رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران بە 56 سەرنشینەوە لە کەناراوەکانی وڵاتەکەیان ژێرئاو کەوتووە. بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ژمارەیەکیان گیانیان لەدەستداوە.
چیارا کاردۆلیتی، نوێنەری کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە ئیتاڵیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەوە گوتی، "ژمارەیەک کۆچبەر بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە دەریای نێوەڕاست گیانیان لەدەستداوە."
بەگوێرەی میدیای ئیتاڵیا، ئەو بەلەمە رۆژی دووشەممەی رابردوو لە کەناراوەکانی تونسەوە بەڕێکەوتووە و لەنزیک دوورگەی لامپیدوسا بە 56 سەرنشینەوە ژێرئاو کەوتووە، 10 لەو کۆچبەرانەی نێو بەلەمەکە رزگار کراون، کە شەشیان پیاو و چواریان ژن بوون.
کاردۆلیتی هەندێک وردەکاریی لەبارەی سەرنشین و قوربانییەکانەوە ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا شەش تەرم دۆزراونەتەوە و 40 کەسیش بێسەروشوێنن.
میدیاکانی ئیتاڵیا ئاماژەیان بە وڵاتینامەی بەشێک لە کۆچبەرەکان کردووە و دەڵێن، "خەڵکی وڵاتانی کۆتدیڤوار، مالی، کامبیا و کامیرۆن" بوون.
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا ئامارێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 8743 کۆچبەر هاتوونەتە نێو وڵاتەکەمان،" بەراورد بە ساڵی رابردوو لە هەمان بەروار هاتنی کۆچبەران زیادی کردووە، کە نزیکەی 8200 کۆچبەر گەیشتبوونە ئیتاڵیا.
رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 17ی ئادار، 25464 کەس چوونەتە ئەورووپا و لەو رێگەیەشدا 330 کۆچبەر مردوون. ئەمەش لە کاتێکدایە لە هەمان ماوەی پار 42 هەزار کۆچبەر چووبوون و 3524 کەس لەو رێگەیەدا مردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ