کەسوکاری کۆچبەرە بێسەروشوێنبووەکانی یۆنان لە رێگەی رووداوەوە سۆراخیان دەپرسن

19-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
دیمەنی بەلەمەکە و کەسوکاری کۆچبەران کە قسەیان بۆ رووداو کردووە.
دیمەنی بەلەمەکە و کەسوکاری کۆچبەران کە قسەیان بۆ رووداو کردووە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کەسوکاری کۆچبەرە بێسەروشوێنەکان چوونەتە دوورگەی کالاماتای یۆنان؛ دڵیان نوقمی گریانە، نازانن ئازیزانیان زیندوون یان خنکاون.
 
ئەوان بەدوای بچووکترین هیوادا دەگەڕێن. لەو 700 بۆ 750 کۆچبەرەی کە چوارشەممەی رابردوو بەلەمەکەیان لە نزیک دوورگەی پیلۆسی یۆنان نوقمبوو، تەنیا 104یان رزگارکراون؛ تەرمی 78 کەس دۆزراوەتەوە؛ سەروو 500ی دیکەیان بێسەروشوێنن و مەترسی دەکرێت بووبنە خۆراکی ماسییەکان.
 
11 کۆچبەری خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانیان لەگەڵ بوو. پێنجیان رزگاریان بووە و 6ی دیکەیان بێ سەروشوێنن. 
 
یەکێک لەو کۆچبەرانە، ئەو دیمەنانەی کامپی کالاماسای بۆ رووداو ناردووە کە رزگاربووەکانی تێدا نیشتەجێکراون، لەوێوە چیرۆکی ئەو تراژیدیایەی بۆ رووداو گێڕایەوە کە خەونی گەیشتنی بە ژیانێکی خۆشتری خستە ژێر شەپۆلەکانی دەریای ئیجە. 
 
عەلی شێخی، کۆچبەری خەڵکی کۆبانێیە و دەڵێت، "کاتێک شەپۆڵەکە هات، من خۆم گرتبوو، بەڵام بەسەر خەڵکیدا کەوتمە خوارەوە. خەڵکیش هەمووی کەوتبوونە نێو ئاوەوە. هەرکەسەو دەیویست خۆی رزگارکا. من لەوان دوورکەوتمەوە، نەمزانی چەند لێیان دوورکەوتوومەتەوە. دواتر زانیم کە نزیکەی 60 بۆ 70 مەتر لە بەلەمەکە دوورکەوتوومەتەوە." 
 
وەلید محەممەد قاسم، محەممەد فەوزی شێخی، دیار محەممەد، ئەحمەد بۆزان، محەممەد فەرید ئەحمەد و کامەران ئەحمەد چارەنووسیان دیار نییە. 
 
کەسوکارەکانیشیان ناتوانن بڕۆنە یۆنان و بەدوایاندا بگەڕێن، لە دوورەوە دەستیان لەسەر دڵیانە و چاوەڕێ دەکەن تەلەفۆنێک یان نامەیەک گڕی دڵیان بکوژێنێتەوە، بەڵام تاوەکو دێت، بیستنی هەواڵێکی خۆش، ئەستەمتر دەبێت. لە رێگەی رووداوەوە داوای یارمەتی دەکەن. 
 
میرا قاسم، خوشکی کۆچبەرێکی بێسەروشوێنە و دەڵێت، "براکەم لە 5ـی ئایار دەچێتە لوبنان و دواتر دەچێتە لیبیا. دوای ئەوە لە 9ی حوزەیران تەلەفۆنی کرد و گوتی کە سواری بەلەم دەبن و دەچنە ئیتاڵیا. دواتر لە نزیک یۆنان بەلەمەکەیان وەردەگەڕێت و ژێرئاو دەکەوێت. لەو کاتەوە بێسەروشوێنە و هیوادارین لایەنی پەیوەندیدار و خێرخوازان لە رێگەی رووداوەوە هاوکاریی ئێمە بکەن." 
 
بۆزان شکری، باوکی کۆچبەرێکی بێسەروشوێن باس لەوە دەکات، " ئەحمەد پێش سێ مانگ چووە لیبیا و لەم بەلەمە سواربوو. تاوەکو ئێستا هیچ سۆراخێکیمان نییە. نە هەواڵێک نە شتێک هیچمان بەدەست نەگەیشتووە. داوا لە هەرێمی کوردستان دەکەین شتێکمان بۆ بکەن و بیاندۆزنەوە؛ بۆ ئەوەی بزانین کە ئایا مردوون یان ماون." 
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، نزیکەی 140 کۆچبەری سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە بەلەمە ژەنگگرتووەکەدابوون. 
 
بەشێکیان چەندین ساڵ کاریان کردووە بۆ ئەوەی پێنج هەزار دۆلارێک کۆبکەنەوە و بیدەن بە قاچاخچییەکان تاوەکو لە هەژاری و شەڕ رزگاریان بکەن و بیانگەیێننە ئەوروپای شوێنی خەونەکانیان، بەڵام بەخت یاوەری هەموویان نەبوو.
 

 

 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە