رووداو دیجیتاڵ
عەبدولفەتاح سیسی بۆ جاری سێیەم بە سەرۆکی میسر هەڵبژێردرایەوە، دەستەی نیشتیمانیی هەڵبژاردنی میسریش لە پەیامێکی تەلەفزیۆنییدا رایگەیاند، ٪89.6ـی دەنگدەرانی هەڵبژاردنی سەرۆکی میسر، دەنگیان بە سیسی داوە.
رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، دەستەی نیشتیمانیی هەڵبژاردنی میسر رایگەیاند، عەبدولفەتاح سیسی، بۆ جاری سێیەم بە سەرۆکی میسر هەڵبژێردرایەوە و بۆ ماوەی شەش ساڵی داهاتوو تاوەکو 2030 سەرۆکی ئەو وڵاتە دەبێت.
حازم بەدەوی، سەرۆکی دەستەی نیشتیمانیی هەڵبژاردنی میسر رایگەیاند، سەرۆک سیسی بە ٪89.6ـی دەنگی 44.2 ملیۆن کەس هەڵبژێردرا.
عەبدولفەتاح سیسی ناسراو بە ژەنەراڵ سیسی، لەدایکبووی 1954ـە، شەشەم سەرۆک کۆماری میسرە. سیسی لە 3-7-2013 کودەتای بەسەر محەممەد مورسی، سەرۆکی پێشووی میسر کرد و توانی لەسەر کار لایبدات و لە 8-6-2014 ببێتە سەرۆکی میسر. ئەو لە 12-8-2012 بۆ 26-3-2014 وەزیری بەرگری بوو. لە هەمانکاتدا، لە 16-7-2013 بۆ 26-3-2014 وەک جێگری سەرۆکوەزیران کاری کردووە.
سیسیی تەمەن 69 ساڵ لە 1977 لەگەڵ ئینتیسار ئەمیر هاوسەرگیریی کردووە و چوار منداڵیان هەیە، مەحموود سیسیی کوڕی جێگری سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری گشتیی میسرە.
میسر وڵاتێکی عەرەبیی کیشوەری ئەفریقایە و دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی 'کیشوەری رەش'. قاهیرە پایتەختەکەیەتی و زیاتر لە 100 ملیۆن دانیشتووی هەیە. ٪85ـی دانیشتووان موسڵمان و ٪15ـش کریستیانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ