رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل دەستیان بە کۆبوونەوەیەکی 'چارەنووسساز' کرد. تەوەری سەرەکیی لووتکە دوو رۆژییەکە، یەکلاکردنەوەی چارەنووسی 247 ملیار دۆلار لە سامانە سڕکراوەکانی رووسیایە، بە ئامانجی دابینکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ ئۆکراینا لە دوو ساڵی داهاتوودا.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا، ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو پرسیاری ئاراستەی بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی ئەورووپا کرد سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا، پرسی کۆچ و هەروەها پەیامیان بۆ حکومەتی نوێی عێراق.
ماکرۆن: پشتگیریی سەروەریی عێراق دەکەین
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داواکارییەکانی فەرەنسا لە عێراق لە قۆناخی پێکهێنانی حکومەتی نوێدا، ئیمانوێل ماکرۆن بە رووداوی گوت، "پشتیوانیی خۆم بۆ گەلی عێراق دووپات دەکەمەوە. هەروەها هیواخوازی سەقامگیری و سەروەریی عێراقم. ئەوە ئەجێندای ئێمەیە."
سەبارەت بەوەی کە ئایا بەکارهێنانی سامانی بلۆککراوی رووسیا دوایین دەرفەتە بۆ ئۆکراینا؟ ماکرۆن ئاماژەی بەوەدا، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکراینا بەردەوامن.
ئیمانوێل ماکرۆن گوتی، "خواستی ئێمە لێرە لەم ئەنجوومەنەدا ئەوەیە پاکێجێکی دارایی پێشکێش بکەین بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیی زیاتر دابین بکەین."
چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەکانی ئەورووپا بڕیار لەسەر چارەنووسی 247 ملیار دۆلارە سڕکراوەکەی رووسیا بدەن، کە ئاخۆ دەکرێت لە دوو ساڵی داهاتوودا وەک پاڵپشتیی دارایی بدرێتە ئۆکراینا."
ماکرۆن گەشبینیی خۆی نیشاندا و گوتی، "زۆر گرنگە کە بگەینە رێککەوتنێکی گونجاو، منیش دڵنیام کە دەگەینە رێککەوتن."
سەرۆکی فەرەنسا، هەڵوێستی یەکگرتووی ئەورووپای دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "هەڵوێستی ئەورووپییەکان زۆر روونە. ئێمە لە هەوڵەکانی جەنگدا پشتیوانیی ئۆکراینا دەکەین." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "دەمانەوێت بەرچاوڕوونی بدەین بە ئۆکراینا، هەروەها پشتیوانیی ئاشتییەکی پتەو و بەهێز دەکەین. هەر بۆیەش بەیەکەوە بەدواداچوون بۆ دانوستاندنەکان دەکەین و کاری هاوپەیمانێتییەکەش تەواو دەکەین."
ئەڵمانیا: سامانی رووسیا تاکە دەرفەتە
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، ئەوان لەبەردەم دوو رۆژی گرنگدان بۆ بڕیاردان لەسەر ئۆکراینا و رێککەوتنی بازرگانی.
سەبارەت بە پرسی ئۆکراینا، مێرتس هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ رووداو روونکردەوە و گوتی: "بە بڕوای من بەکارهێنانی سامانە بلۆککراوەکانی رووسیا تاکە دەرفەتە. لە بەردەمماندا بژاردەی قەرزی ئەورووپی یان سامانی رووسیا هەیە، هەڵوێستی منیش روونە کە دەبێت سامانی رووسیا بەکاربهێنین."
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، هەفتەیەکە بڕیاری کۆتایی لەبارەی بلۆککردنی پارەکە دراوە و رووسیا ناتوانێت دەستی پێی بگات، بۆیە باشترین رێگە ئەوەیە وەکو قەرزێک بۆ دوو ساڵی داهاتووی ئۆکراینا تەرخان بکرێت. گوتیشی: "هیوادارم بتوانین لەم یەکێتیی ئەورووپایەدا پێکەوە رێگەیەک بگرینەبەر کە ئاماژەیەکی بەهێز و بڕیاردەرانە بدەین بە رووسیا."
"بڕیاری گەورە لەبارەی پەیمانی کۆچ دراوە"
رۆبێرتا مێتسولا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە سیاسەتی کۆچ و پەنابەری یەکێتیی ئەورووپای خستەڕوو و رایگەیاند، بڕیاری گرنگ و گەورە لەبارەی پەیمانی نوێی کۆچ دراون.
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا گوتی، "ئێمە بڕیاری گەورەمان لەبارەی پەیمانی کۆچ داوە. لە ساڵی 2024، ئێمە زۆرینەیەکی گەورەمان بۆ بەشە جیاوازەکانی یاسای مافی پەنابەری بەدەستهێنا."
ئەم هەنگاوەی یەکێتییەکە دوای ساڵانێک لە دانوستان و ناکۆکی لەنێوان وڵاتانی ئەندام دێت، کە ئامانج لێی دروستکردنی سیستمێکی یەکگرتوو و کاراترە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەر و پەنابەران کە روو لە کیشوەرەکە دەکەن.
پەیمانە نوێیەکە چەندین رەهەندی یاسایی و کارگێڕی لەخۆدەگرێت، لەوانە؛ خێراترکردنی پرۆسەی پشکنینی داواکارییەکانی پەنابەری لەسەر سنوورەکان و میکانیزمێکی نوێ بۆ دابەشکردنی بەرپرسیارێتی لەنێوان وڵاتانی ئەندام.
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا ئاماژەی بە هەنگاوێکی کردەیی دیکە کرد و گوتی: "لە دوو رۆژی رابردوودا، رێککەوتنمان لەبارەی لیستی وڵاتی سێیەمی سەلامەت کردووە."
ئەم لیستە ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە یەکێتیی ئەورووپا بە شوێنێکی سەلامەت بۆ ناردنەوە یان پرۆسێسکردنی داواکاریی پەنابەرانیان دادەنێت. هاوکات، مێتسولا ئەوەشی روونکردەوە کە "گفتوگۆی بەردەوام لەبارەی چەمکی وڵاتی سێیەمی سەلامەت لە ئارادایە."
مێتسولا جەختی لەسەر رۆڵی کارای پەرلەمانی ئەورووپا کردەوە و ئاشکرای کرد کە "راسپاردەی بەهێز لە پەرلەمانی ئەورووپا لەسەر ئەم بابەتە دراون."
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا گەشبینی خۆی نیشاندا سەبارەت بە داهاتووی جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە و گوتی: "ئێمە دەبینین کە لە چەند مانگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا دەتوانین پێشکەوتنی راستەقینە لەبارەی گەڕاندنەوەکان [ئەوانەی داواکارییەکانیان رەتدەکرێتەوە] بەدەستبهێنین."
"رووسیا گرەو لەسەر شکستمان دەکات"
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە رووداوی گوت، "یەکێتیی ئەورووپا دەبێت یەکڕیزی و خۆڕاگریی خۆی لەبەرامبەر ستراتیژیەتی رووسیا بپارێزێت، کە پشتی بە ماندووکردنی رۆژئاوا بەستووە."
کالاس، جەختی لەوە کردەوە کە رووسیا هەوڵ دەدات وێنەیەکی وا دروست بکات کە گوایە توانای بەرگەگرتنی لە دۆخی ئێستادا زیاترە لە یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانەکانی. ئەو گوتی: "رووسیا دەیەوێت ئێمە بەجۆرێک بیربکەینەوە کە ئەوان دەتوانن زیاتر لە ئێمە بەرگە بگرن، لەبەر ئەوە گرنگە نیشانی بدەین کە وانییە."
بەرپرسە باڵاکەی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوەش کرد، "سەرەڕای ئەو بانگەشانەی مۆسکۆ دەیکات، ئابووریی رووسیا لەژێر کاریگەریی سزا نێودەوڵەتییەکان و تێچووی بەرزی شەڕی ئۆکراینادا رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە." کالاس روونیکردەوە: "ئاگەدارین کە ئابووریی رووسیا باش نییە، ئەوان بە روونی گرەو لەسەر شکستخواردنی ئێمە دەکەن، بۆیە نابێت ئەوەیان پێ بدەین."
137 ملیار یۆرۆ بۆ "ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە"
لەلایەکی دیکەوە، ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا بە روونی ژمارەکانی خستەڕوو. بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ئەوان و سندووقی دراوی جیهانی، ئۆکراینا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دارایی لە دوو ساڵی داهاتوودا پێویستی بە نزیکەی 137 ملیار یۆرۆیە.
ڤۆن دێرلاین گوتی: "ئێمە یەک ئامانجمان هەیە، ئەویش ئاشتییە بۆ ئۆکراینا، بەڵام ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە. ئێمە ئامادەین 90 ملیار یۆرۆ دابین بکەین کە دەکاتە دوو لەسەر سێی بڕە پارە پێویستەکە."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆیەکی چڕ لەنێوان ئەندامانی یەکێتییەکەدا دەکرێت بۆ ئەوەی بزانن پارەکە لە بودجەی یەکێتیی ئەورووپا دابین بکرێت یان لەڕێگەی قەرزێکەوە کە پشت بە سامانە سڕکراوەکانی رووسیا دەبەستێت.
"بەکارهێنانی سامانە سڕکراوەکان تاکە بژاردە نییە"
ئێڤیکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا دەبێت بە زووترین کات بگاتە بڕیارێک لەبارەی چۆنیەتیی پشتیوانیکردنی دارایی زیاتری ئۆکراینا، بەڵام جەختیشی کردەوە کە ئەمە "دوا دەرفەت نییە."
سیلینا ئاماژەی بەوەدا، "گفتوگۆکان لەبارەی بەکارهێنانی سەرمایە سڕکراوەکانی رووسیا بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا بەردەوامن، بەڵام ئەمە تاکە رێگەچارە نییە." ئەو بە رووداوی گوت، "سەرمایەکان [سەرمایە سڕکراوەکانی رووسیا] تاکە بژاردە نین، بەڵکو دڵنیایی هەیە کە دەکرێت [هاوکارییەکە] لە رێگەی قەرزێکەوە بێت."
سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا جەختی لەوە کردەوە، "هەر بڕیارێک لەم چوارچێوەیەدا پێویستی بە رەزامەندیی هەموو وڵاتانی ئەندامە. دەکرێت ئەمە وەکو بڕیارێکی گشتیی ئەورووپا بدرێت، بەڵام بۆ بڕیاردان پێویستی بە کۆدەنگی هەیە. بۆیە هێشتا نازانین و لەلایەن ئێمەوە هێشتا [رێککەوتن] نییە."
ئێڤیکا سیلینا، هۆکاری پەلەکردن لەم بڕیارەی گەڕاندەوە بۆ دۆخی مەیدانیی جەنگ و دوورکەوتنەوە لە ئاشتی لە داهاتوویەکی نزیکدا و گوتی: "پێموایە گرنگە بتوانین پشتیوانیی ئۆکراینا بکەین، چونکە دانوستاندنەکانی ئاشتی هەرچەندە بەردەوامن، بەڵام هێشتا لە ئایندەیەکی نزیکدا هیچ ئاشتییەک بەدی ناکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ