جیهان
ڤلادمێر پوتین لە گۆڕەپانی سوور لە مۆسکۆ لەنێو لایەنگرانی لەکاتی ئاهەنگگێڕاندا، وێنە: NATALIA KOLESNIKOVA / AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە بارەی هەڵبژاردنەکانی رووسیا رایگەیاند، "ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا ئەوپەڕی سەرکوتکردنمان پێشان دەدات."
دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیاوە گوتی، "ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی رووسیا قووڵایی سەرکوتکردن لە ژێر حوکمی ڤلادیمیر پووتین پێشان دەدەن."
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا لە 15-03-2024 تاوەکو 17ـی مانگ بەردەوام بوو. تائێستا ٪99ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و ڤلادیمیر پووتین دەنگی ٪87ـی دەنگدەرانی رووسیای بەدەستهێناوە.
کامیرۆن رۆژی یەکشەممەش لە لێدوانێکدا گوتی "ئەوان رێگەیان نەدا رێکخراوێکی چاودێری سەرپەرشتیی هەڵبژاردن بکات. ئەم هەڵبژاردنە نە ئازادە و نە دادپەروەرانە. ئەنجامی هەڵبژاردنەکە نادیموکراسییە."
وەزیرە بەریتانییەکە کە پێشتر سەرۆکوەزیران بوو گوتی "پووتین دەیەوێت هەر دەنگێکی ئۆپۆزیسیۆن هەبێت لە دژی شەڕی رووسیا، بێدەنگی بکات. ئەو رکابەرە سیاسییەکانی خۆی لەنێودەبات، میدیای وڵات کۆنترۆڵ دەکات و خۆی تاجی براوە لەسەر سەری خۆی دادەنێت. ئەمە دیموکراسییەت نییە."
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن. چین، جیاواز لەوانی دیکە، پیرۆزبایی لە هاوپەیمانەکەی خۆی کرد. شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە بڵاوکراوەیەکدا بە پووتینی گوت، "دووبارە هەڵبژاردنەوەت ئەوە پێشان دەدات گەلی رووسیا پشتگیریت دەکات. پێموایە لە ژێر حوکمڕانیی تۆ، رووسیا چەندین دەستکەوتی دیکەی مەزن بەدەستدەهێنێت."
جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا گوتی "هەڵبژاردنەکانی رووسیا ئازاد و دادپەروەرانە نەبوون و لەسەر بنەمای سەرکوتکردن و تۆقاندن بوون."
لە ساڵی 2014 و لەماوەی جەنگی دوو ساڵی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، رووسیا چەند هەرێمێکی ئۆکراینای بەخۆیەوە لکاندووە و کۆنترۆڵی کردووە. هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا لەو هەرێمانەش بەڕێوەچوون.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێک گوتی، "فەرەنسا دان بە هەڵبژاردنی رووسیادا نانێت و پابەندبوونی خۆی بۆ سەروەری، سەربەخۆیی و یەکگرتوویی ئۆکراینا دووپات دەکاتەوە."
کۆریای باکوور هاوشێوەی چین پیرۆزبایی لە رووسیا کرد. کیم جۆنگ ئون، رێبەری باڵای کۆریای باکوور گوتی "بەتووندی دەست لەنێو دەستت دەنێم بۆ ئەوەی بتوانین خاڵی وەرچەرخان بۆ هاوڕێیەتی کۆریای باکوور و رووسیا بهێنینە کایەوە، کە رەگ و ریشەی درێژی مێژووییان هەیە."
ستێفن هێبەسترێت، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند: "ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا پیرۆزبایی لە پووتین ناکات و ئەنجامەکە پێشبینیکراو بوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ