کۆسۆڤۆ لە کۆتایی ئەمساڵدا داواکاریی ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا پێشکێش دەکات

19-06-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە کۆسۆڤۆ لە کۆتایی ئەمساڵدا داواکاریی ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا پێشکێش بکات. رۆژنامەڤانێکیش لە پایتەختی ئەو وڵاتە دەڵێت، بەهۆی رێکارە تووندەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە چیدیکە نایەوێت لەو وڵاتانە کاری رۆژنامەڤانی بکات.
 
ئۆلۆنا کادریو، رۆژنامەڤانێکی دانیشتووی پریستینای پایتەختی کۆسۆڤۆیە. ئەو لە وڵاتێکی ئەوروپی دەژی، بەڵام ناتوانێت بەبێ ڤیزا سەردانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بکات و دەڵێت، "نابێت کەس بۆ ڤیزا بپاڕێتەوە. ئەمە شێتانەیە. بڕوام بەوە نییە کە ئێمە ئەوروپی بین. پێموایە دەبێت دووبارە چاو بەو تێڕوانینی ئەوروپیبوونەدا بخشێندرێتەوە."
 
ژمارەی دانیشتووانی کۆسۆڤۆ 1.8 ملیۆن کەسە. باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە ساڵێکدا ڤیزا تەنیا بە 5500 هاووڵاتیی کۆسۆڤۆ دەدات، ئەوەش لە کاتێکدایە کە تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 100 هەزار داواکاری بۆ وەرگرتنی ڤیزا رادەست کراون.
 
بێسنیک ساقی، کرێکار دەڵێت، "لە مانگی ئاداردا چاوپێکەوتنی ڤیزام ئەنجامدا. تێچووەکەی 180 یۆرۆ بوو و نزیکەی دوو هەفتەی ویست تاوەکو هەموو بەڵگەنامە پێویستەکانم کۆکردنەوە. زۆر ناخۆشە. ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەیە کە ئازادیی ڤیزامان نییە."
 
لە ساڵی 2018 دا کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریدا کە دەبێت رێگە بە هاووڵاتییانی کۆسۆڤۆ بدرێت بەبێ ڤیزا سەردانی 26 وڵاتەکەی ناوچەی شنگن بکەن، بەڵام دوای چوار ساڵ، هێشتا حکومەتی ئەو وڵاتانە گڵۆپی سەوزیان بۆ کۆسۆڤۆ هەڵنەکردووە.
 
دۆنیکا ئێمینی، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت، "لەم کاتەدا ئەمە کێشەیەکی سیاسییە کە لە ترس و نەبوونی متمانە بە کۆسۆڤۆوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوەش کاتێک دێتە سەر شەڕکردن لە دژی گەندەڵی و تاوانی رێکخراو."
 
حکومەتی کۆسۆڤۆ دەڵێت، لە کۆتایی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی فەرمی داواکاریی ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا پێشکێش دەکات. لە ساڵی 2008دا کۆسۆڤۆ سەربەخۆیی لە سربیا وەرگرت، بەڵام تەنیا لەلایەن 97 وڵاتەوە دانی پێدا نراوە.
 
سڕبیا کە خۆیشی داواکاریی ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا پێشکێش کردووە، لەگەڵ پێنج ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا دژی ئەوەن کۆسۆڤۆ ببێتە ئەندام لەو یەكێتییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AA/ Kyle Mazza

ترەمپ بۆ رووداو: باشترە ئێران رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باشترە ئێران بە دانوستاندن بگاتە "رێککەوتنێکی دادپەروەرانە" و گوتیشی، 32 هەزار کەس لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی دژی حکومەت، لە ئێران کوژراون