جیهان
بریکار ئامرازێکە لەسەر بنەمای مۆدێلە زمانەوانییە گەورەکان (LLM)ی وەک ChatGPT یان Claude کار دەکات و دەتوانێت لەبری مرۆڤ کارەکان لەسەر ئینتەرنێت بەڕێوەببات
رووداو دیجیتاڵ
لەبەر ئەوەی "بریکارەکانی" ژیریی دەستکرد یاخود (AI Agents) دەتوانن لە بری مرۆڤ کار بکەن، تاوەکو دێت ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی بەکاریاندێنن بۆ ئەوەی کات و وزەیان بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام زیادبوونی هێزی سیستمەکانی وەک OpenClaw پسپۆڕانی ئاسایشی سایبەریی زۆر نیگەران کردووە.
سیستمی OpenClaw کە ئێستا ناوبانگێکی گەورەی پەیدا کردووە، زیاتر لە سێ ملیۆن بەکارهێنەری لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.
ئەم سیستمە رێگە بە بەکارهێنەران دەدات "بریکار" دروست بکەن. بریکار چییە؟ ئامرازێکە لەسەر بنەمای مۆدێلە زمانەوانییە گەورەکان (LLM)ی وەک ChatGPT یان Claude کار دەکات و دەتوانێت لەبری مرۆڤ کارەکان لەسەر ئینتەرنێت بەڕێوەببات، لە وەڵامدانەوەی ئیمەیڵەکانتەوە، تاوەکو بڵاوکردنەوەی پۆست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانت و دانانی ئەرکی ماڵەوە بۆ قوتابییەکانت.
یەزید ئەکادیری، ئەندازیاری باڵا لە کۆمپانیای Elastic France بۆ ئاسایشی تەکنەلۆژیای زانیاری دەڵێت، "ئێمە لە ژیریی دەستکردێکەوە کە تەنیا دەمانتوانی قسەی لەگەڵ بکەین، بەرەو ژیریی دەستکردێکی بریکار رۆیشتووین کە دەتوانێت کردار بە ئەنجام بگەیێنێت، بۆیە مەترسی و هەڕەشەکان بە دڵنیاییەوە زۆر گەورەترن."
لە توێژینەوەیەکدا بەناوی "بریکارەکانی پشێوی" تیمێکی 20 کەسی لە توێژەران لێکۆڵینەوەیان لە رەفتاری شەش بریکاری ژیریی دەستکرد کردووە کە لە رێگەی OpenClawـەوە دروستکراون. ئەوان تێبینی 12 رەفتاری مەترسیداریان کردووە کە سیستمەکان هەیان بووە، لەوانە سڕینەوەی هەموو ئیمەیڵەکان یان بڵاوکردنەوەی زانیارییە کەسییەکانی خاوەنەکانیان.
ئەدریان مێرڤێی، پسپۆڕ لە ئاژانسی ئاسایشی سایبەری Check Point دەڵێت، "کاتێک ئەم بریکارانە کارا دەکەیت، هیچ کۆنترۆڵێکت بەسەر ئەوەدا نییە کە چی دەکەن و چی ناکەن، زۆرجار دەبینیت زۆر لەو سنوورانە دەبەزێنن کە بۆیان دیاری کراوە."
کێشەی ئاسایش تەنیا لە هەڵەی خودی بریکارەکاندا نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی کارەکانیان بکەن، پێویستیان بە دەستگەیشتنە بە هەژمارە کەسییەکانی وەک ئیمەیڵ، رۆژژمێر و بزوێنەرەکانی گەڕان، ئەمەش وای کردووە ببنە ئامانجێکی سەرەکی بۆ هاکەرەکان.
وێندی ویتمۆر، بەرپرسی باڵای ئاسایش لە کۆمپانیای Palo Alto Networks دەڵێت، هەر کە هاکەرەکان بچنە نێو ژینگەیەکەوە، دەستبەجێ بەرەو بریکارە ناوخۆییەکانی ژیریی دەستکرد دەچن بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە زانیاریی زیاتر لەبارەی سیستمەکانەوە بەدەست بهێنن.
توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە، هەندێک رێنمایی شاراوەیان لە ماڵپەڕەکاندا دۆزیوەتەوە کە فەرمان بە هەر بریکارێک دەکەن بیخوێنێتەوە، دەستبەجێ داتابەیسەکان بسڕێتەوە. هەروەها هەندێک فایلی دابەزێنراو هەن کە بەکارهێنەران بۆ زیادکردنی توانای بریکارەکانیان بەکاریان دەهێنن، بەڵام رێنمایی شاراوەیان تێدایە بۆ دزینی داتا و زانیارییەکان.
پیتەر شتاینبێرگەر، دروستکەری OpenClaw دەڵێت ئاگاداری مەترسییەکانە و "من بە مەبەست سیستمەکەم زۆر سادە نەکردووە بۆ ئەوەی خەڵک ناچار بن بیخوێننەوە و تێبگەن کە ژیریی دەستکرد هەڵە دەکات."
بەڵام ویتمۆر، پسپۆڕی ئاسایش پێیوایە داواکردن لە بەکارهێنەران کە خۆیان سیستمەکەیان بپارێزن "نالۆژیکییە" و پێشبینی دەکات لە ساڵی 2026دا بەهۆی ئەم ئامرازانەوە پێشێلکاریی گەورە لە ئاسایشی داتا و زانیارییەکاندا رووبدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ