رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، فڕۆکەی جەنگیی F-35 بە سعودیە دەفرۆشێت و ستایشی شانشینەکەی کرد بۆ ئەو هاوپەیمانییە بەهێزەی لەگەڵ ئەمریکادا هەیەتی.
راگەیاندنەکە لە کاتێکدایە ترەمپ بە "ئومێدێکی زۆرەوە" هەوڵ بۆ رازیکردنی سعودیە دەدات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.
راگەیاندنەکەی ترەمپ رۆژی دووشەممە، لە سەروبەندی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی شازادەی جێنشینی سعودیە، محەممەد بن سەلمان هات بۆ واشنتن، کە یەکەم سەردانییەتی بۆ ئەمریکا لە ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵدا.
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا فڕۆکەکان بە سعودیە دەفرۆشێت، ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "پێتان دەڵێم کە ئەو کارە دەکەین. ئێمە فڕۆکەی F-35 دەفرۆشین."
پێشبینی دەکرێت شازادەی جێنشین بە لیستێک لە داواکارییەوە بچێتە کۆشکی سپی. یەکێک لەوانە گەرەنتیی فەرمی ترەمپە بۆ دیاریکردنی ئەرکی سەربازیی ئەمریکا بۆ پاراستنی سعودیە و رێککەوتنێک بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگیی F-35ی ئەمریکی، کە یەکێکە لە پێشکەوتووترین فڕۆکەکانی جیهان.
ترەمپ لەبارەی سعودیيەکانەوە گوتی: "ئەوان هاوپەیمانێکی گەورەن."
سەرەڕای ئەوەش، ئیدارەی ئەمریکا هێشتا نیگەرانە لە تێکدانی باڵادەستیی سەربازیی ئیسرائیل بەرامبەر بە دراوسێکانی، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ترەمپ بۆ سەرکەوتنی پلانی ئاشتیی غەززە پشتی بە ئیسرائیل بەستووە.
نیگەرانییەکی دیکەی درێژخایەن، کە پێشتریش بووە رێگر لە فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە بە ئیمارات، ئەوەیە کە تەکنەلۆجیای F-35 رەنگە لەلایەن چینەوە بدزرێت یان بە جۆرێک بگوازرێتەوە بۆی، کە پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئیمارات و سعودیەدا هەیە.
ترەمپ پێیوایە فراوانکردنی "رێککەوتنەکانی ئەبراهام" کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لە نێوان چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئیسرائیل، کلیلی سەقامگیریی درێژخایەنە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە کاتێکدا ئاگربەستە ناسکەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە بەردەوامە.
ترەمپ رۆژی هەینی لەنێو فڕۆکەی "ئێرفۆرس وەن"دا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "هیوادارم سعودیە بەم زووانە بچێتە نێو رێککەوتننامەکانی ئەبراهامەوە."
سەرەڕای گەشبینییەکەی ترەمپ، هەڵسەنگاندنە ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە رێککەوتنێکی نزیک ئەستەمە.
سعودییەکان روونیانکردووەتەوە کە رێگەیەکی گەرەنتیکراو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی مەرجێکی سەرەکییە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە لەلایەن شانشینەکەوە، شتێک کە ئیسرائیل بە تووندی دژایەتیی دەکات.
بەگوتەی سێ بەرپرسی ئیدارەی ترەمپ، بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناویان قسەیان بۆ ئەسۆشیەتد پرێس کردووە، ئەگەری نییە سعودیە بەمزووانە رێککەوتنەکە واژۆ بکات، بەڵام گەشبینییەک هەیە کە رێککەوتنێک تاوەکو کۆتایی خولی دووەمی ترەمپ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ