رووداو دیجیتاڵ
لە بانگەشەیەکی هەڵبژاردندا دۆناڵد ترەمپ هێرشی تووندی کردە سەر سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و بە "گەمژە و پەککەوتوو" ناوی برد و گوتی، "هەموو جیهان بە ئەمریکا پێدەکەنن و وادەزانن بایدن گەمژەیە."
رۆژی یەکشەممە 17-12-2023، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری بەهێزی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمریکا لە شاری رینۆی ویلایەتی نیڤادا بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە لایەنگرانی، بانگەشەی هەڵبژاردنی کرد.
ترەمپ لە قسەکانیدا هێرشی کردە سەر بایدن و بە "پەککەوتە" ناوی برد و گوتی، "ئەو سەرۆکێکی زۆر خراپە". ترەمپ بە لایەنگرانی گوت، "هەڵاوسان لە وڵات بەشێوەیەکی نائاسایی بەرزبووەتەوە و بایدن خەریکە گیرفانەکانتان بەتاڵ دەکات؛ خەونەکانتان دەکوژێت و خەڵکی دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر دەکات."
ترەمپ داوای لە ئەندام و لایەنگرانی کۆمارییەکان کرد لە هەڵبژاردنی بەربژێری پارتەکەیدا پشتیوان بن کە لە 8-2-2024 لە نیڤادا دەکرێت.
"جیهان بە ئەمریکا پێدەکەنێت"
ترەمپ رەخنەی لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گرت و گوتی، هەموو جیهان بە ئەمریکا پێدەکەنێت و ئەمەش بەهۆی لاوازیی بایدنەوەیە و رایگەیاند، "بەڵام ئەوە پێکەنین نییە بە ئەمریکا، بەڵکو پێکەنینە بە بایدن و وادەزانن سەرۆکەکەی ئێمە گەمژەیە."
بەشێکی دیکەی قسەکانی ترەمپ لەبارەی ژمارەی کۆچبەران بوو و گوتی، "لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیدارەی بایدن، ئەوان [کۆچبەرەکان] شارەکان داگیردەکەن. وڵاتەکەمان هیچ کات هێندەی ئێستا کۆچبەری بۆ نەهاتووە."
رۆژی شەممەش لە بانگەشەیەکی جیادا لە ویلایەتی نیو هامشێر، ترەمپی 77 ساڵ گوتی، "ئیدارەی بایدن رێگە بە 15 بۆ 16 ملیۆن کۆچبەر دەدات بێنە نێو وڵاتەکەوە بێ ئەوەی کەس لێیان بپێچێتەوە. بۆیە ئێمە کاری زۆرمان لەپێشە."
بەربژێرە سەرسەختەکەی بایدن پێی وایە نەک تەنیا لە ئەمریکای لاتینەوە، بەڵکو ساڵانە لە ئەفریقا و ئاسیاوە کۆچبەرێکی زۆر دەچنە نێو ئەمریکا. ترەمپ رایگەیاند، "گەورەترین ئۆپەراسیۆنی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران دەستپێدەکەین." ئەو مژدەی ئەوەی بە لایەنگرانی دا کە ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتوو بباتەوە، "هەموویان دەنێرنەوە و لە ئەمریکا دەریان دەکەن."
"سەربازەکان دەگەڕێنینەوە"
لێدوانە تووندەکانی ترەمپ بەردەوام بوون و رایگەیاند، "هەزاران سەربازمان هەن کە لە هەندێک وڵاتن، ئەوە لە کاتێکدایە ئەو وڵاتانە ئێمەیان خۆش ناوێت. ئێمە نابێت لەوێ بین؛ سەرەتا دەبێت سنوورەکانی خۆمان بپارێزین و بەرگری لە سنوورەکانی خۆمان بکەین."
دۆناڵد ترەمپ یەکێکە لەو سەرۆکانەی کە هەمیشە دژی کۆچبەران بووە و لەکاتی سەرۆکایەتییەکەیدا هەوڵیدا دیوارێکی گەورە لەگەڵ سنووری مەکسیک دروستبکات. لە نیو هامشێر ترەمپ باسی لە دروستکردنی دیوارەکە کردەوە و گوتی، "دیواری زیاتر و بەهێزتر دروستدەکەین."
راپرسییەکان دەریدەخەن ترەمپ بە جیاوازییەکی گەورە لە پێش هەموو هاوپارتەکانییەوەیەتی کە دەبێت ئەندامانی پارتەکە لە هەڵبژاردنی نێوخۆی پارتەکەیاندا یەکێکیان هەڵبژێرن بۆ ئەوەی لە تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوودا بە ئەگەرێکی زۆرەوە رووبەڕووی جۆ بایدنی بەربژێری دیموکراتەکان بێتەوە.
ترەمپ گوتی، "هەڵبژاردنی سەرەتایی نیو هامشێر دەبەینەوە و دواتر لە تشرینی یەکەمی ساڵی داهاتوودا جۆ بایدنی پەککەوتوو دەبەزێنین."
هەرچی لەبارەی کێبڕکێی نێوان ترەمپ و بایدنە، نوێترین راپرسی کە لە 14-12-2023 کراوە دەریدەخات کە ترەمپ ٪47.2ـی دەنگەکان و بایدنیش ٪44.1 بەدەستدەهێنێت.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024ی ئەمریکا، 60ـەم هەڵبژاردنە لە مێژووی ئەو وڵاتە. وا بڕیارە رۆژی سێشەممە 5-11-2024 بەڕێوەبچێت و رۆژی 20-1-2025 سەرۆکی نوێی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ