رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دەڵێت، پێویستە ئیسرائیل لە پێشبڕکێی گۆرانیی یۆرۆڤیژن دووربخرێتەوە، هاوکات هاوسۆزیی خۆی بۆ "گەلی فەلەستین دەربڕی کە رووبەڕووی نادادپەروەریی جەنگ و بۆردوومان" بوونەتەوە.
ئەم گوتەیەی پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا کە یەکێکە لە رەخنەگرە هەرە دیارەکانی جەنگی وێرانکەری ئیسرائیل لە غەززە، دوای ئەو خۆپێشاندانانە هاتن کە دژی بەشداریی ئیسرائیل لە ئاهەنگە گەورەکەی چەند رۆژێک لەمەوبەری سویسرا ئەنجامدران.
رووسیا لەو کاتەوەی لە ساڵی 2022ـدا هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا، رێگەی پێنەدراوە بەشداری لە یۆرۆڤیژن بکات.
لە بۆنەیەکدا لە مەدرید سانچێز گوتی، "پێویستە ئیسرائیلیش (بەشدار نەبێت)، چونکە ئەوەی ناتوانین رێگەی پێبدەین دووڕوویی ستانداردەکانە لە کولتووردا."
سەرکردە سۆسیالیستەکە گوتی، "دەبێت پابەندبوونی ئیسپانیا بە یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ بەردەوام و هاوشێوە بێت. دەبێت ئەورووپاش وەها بێت."
پێش یاریی کۆتایی یۆرۆڤیژن لە رۆژی شەممە، دەزگای پەخشی گشتیی ئیسپانیا RTVE پەیامێکی لە پشتیوانی فەلەستینییەکان پەخشکرد - سەرەڕای ئەوەی لەلایەن رێکخەرانی یۆرۆڤیژن کە یەکێتیی پەخشی ئەورووپی (EBU)ە ئاگادارکرابووەوە کە ئاماژە بە غەززە نەکات.
لە مانگی نیساندا، RTVE نامەیەکی بۆ EBU نووسی و داوای "گفتوگۆ"ی کرد سەبارەت بە بەشداریی ئیسرائیل، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی مەدەنی "نیگەرانی" هەیە سەبارەت بە دۆخی غەززە، کە مەترسی برسێتی تێیدا روو لە زیادبوونە.
سانچێز، کە ساڵی رابردوو دانی بە دەولەتی فەلەستیندا نا، رۆژی دووشەممەش "پشتیوان"ی بۆ گەلی ئۆکرانیا و گەلی فەلەستین دەربڕی کە "رووبەڕووی نادادپەروەری جەنگ و بۆردومان" بوونەتەوە.
لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبیدا لە بەغدا کە رۆژی شەممە بەڕێوەچوو، سەرکردە سۆسیالیستەکە داوای گوشاری نێودەوڵەتی زیاتری کرد لەسەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی "کۆمەڵکوژی لە غەززە."
سانچێز گوتی، ئیسپانیا پێشنیازێک پێشکێشی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ ئەوەی داوا لە دادگای نێودەوڵەتی داد بکات بڕیار لەسەر پابەندبوونی ئیسرائیل بدات بە ئەرکە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە گەیشتنی هاریکاری مرۆیی بە غەززە.
هێرشەکەی حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل بووە هۆی گیانلەدەستدانی 1,218 کەس، کە زۆربەیان مەدەنی بوون.
حەماس 251 بارمتەی لەکاتی هێرشەکەدا گرت، کە 57 کەسیان هێشتا لە غەززەن، لەنێویاندا 34 کەس کە سوپا دەڵێت مردوون.
هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژرانی 53,339 کەس لە غەززە، کە زۆربەیان سڤیلن، بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی لە غەززەی ژێر دەسەڵاتی حەماسدا. نەتەوە یەکگرتووەکان ئامارەکانی وەزارەتەکە بە جێی متمانە دەزانێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ