رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکی شاندی وڵاتەکەی دەبێت بۆ گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد لەگەڵ ئێران. ئەم راگەیێندراوە ماوەیەکی کەم دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ گوتبووی ڤانس بەشداریی گەشتەکە ناکات.
سەرەتا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی (ABC News)ی راگەیاندبوو، ڤانس بەهۆی "نیگەرانی ئەمنی" و نەبوونی کاتی پێویست بۆ دەستەی پاسەوانی گەشت بۆ پاکستان ناکات، بەڵام کۆشکی سپی قسەکەی گۆڕی و بەرپرسێکی باڵا رایگەیاند، جەی دی ڤانس، لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ، بەشداری لە گفتوگۆکاندا دەکەن.
لە لێدوانێکی دیکە بۆ میدیای وڵاتەکەی وڵاتەکەی، ترەمپ گوتی، "ڤانس ناچێتە پاکستان."
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا لە ترووس سۆشیاڵ هێرشی تووندی کردە سەر تاران و تۆمەتباری کردن بە "پێشێلکاری تەواوەتیی" ئاگربەست بەهۆی هێرشەکانی رۆژی شەممە لە ناو تەنگەی هورمز. ترەمپ هۆشداریی دا، ئەگەر ئێران رێککەوتنی "دادپەروەرانە" قبووڵ نەکات، ئەوا هەموو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئەو وڵاتە وێران دەکات و گوتی: "چیتر کابرای باش بوونی نەما."
تەنگەی هورمز رۆژی یەکشەممە بە داخراوی مایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی تاران دووبارە بڕیاری داخستنی دا وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا. ئاژانسە ئەمنییە دەریاییەکان رایانگەیاندووە، رۆژی شەممە سوپای پاسداران تەقەی لە کەشتیەکی نەوت کردووە و هەڕەشەی لەناوبردنی کەشتییەکی گەشتیاریی کردووە.
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، گەڕی نوێی گفتوگۆکانی پاکستان دەرەنجامی "یەکجار گرنگ"ی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەبێت. ئاگربەستە 14 رۆژییەکەی نێوان هەردوولا بڕیارە رۆژی چوارشەممە کۆتایی پێ بێت، بۆیە کۆبوونەوەکانی ئیسلامئاباد وەک دواین دەرفەتی دیپلۆماسی بۆ رێگری لە پەرەسەندنی سەربازی دەبینرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ