خاچی سوور: 23,000 کەس لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بێسەروشوێنن

19-02-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 23،000 کەس لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بێسەروشوێنن و هەوڵدەدەن  چارەنووسی ئەو کەسانە یەکلایی بکەنەوە. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، دوسان یوجازن، بەڕێوەبەری ئاژانسی ناوەندی بەدواداچوون (CTA) لە رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەوەی هەیە راستییەکی تراژیدییە بۆ دەیان هەزار خێزان، کە ئێستا بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە دۆخێکی خراپدا دەژین".
 
ئاژانسی نێوەندی بەدواداچوون لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بە مەبەستی دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە لە جەنگەکەدا بێسەروشوێن بوون، دامەزرا.
 
بەگوێرەی ئاژانسەکە، لە دوو ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 115 هەزار پەیوەندییان لەلایەن هەردوو خێزانە ئۆکراینی و خێزانە رووسەکانەوە پێوەکراوە بەمەبەستی ئەوەی سەرەداوێکی کەسوکارییان بدۆزنەوە. 
 
ئاژانسەکە ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا توانیویانە زانیاری بە زیاتر لە هەشت هەزار خێزانی رووسی و ئۆکراینی بدەن دەربارەی چارەنووسی رۆڵەکانیان. 
 
رۆژی 24ـی شوباتی 2022 شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە کوژراون.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون؛ هەروەها لە سوپای رووسیا، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون. 
 
رووسیا بەشێکی هەرێمی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلیاڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنتڕۆڵ کردووە، لە ساڵی 2014شەوە هەرێمی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بەخۆیەوە و بەبەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی.
 
ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپی هەر لە دەستپێکی جەنگەوە، پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاندووە و بە چەک و پارە یارمەتییان داوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە