رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایدەگەیێنێت، کە بە نێوەندگیری ئەوان رووسیا 11 منداڵی ئۆکراینی دەگەڕێنێتەوە کیێڤ.
رۆژی دووشەممە، 19ـی شوباتی 2024، لولوە خاتر، وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "قەتەر لە نزیکەوە لەگەڵ هاوتا رووسەکان و ئۆکراینا کاری کردووە و لەرووی دەستپێشخەری یەکخستنەوە بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆیەوە بینیوە".
ئەو منداڵانەی کە رووسیا بڕیارە بیانگەڕێنێتەوە بۆ ئۆکراینا تەمەنیان لەنێوان دوو بۆ 16 ساڵە و ئێستا لە باڵیۆزخانەی قەتەر لە مۆسکۆن و بڕیارە لەرێگەی بێلارووسیاوە بگەیێندرێنەوە رووسیا.
ئەو منداڵانەی کە بڕیارە رووسیا بیانگەڕێنێتەوە ئۆکراینا، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، بردرابوونە رووسیا. بەگوێرەی ئامارەکانی ئۆکراینا 20 هەزار منداڵی ئۆکراینی لەلایەن رووسیاوە بردراون.
ئۆکراینا رووسیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە "منداڵانی ئۆکراینا دەباتە مۆسکۆ و پێشکەش بە خێزانە رووسەکانیان دەکات"، بەڵام بەرپرسانی رووسیا دەڵێن، تەنیا لەبەر سەلامەتییان، منداڵەکانیان بردووەتە رووسیا.
ساڵی رابردوو، دادگەی نێودەوڵەتیی داد فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەتۆمەتی بردنی منداڵانی ئۆکراینی بۆ رووسیا، دەرکرد.
رۆژی 24ـی شوباتی 2022 شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە کوژراون.
رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، کە زیاتر لە 23,000 کەس لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بێسەروشوێن بوون.
رووسیا بەشێکی هەرێمی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلایڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆل کردووە، لە ساڵی 2014شەوە هەرێمی کریمیای لە ئۆکراینا بەخۆیەوە لکاندووە و بەبەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندووە.
ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپی هەر لە دەستپێکی جەنگەوە، پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاندووە و بە چەک و پارە یارمەتییان داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ