رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی باوکی بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد، ژانگ شین یوو پەنای بۆ ژیریی دەستکرد برد و ئەڤاتارێکی بۆ باوکی دروست کرد کە رێک هاوشێوەی خۆی دەردەکەوێت و بە دەنگی ئەویش قسە دەکات. ئەمە بەشێکە لە دیاردەیەکی گەشەسەندووی "مرۆڤە دیجیتاڵییەکان" کە چین دەیەوێت بە یاسای تووند کۆنترۆڵی بکات.
ئێستا ڤیدیۆی ئەم مرۆڤە دیجیتاڵیانە لە هەموو سووچێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چیندا دەبینرێن. ئەوان بە جووڵە و دەنگە زۆر سروشتییەکانیان، زۆرجار بۆ ریکلامکردن و ناساندنی کاڵاکان بەکاردەهێنرێن.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەم تەکنەلۆجیایە، دامەزراوەی چاودێریی ئینتەرنێت لە چین کۆمەڵێک رێسای نوێی پێشنیاز کردووە. ئامانجی ئەم رێسایانە رێگریکردنە لە زیانگەیاندن بە منداڵان، پاراستنی ئارامیی کۆمەڵگە و رێگری لە دروستکردنی کەسایەتیی ساختەی خەڵک بێ رەزامەندیی خۆیان.
"دڵنەواییەکی ساختە، بەڵام خۆشەویستییەکی راستەقینە"
ژانگ-ی تەمەن 47 ساڵ، دوای لەدەستدانی باوکی تووشی خەمۆکی و تەنیاییەکی زۆر ببوو، بۆیە دوو ساڵ لەمەوبەر پەنای بۆ کۆمپانیایەک برد بۆ دروستکردنی ئەو ئەڤاتارە. ئەو ئێستا دەتوانێت لە ئینتەرنێتەوە قسە لەگەڵ وێنە و دەنگی باوکیدا بکات. ژانگ دەڵێت: "ئەمە وا دەکات دەستبەجێ وزەم بۆ بگەڕێتەوە و هەست بە ئارامی بکەم."
هەرچەندە هاوڕێکانی نیگەرانن لەوەی ژانگ زۆر نوقمی ئەو جیهانە گریمانەییە بێت و نەتوانێت راستییەکان قبووڵ بکات، بەڵام ئەو دەڵێت: "با ئەو دڵنەواییە ساختەش بێت، بەڵام ئەو خۆشەویستییەی لە پشتییەتی زۆر راستەقینەیە."
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، داهاتی پیشەسازیی "مرۆڤی دیجیتاڵی" لە چین لە ساڵی 2024دا گەیشتووەتە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار، ئەمەش گەشەیەکی خێرایە کە ساڵانە بە رێژەی 85٪ زیاد دەکات.
رێگری لە "درۆی باش" و ساختەکاری
رێسا نوێیەکان داوا دەکەن کە هەر بابەت و نێوەرۆکێک بە ژیریی دەستکرد دروست کرابێت، دەبێت بە روونی ئاماژەی پێ بکرێت کە ئەمە دەستکردە. هەروەها لەبەرگرتنەوەی کەسایەتی بە تەکنەلۆژیای "دیپ فەیک" بێ مۆڵەتی خاوەنەکەی، قەدەخە دەکرێت.
ژانگ زێوەی، دامەزرێنەری کۆمپانیای Super Brain کە کارەکەی دروستکردنی ئەڤاتاری مردووەکانە بۆ کەسوکاریان، دەڵێت دانانی ئەم یاسایانە "پێویست و ئەرێنییە" بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک لەنێوان گەشەی تەکنەلۆجیا و پاراستنی مافەکاندا هەبێت.
ماوەیەک لەمەوبەر ڤیدیۆی دایکێکی بەساڵاچوو لە چین بڵاوبووەوە، کە نەیدەزانی کوڕەکەی کۆچی دوایی کردووە و لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە قسەی لەگەڵ ئەڤاتاری کوڕەکەی دەکرد. خێزانەکەی، ئەمەیان ناو نابوو "درۆیەکی باش" بۆ ئەوەی دڵیان نەهێشێت، بەڵام ئەمە مشتومڕێکی زۆری لەسەر ئاکاری ژیریی دەستکرد و مەترسیی بەکارهێنانی لەلایەن فێڵبازەکانەوە دروست کرد.
سزا و پاراستنی منداڵان
حکومەتی چین دەیەوێت بە خێرایی لەگەڵ پێشکەوتنی ژیریی دەستکرد هەنگاو بنێت، بەڵام نایەوێت رێگە بدات ئەم گەشەیە لە کۆنترۆڵ دەربچێت. هەرکەسێک رێساکان پێشێل بکات، رووبەڕووی سزای دارایی قورس دەبێتەوە کە دەگاتە نزیکەی 30 هەزار دۆلار.
یەکێکی دیکە لە ئامانجە گرنگەکانی ئەم یاسایانە، پاراستنی منداڵانە. یاساکە رێگری لەو خزمەتگوزارییانە دەکات کە پەیوەندیی سۆزداریی بۆ منداڵان پێشنیاز دەکەن یان بۆ خووی خراپ و هەستی تووندوتیژ هانیان دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ