رووداو دیجیتاڵ
سوودانی رایگەیاند، پابەندن بە ئەنجامەکانى لیژنەى باڵاى سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریکا. دەشڵێت، ئەرکى هێزەکانى هاوپەیمانان و وڵاتەکەى وەک ساڵى 2014 نییە: "داعش چیدی مەترسی نییە لەسەر عێراق".
ئەو گوتانەى سوودانى لە دیدارێکیدا بوو لەگەڵ ژمارەیەک لە میدیا رۆژئاواییەکان لە واشنتن، پێى راگەیاندن کە لەدواى نەمانى ئەو مەترسییانە، "سرووشتییە چاوبخشێندرێتەوە بەو هاوپەیمانێتییە و بەردەوامبوونى".
ئەو لیژنە سەربازییەى نێوان عێراق و ئەمریکا، لە مانگى کانوونى دووەمى 2024 پێکهێندراوە و تائێستا سێ کۆبوونەوەى کردووە، کارەکەی دیاریکردنى ئەرکی ئایندەى هاوپەیمانانە. سوودانى گوتى: "ئەم قۆناخە وێستگەیەکى گرنگە لە پەیوەندیى نێوان عێراق و ئەمریکا کە لە چەند ساڵى رابردوو لەسەر بنەماى هاریکارى ئەمنى و سەربازى بووە."
14ى نیسان، سوودانى و شاندێکى حکومەتەکەى بە بەشدارى نوێنەرى هەرێمى کوردستان، سەردانى ئەمریکایان کرد. لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکى ئەو وڵاتە و وەزیرانى بەرگرى و دەرەوە کۆبوونەوە، بەگوتەى سەرۆکوەزیران ئەو سەردانەى بناخەى دروستى داناوە بۆ هەنگاونان بەرەو پەیوەندى گشتگیر لەسەرجەم سێکتەرەکان.
لە سەردانەکەدا شاندى عێراق زیاتر لە 18 گرێبەستى لە بوارى وزە و پیشەسازى لەگەل کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژو کرد، سوودانى بە رۆژنامەڤانانى گوت: "بەرژەوەندیى بەردەوام پێوستى بە هاوبەشى بەهێزە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ