رووداو دیجیتاڵ
کۆچبەرێکی کورد کە زیاتر لە مانگێک لە دارستانی دانکیخ لە سنووری فەرەنسا و بەریتانیا مابووەوە، دواتر لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بە چووپ دەربازی دەبێت و دەگاتە بەریتانیا دەڵێت، لەو ماوەیەی لە دانکیخ ماوەتەوە بە چاوی خۆی بینیویەتی کە چوار قاچاخچیی کورد لەسەر نرخ و بردنی کۆچبەر کوژراون.
ئەو کۆچبەرە کوردە خەڵکی هەولێری باشووری کوردستانە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی، "ژیان لە دانکیخ زۆر سەختە. هەفتەی دوو جار پۆلیس دێت چادر و شوێنێت لێ تێک دەدات. زیاتر لە هەزار کەسی لێیە و نابێت لەگەڵ کەسدا تێکەڵ ببیت و دەبێت هەر بیرت لای خۆت بێت. تاوەکو من لەوێ بووم خۆم بینیم چوار کەس کوژران کە هەموویان کورد بوون و قاچاخچی بوون."
ئەو کۆچبەرە ئاماژە بەوەش دەکات، شەڕەکانیش زیاتر قاچاخچییەکان لە نێوان خۆیاندا و کۆچبەرەکانیش لەگەڵ قاچاخچییەکاندا دەیکەن، ئەویش لەسەر نرخ و بردنی کۆچبەری یەکدییە. گوتیشی، "من 42 رۆژ لە فەرەنسا بووم. 12 جار بە بارهەڵگر لە رێگەکەمدا و هەشت جاریش بە چووپ. جاری نۆیەم بە چووپ دەرچووم."
بەپێی گرێبەستێک لە نێوان حکومەتی بەریتانیا و رواندا هەر کۆچبەرێکی گەنجی سەڵت بە نایاسایی لە 2022/01/1ەوە لە رێگەی ئاوەوە لە فەرەنساوە چووبێتە بەریتانیا، بۆ رواندا دەگوازرێتەوە. ئێستا لە رواندا کەمپەکە دروستکراوە و بەریتانیا تێچووەکەی دابینکردووە.
کۆچبەرە کوردەکە باس لەوە دەکات، ئەوان 225 کەسن لە هۆتێلێکدا کە 30 کەسیان نەبێت، ئەوانی دیکە هەموویان کوردن. گوتیشی، "هەموومان مەترسیمان لەسەرە، چونکە کێ ناڵێت بەریتانیان بڕیاری خۆی ناگۆڕێت. خۆ هەر ئەوەندەیە بڕیارەکەی بگۆڕێت. لە کاتێکدا من مافی پەنابەرێتییشم وەرگرتووە و هەموو بەڵگەیەکم هەیە. ئیتر دەبێت چاوەڕێ بکەین، چونکە بە رۆژ بڕیارێک دەدەن، شەو بڕیارێکی دیکە."
بە گوتەی ئەو کۆچبەرە، نرخی بردنی کۆچبەر لە فەرەنساوە بۆ بەریتانیا دوای رێکەوتنی بەریتانیا و رواندا دابەزیوە و قاچاخچی لە دارستانی دانکیخ هاوار دەکەن بە 500 پاوەند کۆچبەر لە نۆکەندی ئیگلیز دەپەڕێنینەوە، بەڵام کەس ئامادە نییە لە بەلەمەکانیان سوار ببن. دەشڵێت، رێککەوتنەکە ترسێکی گەورەی خستووەتە دڵی کۆچبەرەکانی دانکیخ.
بە گوتەی ئەو کۆچبەرە کوردە، شەڕی رووسیا و ئۆکراینا کاریگەریی لەسەر سیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر کۆچبەران کردووە، ئێستا بەهۆی پەنابەرە ئۆکراینییەکانەوە هەڵسوکەوتی بەریتانیا لەگەڵ کۆچبەرانی دیکەدا گۆڕاوە.
باس لەوە دەکات، "هاوڕێیەکەم لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ دەرچوو و بردیانە شوێنەکە لە شاری نیوپۆرت، کەچی شەوەکەی هێنایانەوە بۆ هۆتێل، چونکە پێیان گوتبوو، ئەو شوێنە هی تۆ نییە و دراوەتە گەنجێکی ئۆکراینی."
گوتیشی، "ئۆکراینییەکان کارەکانیان زۆر لە ئێمە سەخت کرد. سەختکردنەکە ئەوەیە کە زۆربەی کارەکانی ئێمەیان راگرت. ئەگەر وانەبووایە ئێستا من دەمێک بوو شوێنم وەرگرتبوو."
ئەو هەنگاوەی بەریتانیا لەکاتێکدایە کە بەپێی ئاماری حکومەتی ئەو وڵاتە، لە چوار مانگی سەرەتای 2022دا چوار هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بە نایاسایی چوونەتە بەریتانیا. ئەو ژمارەیەش چوار هێندەی ئەوەیە کە لە هەمان ماوەدا لە ساڵی 2021ـدا تۆمار کراوە.
نادیە بەزاز، راوێژکاری یاسایی لە کاروباری پەنابەران لە بەریتانیا گوتی، "تاکتیکی رواندا کە بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیر لە رۆژی پێنجشەممە پێشنیازی کردووە یان دروستر بڵێین کە واژۆیشی لەسەر کردووە، ئەم بیرۆکەیە نزیکەی دوو هەفتە دەبێت پێشنیاز کراوە و گفتوگۆی لەسەر کراوە، بەڵام دیارە سەرۆکوەزیران لە رۆژی هەینییەوە دەستی بە چالاککردنی کردووە."
نادیە بەزاز روونیکردەوە، ئەو کەسە دەستبەسەر دەکرێت و لە کێنت دەهێڵدرێتەوە تاوەکو دواتر ببردرێت بۆ رواندا، بەڵام کەیسەکەی لەنێو بەریتانیا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت. ئەگەر هاتوو مافی پەنابەریی پێدرا، لەو کاتەدا دەتوانێت بۆ 5 ساڵ لە رواندا بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو کەیسەکەی رەتکرایەوە، ئەو کات دەگەڕێنرێتەوە بۆ وڵاتی خۆی یان بۆ ئەو وڵاتەی کە مافی پەنابەری یان ڤیزای پێداوە.
راوێژکارە یاساییەکەی کاروباری پەنابەران لە بەریتانیا پێیوایە، "ئەوەی کە نامۆیە لەم پرسەدا ئەوەیە کەسێک ئەگەر مافی پەنابەرییشی پێبدرێت و 5 ساڵی خۆیشی لە رواندا تەواو بکات، جارێکی دیکە رەتدەکرێتەوە بچێتە بەریتانیا. باشە ئایا دوای ئەو 5 ساڵە مافی ئەوەی پێدەرێت داوای مافی مانەوەی بەردەوام بکات؟ دوای مافی مانەوەی بەردەوام ئایە وڵاتینامەی پێدەدرێت یان نا؟ لەسەر ئەمە تاوەکو ئێستا وەزارەتی ناوخۆ هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە و تەنیا دەڵێت ئەم بڕیارە ژن و خێزانەکان لە خۆناگرێت."
بە گوتەی نادیە بەزاز، تەنانەت ئەگەر کەسێک لەگەڵ منداڵەکانیدا چووبێت ئەو بڕیارە نایگرێتەوە، تەنیا ئەو پیاوانە نەبێت کە بە تەنیا دەچن و داوای مافی پەنابەری دەکەن. دواتر ئەگەر هاتوو بەریتانیا گوتی نا، ئەگەری هەیە ئەو ژنانەیش کە بە تەنیا دێن ببردرێنە رواندا. ئەمەیش تاوەکو ئێستا نەبووەتە یاسا.
بەریتانیا دوورگەیەکی کڕیوە کە پێشتر تایبەت بووە بە گەشتیاران. گەشتیاران بۆی دەچوون و بە نزیکەی 150 ملیۆن دۆلار لە رواندای کڕیوە. پێدەچێت بۆ ئەو پەنابەرانە بێت کە دەبردرێن بۆ ئەو وڵاتە.
ئەو راوێژکارە یاساییە گوتی، "لە قۆناخی یەکەمدا بیرۆکەکە ئەوە بوو ئەو کەسانەی لە گرتووخانەکاندا دەستبەسەرن بنردرێن بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام دواتر هاتن و گوتیان هەموو ئەوانەیش لە خۆدەگرێت کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە هاتوون و دەستبەسەر کراون، چونکە بە داخەوە بەریتانیا هەوڵیدا رێککەوتنێک لەگەڵ فەرەنسا بکات تاوەکو پەنابەر لەو وڵاتەوە نەچن بۆ بەریتانیا، بەڵام فەرەنسا بۆ ئەوەی شتێکی وا روونەدات رزای نەبووە لەسەر رێککەوتنەکە، بۆیە بەریتانیا ئێستا هەموو چاو و هێزی خۆی دەخاتە سەر سنووری فەرەنسا."
لەو رۆژەوەی بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیران رایگەیاند کە واژۆی لەسەر ئەو رێککەوتنە کردووە، لە هەموو لایەکەوە هێرشی کراوەتە سەر لەلایەن دەزگاکان و رێکخراوەکان و بە تایبەت ئەوانەی تایبەتن بە مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکانیش، چونکە پرسی پەنابەری بووەتە رێککەوتنێک لەنێوان بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان.
نادیە بەزاز گوتی: "ئەمەی کە کراوە پێچەوانەوەی پەیماننامەی جنێڤە کە تایبەتە بە مافی پەنابەران و تاوەکو ئێستا تەنیا پرسێکی ترساندنە و وەک چۆن وەزیری ناوخۆ کاتێک باسی رێککەوتنەکەی خۆی کرد و گوتی ئەمە دەکات، کۆچبەرەکان دەنێرێتەوە تورکیا، یان چیای تارق یان هەر دوورگەیەک کە موڵکی بەریتانیا بێت."
باسی لەوەش دەکات، ئەگەر هاتوو رێککەوتنەکە سەری نەگرت و لە ئەنجوومەن پەسند نەکرا، لەوانەیە لەم کاتەدا وەزارەتی ناوخۆ شتێکی دیکەی هاوشێوە ئامادە بکات و تەنیا تاوانبارەکان یان ئەو کەسانەی لە رێی فەرەنساوە هاتوون و پەنجەمۆری وڵاتێکی ئەوروپایان هەیە بنێرێت.
نادیە بەزاز گوتیشی، "شتێکی دیکەیش کە یەک ناگرێتەوە ئەوەیە هەر کاتێک بڕیار یان یاسایەک دەردەچێت، نابێت ئەو کەسانە لە خۆبگرێت کە بەر دەرچوونی بڕیارەکە یان یاساکە گەیشتوون، ئەمەیش خاڵێکی دژی بۆریس جۆنسنە، چونکە ئەو دەڵێت ئەوانەیش لەخۆدەگرێت لە سەرەتای ئەمساڵەوە هاتوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ