لە ئەڵمانیا ژن و پیاوێکی کورد کە ئەندامی داعش بوون، دادگەیی کران

19-05-2025
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
.
.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دادگای باڵای هەرێمی باڤاریا لە شاری میونشنی ئەڵمانیا، ژن و پیاوێکی کورد کە ئەندامی رێکخراوی داعش بوون دادگەییکران.
 
توانا خەلیل حەمە شەریف کە روخساری شاردووەتەوە، لەدایکبووی ساڵی 1981ـە و خەڵکی هەڵەبجەیە. لە سەرەتای ساڵانی 2000ـەوە لە ئەڵمانیا ژیاوە. لە میونشن تێکەڵی چەند "گرووپێکی سەلەفی" بووە لە مزگەوتی دارولقورئان و دواتر چووەتە موسڵ و رەققە و بووەتە ئەندامی داعش.
 
ژنەکەش ناوی ئاسیایە و روخساری لە پشت فایلێکەوە شاردووەتەوە. باوکی ناوی رائید عەلی ـە و کوردێکی خەڵکی حەویجەیە. باوکی وەک دیاریی 18 ساڵەی لەدایکبوونی، ئاسیای بردووەتە نێو ریزەکانی داعش. لەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ توانادا کردووە.
 
توانا و ئاسیا لە 9ـی نیسانی 2024 لە ئەڵمانیا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوێکی "تیرۆریستیی بیانی"، ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵ، زیندانیکراون.
 
ناتالی ڤۆن ڤیستینگهاوزن و سۆنکا، دوو پارێزەری ناسراوی کەیسەکانی ئێزدییەکان لە ئەڵمانیا، بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی یەکێک لە قوربانییەکانی دەستی توانا و ئاسیا لە دادگەن. ئەوان دەڵێن، ئەگەر ئەو تۆمەتانەی داواکاری گشتی ئاراستەی کردوون، بسەلمێنرێن، ئەوا سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا دەسەپێنرێت.
 
ناتالی ڤۆن ڤیستینگهاوزن، پارێزەری کچێکی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش، رایگەیاند: "ئەگەر ئەو تۆمەتانەی لەلایەن داواکاری گشتییەوە خراونەتە پاڵیان، بسەلمێنرێن، ئەوا سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا دەسەپێت؛ سکاڵاکە پەیوەستە بە جینۆسایدەوە. ئەو کڕیارەی ئێمە نوێنەرایەتیی دەکەین لەم پرۆسەیەدا، هەروەها رزگاربووانی دیکەی ئێزدی کە نوێنەرایەتیمان کردوون، باس لە دوو پاڵنەری سەرەکی دەکەن بۆ ئەوەی بۆچی بەشداری لەم پرۆسانەی دادگاییکردندا دەکەن و بۆچی بۆیان گرنگە؛ یەکەمیان بێگومان چیرۆکی کەسییە، بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە بەردەوام گوێمان لێدەبێت، [ئەویش ئەوەیە] جیهان ئاگادار بێت چی بەسەر ئێزدییەکاندا هاتووە، جیهان ئەم جینۆسایدە بناسێنێت و ئەوان بەردەوام دەڵێن، بەو هیوایەی ئەمە دووبارە نەبێتەوە."
 
سەبارەت بەوەی ئاخۆ ئاسیا لە دادگا قسە لەسەر تۆمەتەکان و رووداوەکان دەکات، پارێزەرەکەی وەڵامی دایەوە.
 
شێرڤین ئامێری، پارێزەری بەرگریکار لە تۆمەتبار (ئاسیا) گوتی: "بریگرتەکەم تائێستا سەبارەت بەم کەیسە قسەی نەکردووە، بەڵام ئەوەمان لەبەرچاوگرتووە کە رەنگە لە 2ی حوزەیران بدوێت."
 
بە گوێرەی پلانی دادگا، 42 دانیشتن دیاریکراون بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدرێت. لەم ماوەیەدا یەکێک لەو دوو کچەی توانا دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر و لەژێر زوڵمی داعش رزگاری بووە، وەک شایەتحاڵ قسە دەکات.
 

 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە