رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دووشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی روسیا ئەنجام دەدات، ئەوەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە ساڵی 2022 هەڵگیرسا.
ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتییدا لە ئەمریکا بەڵێنی دا لە دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، "زۆر بە زوویی" کۆتایی بە ململانێیەکە بهێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پێشکەوتنێکی کەمیان بەخۆوە بینیوە.
سەرەڕای ئەوەی ئۆکرانیا رایگەیاندووە، رووسیا لە کۆتایی هەفتەدا هێرشێکی "رێکۆردشکێن"ـی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەنجام دا، مۆسکۆ رۆژی دووشەممە رایگەیاند، پێی باشترە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە کۆتایی بە ململانێیەکە بهێنێت و پەیوەندییە چاوەڕوانکراوەکەی بە "گرنگ" ناوبرد.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "بێگومان، پێمان باشترە لە رێگەی ئامرازە سیاسی و دیپلۆماسییەکانەوە بگەینە ئامانجەکانمان،" گوتیشی، رووسیا هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بەرز دەنرخێنێت.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، پێش پەیوەندییەکە، داواکارییەکەی بۆ "ئاگربەستێکی تەواو و بێمەرج" نوێکردەوە.
شاندەکانی رووسیا و ئۆکرانیا رۆژی هەینی لە ئەستەنبووڵ بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ ساڵدا دانوستاندنی راستەوخۆیان ئەنجامدا، بەڵام گفتوگۆکان بەبێ پابەندبوون بە ئاگربەست کۆتاییان هات.
دوای دانوستانەکان، ترەمپ رایگەیاند کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی روسیا ئەنجام دەدات، لە هەوڵێکدا بۆ کۆتاییهێنان بە "خوێنڕشتن" لە ئۆکرانیا، کە شەڕەکە بەشێکی زۆری وڵاتەکەی وێران کردووە و ملیۆنان کەسی ئاوارە کردووە.
ترەمپ هەروەها گوتی کە قسە لەگەڵ زێلێنسکی و بەرپرسانی ناتۆ دەکات، و هیوای خواست کە "ئاگربەستێک بەدەستبهێندرێت، و ئەم جەنگە پڕ لە تووندوتیژییەکۆتایی پێبێت."
ترەمپ زۆربەی تووڕەیی خۆی ئاراستەی ئۆکرانیا کردووە لەکاتێکدا خۆی لە رەخنەگرتنی بەرفراوانی پووتین پاراستووە.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها پێی وایە کە "هیچ شتێک روونادات" سەبارەت بە ململانێیەکە تاوەکو رووبەڕوو لەگەڵ پووتین کۆنەبێتەوە.
"هاندان بۆ سەپاندنی سزا"
لە گفتوگۆکانی ئەستەنبووڵ، کە بەرپرسانی ئەمریکیش ئامادەی بوون، رووسیا و ئۆکرانیا رێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی 1000 دیل و ئاڵوگۆڕی بیرۆکە سەبارەت بە ئاگربەستێک، بەڵام بەبێ هیچ پابەندبوونێکی کۆنکرێتی.
زیلینسکی رۆژی دووشەممە گوتی، رووسیا لە کاتی گفتوگۆکاندا هەڕەشەی کردووە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
ناوبراو لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند: "ئۆکرانیا پێداگری دەکات لەسەر پێویستیی ئاگربەستێکی تەواو و بێمەرج بۆ رزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان و دانانی بناخەیەکی پێویست بۆ دیپلۆماسی."
هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ئۆکرانیا لەو کاتەوە رووسیا بە پشتگوێخستنی بەئەنقەستی داواکارییەکانی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن و داوای سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیادا دەکەن.
سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا رۆژی یەکشەممەش پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەگەڵ ترەمپ ئەنجامدا.
گوتەبێژێکی کیەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "سەرکردەکان باسیان لە پێویستیی ئاگربەستێکی بێمەرج و ئەوە کرد کە پێویستە سەرۆک پووتین بە جیدییەوە مامەڵە لەگەڵ گفتوگۆکانی ئاشتیدا بکات."
گوتەبێژەکە گوتیشی: "سەرکردەکان هەروەها باسیان لە بەکارهێنانی سزا کرد، ئەگەر رووسیا بە جیدییەوە بەشداری لە ئاگربەست و گفتوگۆکانی ئاشتیدا نەکات."
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، کە ئەویش بەشداری لە پەیوەندییەکەدا کردبوو، لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی: "پێویستە پووتین رازی بێت بە ئاگربەست و گفتوگۆکانی ئاشتی،" گوتیشی، سەرکردە ئەورووپییەکان ئامانجیان ئەوەیە رۆژی دووشەممە جارێکی دیکە قسە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا بکەنەوە.
زیلینسکی هەروەها باسی سزای لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کرد، کاتێک رۆژی یەکشەممە دوای رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی پاپا لیۆ لە ڤاتیکان یەکدییان بینی.
بەرپرسێکی باڵای ئۆکراینی لە نووسینگەی سەرۆکایەتی، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی، زیلینسکی و پاپا لیۆ باسیان لە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ گفتوگۆی تەلەفۆنی رۆژی دووشەممەی نێوان ترامپ و پووتین.
هۆکارە بنەڕەتییەکان
لەسەر زەوی، سوپای رووسیا لە هێرشەکانی بەردەوامە.
مۆسکۆ بانگەشەی ئەوە دەکات هێزەکانی دوو گوندیان لە هەرێمەکانی سومی و دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆنترۆڵ کردووە.
هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا دەڵێت، رووسیا شەوی رابردوو 112 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی ئۆکرانیا کردووە، کە 76 یان خراونەتە خوارەوە.
پووتین لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی کە رۆژی یەکشەممە پەخشکرا، گوتی، ئامانجی مۆسکۆ "لابردنی ئەو هۆکارانەیە کە ئەم قەیرانەیان هەڵگیرساند، هەروەها رەخساندنی هەلومەرجە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و مسۆگەرکردنی ئاسایشی رووسیا،" بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
ئاماژەکانی رووسیا بە "هۆکارە بنەڕەتییەکانی" ململانێیەکە بە شێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بەو ناڕەزایەتییانەی بەرامبەر کیێڤ و رۆژئاوا هەیەتی کە مۆسکۆ وەک پاساو بۆ دەستپێکردنی داگیرکارییەکە لە شوباتی 2022 خستوویەتیەڕوو.
ئەمانە بریتین لە بەڵێنەکان بۆ "نازی لابردن" و چەک داماڵینی ئۆکرانیا، پاراستنی رووس زمانەکان لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، بەرپەرچدانەوەی فراوانبوونی ناتۆ و راگرتنی لادانی جیۆپۆلەتیکی ئۆکرانیا بەرەو رۆژئاوا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ