یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی دوای نزیکەی دوو ساڵ؛ کێ لەپشت لێکنزیکبوونەوەی ئەمریکا و رووسیایە؟

19-02-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندی ئەمریکا و رووسیا لە سعودیە کۆبوونەوە، شاندە ئەمریکییەکە لە سێ کەس و شاندە رووسییەکەش لە دوو کەس پێکهاتبوون. شاندەکان باسیان لە ئامادەکاری و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی هەردوو وڵاتەکە کرد و رێککەوتوون لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەردوو وڵات.
 
پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەندامانی ئەو دوو شاندە کێ بوون و گرنگیی رۆڵیان لە لێکنزیککردنەوەی ئەو دوو زلهێزەی جیهان چییە؟
 
ئەندامانی شاندەکەی ئەمریکا کێ بوون؟
 
پێش سێ رۆژ لەو کۆبوونەوەیەی سعودیە؛ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا رووسییەکەی قسەی کرد. دوای کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە 18ی شوبات، روبیۆ گوتی، لەو باوەڕەدایە کە رووسیا ئامادەیە بۆ "پرۆسەیەکی جیددی" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و هەردوو وڵاتەکەش دەست بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دەکەنەوە.
 
روبیۆ لەمێژە هەوڵی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا دەدات، ساڵی 2024یش دژی پاکێجی سەربازیی ئەمریکا دەنگی دا، کە بە بەهای 6 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی دەدرا بە ئۆکراینا. وەزیرەکەی ئەمریکا، چین بە گەورەترین نەیاری وڵاتەکەی دەبینێت و باوەڕی وایە بەیجینگ خۆشحاڵە بەوەی ئەمریکا "لە ئەورووپا بچەقێت."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە "یەک کۆبوونەوە ناتوانێت ببێتە چارەسەر [و کۆتایی بە جەنگ بهێنێت]،" روونیشی کردەوە، ئۆکراینا و ئەورووپاش دەبێت لە گفتوگۆکان بەشداربن و "هیچ کەسێک پەراوێز نەخرێت."
 
ئەندامانی شاندەکەی ئەمریکا
 
مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئەوەی دووپات کردەوە کە دەبێت بەشێوەیەکی هەمیشەیی کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بهێندرێت، نەک کاتی؛ بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی شایستەی ئەوەیە "هەندێک پاداشت بکرێت" لە بەرامبەر ئەو ملیاران دۆلارەی لە سەرەتای جەنگەوە داویەتی بە ئۆکراینا.
 
واڵتز هەر باوەڕی وا نییە کە ئەورووپییەکان دەبوو "ببنە خاوەنی ئەم مللانێیە" بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی داهاتوویان، بەڵکو پێیشی وایە، دەبێت ئۆکراینا سەروەتە کانزاییەکانی بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا دابەش بکات، کە خاوەنی زەویی دەگمەن، سامانی سرووشتی، نەوت و گازە.
 
ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەندامێکی شاندە سێ کەسییەکەی ئەمریکا بوو، کە هەفتەی پێشووش دۆناڵد ترەمپ ناردی بۆ مۆسکۆ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا.
 
گفتوگۆی شاندەکانی ئەمریکا و رووسیا لە سعودیە یەکەم گفتوگۆی فەرمی بوو دوای نزیکەی دوو ساڵ. هەرچەندە ویتکۆف بە رواڵەت نوێنەری ترەمپە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام پێدەچێت زۆر لەوە گرنگتر بێت، وەکو دڵسۆزێکی سەرۆکی ئەمریکا و لایەنگرێکی سەرسەختی سەرۆک سەیردەکرێت. جگە لەوەش، لە یاریی گۆڵفیشدا هەر لەگەڵ ترەمپ بووە.
 
ویتکۆف بەشێک بوو لە گفتوگۆکانی ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس، بەڵام دواتر نێردرا بۆ رووسیا بۆئەوەی هاوکاربێت لە ئاڵوگۆڕی دیلێکی ئەمریکی بەناوی مارک فۆگێل لە بەرامبەر دیلێکی رووسی بەناوی ئەلیکساندەر ڤینیک کە لە زیندانێکی ئەمریکایە.
 
ئەندامانی شاندەکەی رووسیا کێ بوون؟
 
هەردوو ئەندامەکەی شاندەکەی رووسیا لەلای ئەمریکییەکان زۆر ناسراون، یەکێکیان یوری ئوشاکۆڤی راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی پووتینە و ئەوی تریشیان سێرگی لاڤرۆڤە کە لە ساڵی 2004ەوە وەزیری دەرەوەی رووسیایە.
 
ئوشاکۆڤ و لاڤرۆڤ لە ماوەی سێ ساڵی جەنگی سەر ئۆکراینادا هاوکاری پووتین بوون لە ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەیدا.
 
لەبارەی پێشنیازی ئەمریکا بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆسەر بنکەکانی وزە، لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد، رووسیا هەرگیز ئەو شوێنانەی نەکردووەتە ئامانج کە خزمەتی خەڵک دەکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆکراینا پێچەوانەی ئەو قسانە دەکات، بەتایبەتی لەوەی کە رووسیا وێستگەکانی کارەبای کردووەتە ئامانج کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە.
 
ئەندامانی شاندەکەی رووسیا
 
تەنانەت لە دەستپێکی جەنگی سەر ئۆکرایناش وەزیری دەرەوەی رووسیا رەتیکردەوە کە داگیرکارییان لەو وڵاتە کردبێت.
 
بەو پێیەی یوری ئوشاکۆڤی 77 ساڵ پێشتر باڵیۆزی رووسیا بووە بۆ ئەمریکا، بە شێوەیەکی باش دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن بکات. لە رۆژانی سەرەتای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، ئوشاکۆڤ بە روونی پەیامی ئەوەی دا کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ، ئەگەر ئەمریکا ئاماژەی ئەرێنی بدات.
 
ئوشاکۆڤ لە رۆژانی سەرەتای جەنگی سەر ئۆکراینا ئیدارەی بایدنی بەوە تۆمەتبار کرد کە تووشی "هیستریا" بووە لەوەی سەربازانی رووسی ئامادەکاری دەکەن بۆ چوونە نێو جەنگ.
 
کەسی سێیەمی رووسیا لە ژووری کۆبوونەوەکە نەبوو، بەڵام ئامادەیی کیریل دمیتریڤ لەگەڵ شاندەکەی رووسیا دەرخەری ئەوەیە کە پووتین چەندە بابەتی ئابووری لە گفتوگۆکەی سعودیە بەلایەوە گرنگ بووە.
 
کیریل دمیتریڤ، سەرۆکی پاڵپشتیی دارایی وەبەرهێنانی راستەوخۆی رووسیا
 
دمیتریڤ تەمەنی 49 ساڵە و سەرۆکی پاڵپشتیی دارایی وەبەرهێنانی راستەوخۆی رووسیایە، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، سەرنج دەخەنە سەر پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، "پێویستمان بەوەیە کە پڕۆژەی هاوبەشمان هەبێت، بۆ نموونە لە هەرێمی جەمسەری باکوور و ناوچەکانی دیکە."
 
دمیتریڤ رۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە کارکردن لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف بۆ ئاڵوگۆڕی دیلێکی ئەمریکی بەرامبەر دیلێکی رووسی، ئەوەش دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ترەمپ و پووتین لە هەفتەی رابردوو.
 
هەروەها دمیتریڤ پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بنەماڵەی پووتین هەیە، ژنەکەیشی لەگەڵ یەکێک لە کچەکانی پووتین پەیوەندی و تێکەڵاویی زۆریان هەیە.
 
کەم لە رووسییەکان وەکو دمیتریڤ شارەزاییان لەبارەی کەرتی بازرگانی و دارایی ئەمریکا هەیە، کە پێشتر وەبەرهێنەری بانکی بووە لە گۆڵدمان ساکس و بەشی بازرگانیی لە هارڤارد تەواو کردووە.
 
هەرچەندە ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئابووریی رووسیا باشە و 43%ی بودجەی ئەو وڵاتەش بۆ جەنگ و کەرتە ئەمنییەکان دابین کراوە، بەڵام هەڵاوسان لە خوار 10%ـەوەیە و رێژەی سوودیش گەیشتووەتە 21%.
 
دوو سعودیەکەی ناو کۆبوونەوەکە
 
دوو سعودییش لەناو کۆبوونەوەکە بینران، سەرۆکایەتیی دەستپێکی کۆبوونەوەکەیان کرد، بەڵام دواتر لە ژووری کۆبوونەوەکە نەمان.
 
شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودی کە ئەم ساڵ رۆڵێکی چالاکی هەبووە وەکو دیپلۆماتکارێکی باڵای وڵاتەکەی، سەردانی لوبنان و ئەورووپای کردووە و کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتیی رێکخستووە بەمەبەستی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا.
 
موساعید عیبان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سعودیەش رۆڵێکی دیاری گێڕاوە لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا.
 
شازادە فەیسەڵ بن فەرحان و موساعید عیبان
 
هەرچەندە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە پێشەنگی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەتی، بەڵام ئەم دوو کەسە بەردەوام لە نزیکیەوە دەبینرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەشتی تاکسییەکانی چین بە دەنگ و ڤیدیۆ تۆمار دەکرێن.

بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە تاکسییەکانی چین، رێژەی تاوانی 7 هێندە کەمکردووەتەوە

دەمێکە چین سەردەمی تاکسی میتەر یان پێوەری ئەلیکترۆنی تێپەڕاندووە، جگە لە شوێنهەڵگر (GPS)، هەموو گەشتەکان بە دەنگ و ڤیدیۆ تۆماردەکرێن، ئەمەش وایکردووە تاوانی نێو تاکسی حەوت هێندە کەم بکات.