ترەمپ لەبارەی ئاگربەستی ئۆکراینا بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ پووتین دەکات

19-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی لەسەر هەوڵەکانی ئاگربەستی ئۆکراینا قسە دەکات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی بەڵێنی دابوو لە یەکەم رۆژی سەرۆکایەتییەکەیدا کۆتایی بە ململانێی رووسیا و ئۆکراینا بهێنێت، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسییەکانی تاوەکو ئێستا پێشکەوتنێکی کەمیان بەدەستهێناوە.
 
شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا هەینیی رابردوو بۆ یەکەم جار لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵدا دانوستاندنی راستەوخۆیان لە ئیستەنبووڵ ئەنجامدا، بەڵام گفتوگۆکان بەبێ هیچ پابەندبوونێک بە ئاگربەست کۆتاییان هات.
 
شاندی هەردوولا سووکایەتییان بە یەکدی کرد، ئۆکراینا مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بە ناردنی شاندێکی "گەمژانە"ی بەرپرسانی ئاست نزم.
 
دوای دانوستانەکان ترەمپ رایگەیاند، بە تەلەفۆن لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا قسە دەکات وەکو هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە "گۆمی خوێن" لە ئۆکراینا، کە بەشێکی زۆری وڵاتەکەی وێران کردووە و ملیۆنان کەسی ئاوارە کردووە.
 
ترەمپ هەروەها رایگەیاند، لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و بەرپرسانی ناتۆش قسە دەکات، هیوای خواست "ئاگربەستێک رووبدات و ئەم جەنگە زۆر تووندوتیژە کۆتایی پێبێت."
 
لەوەتەی لە مانگی کانوونی دووەمدا دەستبەکاربووە، ترەمپ چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەیەوێت کۆتایی بە ململانێکە بهێنێت و لەم دواییانەدا پشتیوانیی لە داواکاریی ئاگربەستێکی بێ مەرجی 30 رۆژە کردووە.
 
تاوەکو ئێستا، ئەو بە شێوەیەکی سەرەکی سەرنجی لەسەر زیادکردنی گوشار بووە لەسەر ئۆکراینا و خۆی لە رەخنەگرتن لە پووتین بەدوور گرتووە.
 
مۆسکۆ و واشنتن هەردووکیان پێشتر جەختیان لەوە کردبووەوە، دەبێت کۆبوونەوەیەک لەنێوان پووتین و ترەمپدا بکرێت بۆئەوەی کۆتایی بە جەنگ بهێندرێت.
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکو ئەو کاتەی رووبەڕوو لەگەڵ پووتین کۆنەبێتەوە، "هیچ شتێک روونادات."
 
هەوڵدان بۆ سەپاندنی سزا
 
لە گفتوگۆکانی ئیستەنبووڵدا، کە بەرپرسانی ئەمریکیش ئامادەی بوون، رووسیا و ئۆکراینا لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی 1,000 دیل لە هەر لایەکەوە رێککەوتن و تاوتوێی ئەگەری ئاگربەستیان کرد بێ ئەوەی هیچ پابەندییەک بە وەستاندنی جەنگ رابگەیێنن.
 
رۆستەم عومەرۆڤ، وەزیری بەرگریی و دانوستاندنکاری باڵای ئۆکراینا رایگەیاند کە "هەنگاوی داهاتوو" بریتی دەبێت لە کۆبوونەوەی نێوان پووتین و زیلینسکی.
 
رووسیا رایگەیاند داواکارییەکەی بە هەند وەرگرتووە.
 
گوتەبێژی کرێملین گوتی: "ئێمە پێمانوایە رێی تێدەچێت، بەڵام تەنیا وەک ئەنجامی کارکردن و دوای بەدەستهێنانی هەندێک ئەنجامی دیاریکراو لە شێوەی رێککەوتنێک لە نێوان هەردوو لادا."
 
هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ئۆکراینا لەو کاتەوە پووتینیان تۆمەتبار کردووە بە پشتگوێخستنی بەمەبەستی داواکارییەکانی ئاگربەست و گوشیارن کردووە بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیادا.
 
سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتالیا رۆژی یەکشەممە بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ ترەمپ کرد.
 
گوتەبێژێکی کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "لە چاوەڕوانیی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سبەینێی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، لەگەڵ سەرۆکی ڤلادیمیر پووتیندا، سەرکردەکان باسیان لە پێویستیی ئاگربەستێکی بێمەرج و ئەوە کرد کە سەرۆک ڤلادیمیر پووتین، گفتوگۆکانی ئاشتی بە رژدی وەربگرێت."
 
گوتەبێژەکە گوتی، "ئەوان هەروەها باسیان لە بەکارهێنانی سزا کرد ئەگەر رووسیا بە رژدی بەشداری لە ئاگربەست و گفتوگۆکانی ئاشتیدا نەکات."
 
زیلینسکی هەروەها لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی لە ئەگەری سزاکان کرد کاتێک رۆژی یەکشەممە دوای رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پاپا لیۆ لە ڤاتیکان یەکدییان بینی.
 
زیلینسکی دوای کۆبوونەوەکە لە تەلەگرامەوە رایگەیاند: "ئێمە باسی گفتوگۆکانی ئیستەنبووڵمان کرد، کە رووسەکان شاندێکی ئاست نزمیان ناردبوو بێ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی بڕیاردانیان هەبێت. هەروەها باسمان لە پێویستیی سەپاندنی سزا بەسەر رووسیا، بازرگانیی دوولایەنە، هاوکاریی بەرگری، دۆخی بەرەکانی جەنگ و ئاڵوگۆڕی داهاتووی دیلەکان کرد."
 
بەرپرسێکی باڵای ئۆکراینی لە نووسینگەی سەرۆک، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئەوان هەروەها باسی ئامادەکارییەکانیان کردووە بۆ گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی رۆژی دووشەممەی نێوان ترەمپ و پووتین.
 
'هۆکارە ریشەییەکان'
 
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان زیلینسکی و ڤانس بوو لەدوای دەمەقاڵێکەی مانگی شوباتیان لە کۆشکی سپی.
 
لە نووسینگەی سەرۆک لە کۆشکی سپی،  ئەوکات ڤانس بە ئاشکرا زیلینسکیی بە "بێڕێزیکردن" بە ترەمپ تۆمەتبار کرد، کە بە سەرکردەی ئۆکراینای گوتبوو دەبێت زیاتر سوپاسگوزار بێت و هیچ "کارتێک"ی نییە بۆ یاریکردن لە دانوستانەکاندا لەگەڵ رووسیا.
 
ئۆکراینا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، رووسیا شەوی رابردوو ژمارەیەکی پێوانەیی درۆنی ئاراستەی وڵاتەکە کردووە و ناوچە جیاجیاکانی کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا کیێڤی پایتەخت، کە تێیدا ژنێک کوژرا.
 
پیاوێکی دیکە لە هەرێمی خێرسۆنی باشووری رۆژهەڵات کوژرا، کە تێیدا وێستگەیەکی شەمەندەفەر و ماڵ و ئۆتۆمبێلی تایبەت کرابوونە ئامانج.
 
پووتین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمیی رووسیا کە رۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند کە ئامانجی مۆسکۆ "لابردنی ئەو هۆکارانەیە کە ئەم قەیرانەیان دروستکردووە، رەخساندنی هەلومەرجە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و مسۆگەرکردنی ئاسایشی رووسیا"یە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
 
مەبەستی رووسیا لە "هۆکارە ریشەییەکانی" ململانێکە بە شێوەیەکی گشتی ئەو گلەییانەیە کە مۆسکۆ لە کیێڤ و رۆژئاوایان دەکات و وەک پاساو بۆ دەستپێکردنی جەنگ بەکاریهێنابوون.
 
رووسیا کە لە شوباتی 2022 دەستی بە هێرشکرد، رایگەیاند کە دەیەوێت ئۆکراینا لە نازییەکان پاکبکاتەوە، رووسزمانەکان بپارێزێت، رێگری لە فراوانخوازیی ناتۆ بکات و نەهێڵێت ئۆکراینا بخزێتە بەرەی رۆژئاوا. 
 
بەڵام کیێڤ و رۆژئاوا دەڵێن ئامانجی لەشکرکێشییەکەی رووسیا بریتییە لە دەستبەسەرداگرتنێکی ئیمپریالی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا