رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا دەستپێشخەرییەکی نوێیان بە ناوی (فیفا پاس) راگەیاند، کە رێگە بە هاووڵاتییانی بیانی دەدات خێراتر ڤیزەی ئەمریکا وەربگرن بۆ ئامادەبوون لە مۆندیالی 2026. ترەمپ رایگەیاند، "فرۆشتنی بلیتی پێشوەختە ریکۆردی شکاندووە."
دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا کرد و گوتی، "ئەمە یەکێکە لە گەورەترین پیاوەکانی وەرزش."
ترەمپ لەبارەی ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزە رایگەیاند: "پێش ئەوەی دەستبەکاربم، زۆرجار ساڵێکی پێدەچوو تاوەکو ڤیزەی گەشت وەربگری، بەڵام ئێستا بەهۆی کاری رژدی ئیدارەکەمەوە، کاتی چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی ڤیزە 60 رۆژ یان کەمترە. بۆ ئەوانەی نیازیان هەیە لە مۆندیالدا بەشداربن، هانیان دەدەم راستەوخۆ داواکاری پێشکێش بکەن."
ئیدارەی ترەمپ دەستپێشخەرییەکی نوێ رادەگەیێنێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی وڵاتان کە بۆ مۆندیالی ساڵی داهاتوو گەشتی ئەمریکا دەکەن. دەستپێشخەرییەکە رێگەیان پێدەدات خێراتر چاوپێکەوتنی ڤیزە بەدەستبهێنن.
سەرۆکی فیفا رایگەیاند: "ئەگەر بلیتێکت بۆ مۆندیال هەبێت، دەتوانی زووتر وادەی چاوپێکەوتنی وەرگری؛ ئەمریکا پێشوازی لە جیهان دەکات. پێشبینی دەکەین لەنێوان 5 بۆ 10 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهانەوە بێنە ئەمریکا بۆ چێژوەرگرتن لە مۆندیال."
ترەمپ ستایشی ئینفانتینۆی کرد و گوتی: "کاریگەری، کەسایەتی، بەهرە و زیرەکییەکی بێوێنەی هەیە."
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەکە زیاتر لە 400 کارمەندی زیادەی لە سەرتاسەری جیهان بڵاوکردووەتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ داواکاریی ڤیزە و لە نزیکەی 80٪ی جیهاندا گەشتیاران دەتوانن لە 60 رۆژدا چاوپێکەوتنی ڤیزە بەدەستبهێنن.
جامی جیهانیی داهاتوو لە 11ـی حوزەیران بۆ 19ـی تەممووزی 2026 بەڕێوەدەچێ. یارییەکان بە هاوبەشی لە هەریەک لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا دەکرێن. 48 هەڵبژاردە لە شەش کۆنفیدراسیۆنی جیاواز بەشداری دەکەن؛ یارییەکان لە 16 شار و 16 یاریگە بەڕێوەدەچن.
ئەمە یەکەمجارە سێ وڵات میوانداری جامی جیهانی بکەن. دوایین جار ئەمریکا لە 1994 میوانداریی جامی جیهانی کرد کە تێیدا بەرازیل جامە زێڕینەکەی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ