جیهان
لیسیۆم لە دروستکردنی پاتریی ئۆتۆمبێلی کارەباییدا بەکاردێت، مادەیەکە لە بەرد و سوێراو دەردەهێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
لیسیۆم کە لە دروستکردنی پاتریی ئۆتۆمبێلی کارەباییدا بەکاردێت، مادەیەکە لە بەرد و سوێراو دەردەهێندرێت. سوێراو گیراوەی ئاو و خوێیە. لە ئەمریکای لاتین لیسیۆم لە زەوییە خوێدارەکان دەردەهێندرێت.
سوێراوەکە لە بن ئاوی ژێر زەوی دەردەهێندرێت کە لە قووڵایی چەند سەد مەترێکدایە. رێگەیەکی کۆن ئەوەیە کە سوێراوەکە هەڵدەکێشرێتە نێو چەند حەوزێکی گەورە و وازی لێدەهێندرێت تاوەکو ئاوەکەی دەبێتە هەڵم، خوێیە نیشتووەکەش دەبرێتە پاڵاوگە.
رێگەیەکی نوێش هەیە کە بەرهەمی لیسیۆم 40% زیاد دەکات، ئەوەش ئەوەیە کە سوێراوەکە دەخرێتە نێو ستوونی کانزایی پڕ لە دەنکۆڵە، کە وەکو ئیسفەنج کار دەکەن و لیسیۆم بۆ خۆیان رادەکێشن. ئەو سوێراوەشی کە دەمێنێتەوە، بەر دەدرێتەوە نێو ئەو چینە خوێیەی ناخی زەوی، کە لێی دەرهێندراوە.
کە دەنکۆڵەکان پڕ بوون لە لیسیۆم، بە ئاوی شیرین دەشۆردرێنەوە، ئاوە شیرینەکەش لەو چینە دەردەهێندرێت کە لەژێر چینە خوێیەکەیە.
ئەوەی دەمێنێتەوە، گیراوەیەکە کە بە پرۆسەیەکی نانۆپاڵاوتن و دەڵاندندا دەڕوات بۆئەوەی چڕیی لیسیۆمەکە زیاد بکات.
دواتر لیسیۆمەکە بە هەڵماندن جیادەکرێتەوە، لە رێگەی کارلێککردن لەگەڵ کاربۆناتی سۆدیۆم، کاربۆناتی لیسیۆمی لێ دروستدەکرێت.
بەو شێوەیەش کاربۆناتی لیسیۆم ئامادە دەبێت بخرێتە نێو پاتریی ئۆتۆمبێل و مۆبایل؛ رێگە نوێیەکە چەند رۆژێکی کەمی دەوێت، بەڵام کۆنەکە 18 مانگ دەخایێنێت. رێگە نوێیەکە دوو هێندە کەمتر ئاویشی دەوێت بۆ بەرهەمهێنانی هەمان بڕی لیسیۆم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ