کۆمپانیایەکی نەوتیی جیهانی بڕیاریدا کەشتییەکانی لە دەریای سوور رابگرێت

18-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای بی پی تایبەت بە نەوت رایگەیاند، هەموو گەشتە ئاوییەکانی لە دەریای سوور راگرتووە. ئەم بڕیارەی کۆمپانیا بەریتانییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حووسییەکان ماوەیەکە هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتیانەی بەو دەریایەدا هاتووچۆ دەکەن، بە تایبەت رێڕەوی بابولمەندەب.
 
رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، گەورە کۆمپانیای نەوتی بەریتانی بی پی، بڕیاریدا گەشتی هەموو کەشتییەکانی لە دەریای سوور رابگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی حووسییەکان زنجیرە هێرشێکیان کردە سەر چەند کەشتییەکی رێڕەوی بابولمەندەب لە دەریای سوور.
 
هەروەک لە بڵاوکراوەکەی کۆمپانیای بی پی هاتووە، "بڕیارەکە بەهۆی ئەو دۆخە خراپەی ئاسایشی دەریایی ناوچەکە دراوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە هاتووە: "سەلامەتی و ئاسایشی کارمەندان و ئەوانەی کارمان بۆ دەکەن کاری لە پێشینەی ئێمەن."
 
کۆمپانیاکە ئەوەشی ئاشکراکردووە بڕیارەکە بۆ ماوەیەکی کاتییە و تاوەکو کاتێکی نادیارە.
 
کۆمپانیای بی پی یان بریتش پێترۆڵیۆم، بارەگای سەرەکی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە و تەمەنی کۆمپانیاکە 114 ساڵە. داهاتی ساڵی 2023ـی کۆمپانیاکە 230.8 ملیار دۆلار بوو و لە ساڵی 2022ـش 248.8 ملیار دۆلاری قازانجی کردووە. 
 
کۆمپانیاکە جگە لە بەریتانیا، لقی لە هەریەک لە ئەمریکا، میسر، ئەنگۆلا، چین، هیندستان، ئیندۆنیزیا، عێراق، عومان، ئوسترالیا، ئازەربایجان، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، نەرویج، فەرەنسا، سویسرا، ئیتاڵیا، نەمسا، پۆڵاند، یۆنان، تورکیا، کەنەدا، سەنگاپۆر و بەرازیلدا هەیە.
 
ئەمە یەکەم کۆمپانیا نییە ئەو بڕیارە بدات؛ درەنگی شەوی هەینی، 15-12-2023، دوو گەورە کۆمپانیای بازرگانیی کەشتی لە جیهان بە ناوەکانی مایەرسک (Maersk) و هاپاگ لۆید  (Hapag-Lloyd) بڵاویانکردەوە، "بەهۆی گرژییەکانی حووسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور، گەشتی کەشتییەکانیان وەستاندووە." ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی 14-12-2023 حووسییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی ئەڵمانی و دانیمارکی راگەیاند.
 
گرووپی حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێن، بەشێکی گەورەی یەمەنیان بەدەستەوەیە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دانیان پێدانەنراوە، رایانگەیاندووە، ئەوان وەک گوشارێک لەسەر ئیسرائیل کە شەڕ دژی فەلەستینییەکان دەکات، هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییانەی سەر بە ئیسرائیلن یان بۆ ئیسرائیل دەڕۆن.
 
هاپاگ لۆید (Hapag-Lloyd)ـی ئەڵمانی بڵاویکردەوە: "تاوەکو 18-12-2023 هەموو گەشت و هاتووچۆ ئاوییەکانمان لە دەریای سوور رادەگرین."
 
بڵاوکراوەکەی ئەو کۆمپانیا ئەڵمانییە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ هێرشکرایە سەر کەشتییەکیان لە دەریای سوور.
 
لەلایەکی دیکەوە، چەند کاژێرێک پێش بڵاوکراوەکەی کۆمپانیای هاپاگ، کۆمپانیای مایەرسک (Maersk)ـی دانیمارکی لە راگەیێندراوێکی هاوشێوەدا راگرتنی گەشتە ئاوییەکانی لە دەریای سوور راگەیاند.
 
هەروەک لە بڵاوکراوەی کۆمپانیاکە هاتووە: "رێنماییمان بە هەموو کەشتییەکانی مایەرسک داوە، کە بڕیارە بە رێڕەوی بابولمەندەبدا تێپەڕن، گەشتەکانیان تاوەکو کاتێکی نادیار رابگرن."
 
کۆمپانیای مایەرسکیش راگرتنی گەشتەکانی بۆ هێرشەکانی ئەم دواییانە و بە تایبەت هێرشەکەی 14-12 گەڕاندەوە کە کەشتییەکیان کرا ئامانج.
 
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان هێرشی سەر کەشتییە دانیمارکییەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "بە درۆن و بەشێوەیەکی راستەوخۆ کەشتیی مایەرسک گیبراڵتارمان کردە ئامانج."
 
لەوبارەوە بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند: "هێرشەکە شکستخواردوو بووە."
 
لەبارەی هۆکاری هێرشکردنە سەر کەشتییەکە، گوتەبێژە یەمەنییەکە گوتی، "هێرشەکە بەهۆی ئەوەوە بووە کە ستافی سەر کەشتییەکە وەڵامی پەیوەندییەکانی خزمەتگوزاریی دەریایی یەمەنیان نەداوەتەوە." یەحیا سەریع هەروەها گوتی: "ئەمە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بوو بۆ چەوساندنەوەی گەلی فەلەستین."
 
هەرچی لەبارەی هێرشی سەر کەشتییەکەی کۆمانیای هاپاگە، رۆژی هەینی 15ـی کانوونی یەکەمی 2023، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "ئاگاداری ئەوەین کە لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانەوە لە یەمەن هێرشکراوەتە سەر کەشتییەک لە دەریای سوور و کەشتییەکە ئاگری گرتووە."
 
کۆمپانیای Hapag-Lloyd کە خاوەندارییەتی کەشتییەکە دەکات لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کەشتییەکە لە بەندەری پیرایوس لە یۆنانەوە بەرەو سەنگاپوور بەڕێکەوتووە و لە رێگەدا هێرشی کراوەتەسەر.  کۆمپانیاکە ئەوەشی ئاشکراکرد کە هیچ زیانێکی گیانی لەو هێرشەدا نەبووە.
 
بەرپرسێکی ناونەهێنراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو کەشتییەی هێرشی کراوەتە سەر ناوی "جەسرە" بووە و 368 مەتر درێژ بووە و ئاڵای لیبێریای لەسەربووە.
 
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "هێرشی سەر کەشتیی جەسرە بە درۆن بووە و بە سەرکەوتوویی ئاگرەکەی کوژێندراوەتەوە."
 
چەند کاژێرێک دوای ئەو رووداوە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی گرووپی حووسییەکانی یەمەن لە سەنعای پایتەختەوە لە پەیامێکی تەلەفزیۆنییدا دوو هێرشی دیکەی راگەیاند، "بە مووشەک هێرشکرایە سەر هەردوو کەشتیی ئێم ئێس سی پالاتیوم و ئێم ئێس سی ئالانیا کە بەرەو ئیسرائیل دەڕۆشتن."
 
سێنتکۆم هێرشی سەر کەشتیی ئالانیا و پالاتیومی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، تەنیا پالاتیوم مووشەکی بەرکەوتووە.
 
هێرشی حووسییەکان نیگەرانییەکی زۆری لە بەشێکی وڵاتانی رۆژئاوا دروستکردووە. رۆژی 14-12-2023 ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، "هێرشی حووسییەکان نەک تەنیا ئیسرائیل، بەڵکو ئاسایشی هەموو هاتووچۆ ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دەخاتە مەترسییەوە."
 
هاوکات، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لە تەلئەڤیڤی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەو چەکانەی کە حووسییەکان دەیتەقێنن، لەلایەن ئێرانەوە بۆیان دابینکراوە."
 
بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکی ، بەیانیی رۆژی شەممە، 16-12-2023، کەشتیی فرۆکەهەڵگری جۆری یو ئێس ئێس کارنی کە لە دەریای سوور جموجۆڵ دەکات، 14 هێرشی درۆنیی شكستپێهێناوە کە لەناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان ئاراستەکراون.
 
هاوکات، کەشتی جەنگیی بەریتانیی جۆری HMS Diamond كە بەمدواییانە گەیشتووەتە ناوچەکە، درۆنێکی حوسییەکانی خستە خوارەوە، ئەمەش یەکەمجارە بەریتانیا لە دەریای سوور لە وەڵامدانەوەی حوسییەکان تێوەدەگلێ لەوەتەی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەستی پێکردووە.
 
رۆژی 27-11-2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، پێنج کەسیان دەستگیرکردووە، کە چوونەتە سەر کەشییەکی ئیسرائیلی لە کەناراوەکانی یەمەن، بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو پێنج کەسە خەڵکی سۆماڵن.
 
هەروەها رۆژی 23-11-2023، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، کەشتیێکی ئەمریکی لە دەریای سوور بووە و ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێکشاندووە، کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە لەو ناوچانەی حووسییەکانی یەمەن کۆنترۆڵیان بەسەریانەوە هەیە، ئاراستەکراون.
 
رۆژی 9-12-2023 لە رێگەی پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە حووسییەکان بڵاویانکردەوە، "لە رێگریکردنی کەشتییەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبین ئەگەر رێگە بە خۆراک و دەرمان نەدرێت بۆ چوونە نێو غەززە."
 
یەکەم هێرشی ئاویی حووسییەکان دوای شەڕی غەززە رۆژی 19-11-2023 کاتێک بە هێلیکۆپتەر هێرشیان کردە سەر کەشتییەک بە ناوی "گالاکسی لیدەر" و بە 25 ستافەوە رفاندنیان.
 
ئەوکات، یەحیا سەریع هۆشداریدا، "هەموو کەشتییەکی ئیسرائیل یان سەر بە ئیسرائیل لە دەریای سوور دەبێتە ئامانجی شەرعیی هێزەکانی حووسی."
 
حووسییەکان، کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی مقاوەمە" دەزانن.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە