شەپۆلێکی بەفربارین ئەمریکای گرتووەتەوە؛ 45 کەس گیانیان لەدەستداوە

19-01-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
دیمەنی بەفربارین لە واشنتن دیسی.
دیمەنی بەفربارین لە واشنتن دیسی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەفر و سەرمای سەختی زستان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 45 کەس لە 9 ویلایەتی ئەمریکا، لە کاتێکدا سەرانسەری وڵاتەکە کەوتووەتە ژێر شەپۆلی تووندی بەفر و سەرماوە.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی، بەفر کارەبای هەزاران ماڵی بڕیوە؛ هەروەها هاتووچۆ و بەشێک لە فڕۆکەخانەکانیشی پەکخستووە.
 
هەر بەهۆی بەفرەوە، لە فڕۆکەخانەی شاری رۆچێستەری ویلایەتی نیویۆرک، فڕۆکەیەک لە کاتی نیشتنەوەیدا خلیسکا و لە رێڕەوەکەی دەرچوو؛ سەرنشینەکان هەموویان سەلامەت بوون. لە شاری فیلادیلفیای ویلایەتی پەنسیلڤانیاش رووداوێکی هاوشێوە روویدا.
 
 
بەگوێرەی فەرمانگەی تەندروستیی ویلایەتی تێنیسی، ئەم هەفتەیە لانیکەم 14 کەس لەو ویلایەتە بەهۆی کاریگەریی کەشە ساردەکەوە گیانیان لەدەستداوە. 
لە شاری ناشڤیڵی نێوەندی ویلایەتەکە، ئامێرەکانی شارەوانی 22.8 سەنتیمەتر بەفریان راماڵیوە کە ئەمە یەکەمین جارە لەو شارە هێندە بەفر ببارێت.
 
هەروەها شاری نیویۆرک، بۆ یەکەم جار لە دوای دوو ساڵ، بەفربارینێکی زۆری بەخۆیەوە بینی.
 
حاکمی ویلایەتی ئۆریگنیش باری لەناکاوی لە سەرانسەری ویلایەتەکە راگەیاند، دوای ئەوەی خەڵکی چەند ناوچەیەک بەهۆی دابەزینی لەڕادەبەری پلەی گەرماوە داوای بەهاناوەچوونیان کرد، کە ماوە حەوت رۆژە لەو دۆخەدان.
 
لە ناوچەی ویڵامێت ڤاڵیی ویلایەتیی ئۆریگن لە رۆژی شەممەوە هەزاران کەس بێ کارەبا ماونەتەوە، ئەوەش دوای دابەزینی پلەی گەرما بۆ خوار سفر. 

 

 
ئەم کەشە سەختە ماوەی دوو هەفتەیە بەشێکی گەورەی ئەمریکای گرتووەتەوە.
 
لەو 45 کەسەی گیانیان لەدەستداوە، سێ کەسیان لە شاری پۆرتلاندی ویلایەتی ئۆریگن بوون کە بەهۆی هاتنەخوارەوەی تەلێکی کارەبای تەزوو بەرزەوە گیانیان لەدەستدا. یەکێک لەوانە پیاوێک بوو، لە کاتی هاتنەدەرەوەی لە ئۆتۆمبێلەکەی، کە منداڵێکی ساوای لە ئامێز گرتبوو، خلیسکا و بەر تەلێکی کارەبا کەوت کە کەوتبووە سەر زەوی و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستدا. هەروەها خۆشەویستەکەی کە تەمەنی 21 ساڵ بوو، لەگەڵ برا 15 ساڵەکەی (برای کچەکە)، لە کاتی بەهاناوەچوونی پیاوەکە، بەر تەلەکەی کارەبا کەوتن و گیانیان لەدەستدا.
 
هەر لە شاری پۆرتلاند، بۆ چوارەم رۆژ لەسەر یەک، بەهۆی بەستنی رێگە و بانەوە قوتابخانەکان داخران. هەروەها فەرمانگە حکومییەکانیش کردیان بە پشوو.
 
لە شاری واشنتن دی سیی پایتەختیش، رۆژی هەینی بەفربارینێکی نەرم دەستیپێکرد و شەقامەکانی دەوروبەری کۆنگرێس و کۆشکی سپی چۆڵ بوون؛ هەروەها قوتابخانەکان بۆ دووەم جار لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا داخران و دەستپێکردنی کاری دامەزراوە حکومییەکانیش دوو کاژێر دواخرا، بەڵام جۆ بایدن هێشتا بەنیازە میوانداریی سەرۆکشارەوانییەکانی سەرانسەری وڵات بکات و دواتر بچێتە ماڵەکەی لە ویلایەتی دێلاوێر بۆ بەسەربردنی پشووی هەفتە. فەرمانگەی کەشوهەوا پێشبینی دەکات لە واشنتن دی سی 10 بۆ 15 سانتیمەتر بەفر ببارێت.
 
هەروەها لە چەند ناوچەیەکی ماریلاند و ڤێرجینیاش قوتابخانەکان داخران.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە