ترەمپ 20ی نیسانی بۆ گەڕی دووەمی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران دیاریکرد: چیدی نەرمونیان نابم!

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "سبەی ئێوارە نوێنەرەکانم لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دەبن بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێران." دەشڵێت، چیدی کەسێکی نەرمونیان نابێت بەرامبەر ئێران.

سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیاڵ پۆستێکی کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران تەقەی لە کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز کردووە، ئەوەشی بە "پێشێلی تەواوەتی ئاگربەست!" ناوبردووە و دەشڵێت، زۆربەی ئەو کەشتییانەی کراونەتە ئامانج، فەرەنسی و بەریتانی بوون.

ترەمپ هەر لەوبارەیەوە پرسیاری کردووە، "ئەوە جوان نەبوو، وایە؟" پاش ئەو پرسیارەش نووسیویەتی، "نوێنەرەکانم دەچنە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان. سبەینێ ئێوارە لەوێ دەبن بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن."

 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ دەڵێت، "ئێران لەم دواییانەدا رایگەیاند کە تەنگەی هورمز دادەخەن، کە شتێکی سەیرە، چونکە گەمارۆکەی ئێمە پێشوەختە تەنگەکەی داخستووە."

سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە ئێران بە داخستنی تەنگەی هورمز هاوکاریی ئەوان دەکات و دەڵێت، "ئەوان (ئێران) بەبێ ئەوەی بزانن، یارمەتیمان دەدەن. ئەوانن بە داخستنی رێڕەوەکە رۆژانە 500 ملیۆن دۆلار زەرەر دەکەن! ئەمریکا هیچ زەرەرێک ناکات. لە راستیدا، زۆر کەشتی ئێستا بەرەو ئەمریکا، بەرەو ویلایەتەکانی تێکساس، لویزیانا و ئەلاسکا دەڕۆن، بۆ بارکردنی بارەکانیان."

هەروەها ترەمپ "دەستخۆشی" لە سوپای پاسداران دەکات و دەڵێت، "هەمیشە دەیەوێت 'پیاوە بەهێزەکە' بێت!" ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئێمە رێککەوتنێکی زۆر دادپەروەرانە و گونجاو پێشکێش دەکەین، هیوادارم قبووڵی بکەن، چونکە ئەگەر نەیکەن، ئەمریکا یەک بە یەکی وێستگەکانی کارەبا و پردەکان لە ئێران لەناودەبات."

سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەش دەکات کە "چیدی کەسێکی نەرمونیان نابم!" بە ئێرانییەکانیش دەڵێت، "بە خێرایی دەڕووخێن، بە ئاسانی دەڕووخێن، ئەگەر رێککەوتنەکە قبووڵ نەکەن، شانازی دەبێت بۆ من کە ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەم، کە دەبوو لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا لەلایەن سەرۆکەکانی ترەوە بەرانبەر ئێران بکرایە."

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا ترەمپ نووسیویەتی، "کاتی ئەوە هاتووە مەکینەی کوشتنی ئێران کۆتایی پێ بێت!"
 
رۆژی 11ی نیسان شاندی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان گەڕێکی گفتوگۆ و دانوستاندنەکانیان ئەنجامدا، کە ئامانج لێی گۆڕینی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە بوو بۆ رێککەوتنێکی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە جەنگ. هەرچەندە بەرپرسانی هەردوو وڵات باسیان لە بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکان دەکرد، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو رۆبۆتەی ریکۆردەی جیهانییەکەی تۆمارکرد. وێنە: مەهدی فەرەج

رۆبۆتێکی چینی لە ماراسۆنێکدا ریکۆردێکی جیهانیی نوێی تۆمارکرد

چین لە رێگەی رۆبۆتەکانییەوە سنوورەکانی توانای مرۆڤی تێپەڕاند و ریکۆردێکی نوێی جیهانیی لە نیوە ماراسۆن دا تۆمار کرد. رۆبۆتی "هۆنەر" (Honer) لە دەستکەوتێکی بێپێشینەدا، توانی نیوە ماراسۆنێکی 21 کیلۆمەتری تەنیا لە 48 خولەک دا ببڕێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ریکۆردی جیهانیی بۆ مرۆڤ لە هەمان مەودا دا نزیکەی 57 خولەکە.