەست نەیەت. ئێستا سەرنجی نوێ دەبینین، لەوانەیە بەهۆی ئەوەبێت کە چەکەکان لە غەززە خەریکە بێدەنگ دەبن. ئێمە لە ئەفریقا دڵخۆشین سەرنجی زیاتری پێدەدرێت. هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەین کە زیاتر سەرنجبدات. ئاوارەبوونی نێوخۆیی زیاتر لە 12 ملیۆن کەس و رۆیشتنی نزیکەی چوار ملیۆن کەسی دیکە بۆ وڵاتانی دەورووبەر دەریدەخەن کە ئەمە تەنیا ئاڵنگاری بۆ سوودان دروست نەکات، بەڵکو کێشەیە بۆ وڵاتانی دراوسێشی دروست دەکات."
بەرپرسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کرد، لەم هەفتەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو لایەنی شەڕەکە، گرووپی چەکداری هێزەکانی خێرای سوودان، ناسراو بە RSF و سوپای سوودان، گفتوگۆی کردووە تاوەکو رێگە بە رێکخراوەکەیان بدەن هاوکاری بگەیێنێتە خەڵکی. بەرپرسەکە داوای زیادکردنی ستافی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی لە وڵاتەکە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ