نەتەنیاهوو بۆ سەرۆکی بەرازیل: هێڵی سوورت بەزاند

19-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل وەڵامی بەرازیل دەداتەوە و سەرکۆنەی سەرۆکی وڵاتەکە دەکات کە جەنگی غەززەی بە "هۆڵۆکۆست" ناوبردووە و "تۆمەتی جینۆساید"ـی خستووەتە پاڵ ئەو وڵاتە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە سەرۆکی بەرازیل دەڵێت، "ئەو هێڵی سووری بەزاندووە."
 
رۆژی یەکشەممە، 18-02-2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەڵامی لێدوانەکانی لویز لولا داسیلڤا، سەرۆکی بەرازیلی دایەوە و گوتی، "لێدوانەکانی لولا هۆڵۆکۆستی بەکەم زانیوە و بێڕێزی پێکردووە، ئەو هێڵی سووری بەزاندووە." هەروەها گوتی، کە ئەو "دژە جووێکی تووندڕەوە."
 
هەمان رۆژ، سەرۆکی بەرازیل لە لووتکەی یەکێتیی ئەفریقا لە ئەسیوپیا رایگەیاند، "ئەوەی کە ئێستا لە کەرتی غەززە بەرامبەر خەڵکی فەلەستین روودەدات، لەهیچ کاتێکی مێژوودا شتی وا نەبینراوە؛ لە راستیدا بینراوە، ئەوکاتەی هیتلەر بڕیاریدا جووەکان بکوژێت."
 
هۆڵۆکۆست لەلایەن حکومەتی نازییەکان [هیتلەر]ـی ئەڵمانیاوە لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانی [1933 تاوەکو 1945] ئەنجامدرا کە تێیدا شەش ملیۆن جووی ئەوروپی بە چەندین جۆری جیاواز کوژران و لەنێوبران.
 
دوای لێدوانەکانی لولا، یسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لەسەر قسەکانی سەرۆکی بەرازیل، بانگهێشتی باڵیۆزی بەرازیلم کردووە لە ئیسرائیل. لێدوانەکانی لولا شەرمهێن و جیدین."
 
کاتس هەروەها دەڵێت، "لولا کەسێکی نەخوازراوە لە ئیسرائیل تاوەکو داوای لێبوردن دەکات و لە قسەکانی پەشیمان دەبێتەوە."
 
سەرۆکی بەرازیل چەند جارێکە پاڵپشتیی خۆی بۆ فەلەستین دەردەبڕێت. لە سکاڵاکەی ئەفریقای باشوور لە 29-12-2023، کە تۆمەتی "جینۆساید"ـی خستە پاڵ ئیسرائیل لە دادگەی نێودەوڵەتیی داد، بەرازیل پشتگیریی لە سکاڵاکە کرد و ئەوکاتیش گوتی، "ئیسرائیل جینۆسایدی کردووە."
 
لە کۆبوونەوەیەکیشی لەگەڵ باڵیۆزی فەلەستین لە بەرازیل لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، سەرۆکی بەرازیل گوتی، "هەرچەندە سەرکۆنەی هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر دەکەم بەڵام هیچ رەوایەتییەک بۆ کوشتنی خەڵکی سڤیلی غەززە نییە و داوای ئاگربەست دەکەم."
 
بەرازیل و ئیسرائیل لە ساڵی 1949ـەوە دەستیان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کردووە و تا ئێستا بە "پەیوەندییەکی ئاڵۆز" وەسفدەکرێت. ئەوەی کە زیاتر دوو وڵاتە لێکدوورەکە پێکەوە دەبەستێتەوە بوونی 120 هەزار جووە لە بەرازیل. لەلایەکی دیکە، بەرازیل کڕیارێکی باشی چەک و تەکنەلۆژیای سەربازیی ئیسرائیلە. دوو وڵاتەکە بە زۆریی لەبواری کشتوکاڵ، دەرمانسازی و وزە، بازرگانیی دەکەن.
 
لەوەتەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکردووە، بەرازیل پشتگیریی خۆی بۆ "چارەسەری دوو دەوڵەت" دەربڕیوە و چەند جارێک رەخنەی لە ئیسرائیل گرتووە کە هێرشەکانی "بێ جیاکارین و قوربانی زۆری لێ دەکەونەوە."
 
رۆژی 18-10-2023 بەرازیل فڕۆکەیەکی ناردە میسر کە "خاوێنکەرەوەی ئاو"ـی هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی لە غەززە دابەشبکرێت.
 
لەدوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس، 32 هاووڵاتیی بەرازیلی لە غەززە گیریان خواردبوو داوایانکرد رزگاربکرێن. لە 12-11-2023، ئیسرائیل رێگەیدا هەر 32 هاووڵاتییەکە غەززە جێبهێڵن و بە فڕۆکەیەک لە میسرەوە گەڕانەوە بەرازیل و لەلایەن سەرۆکی ئەو وڵاتەوە پێشوازییان لێکرا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە