پۆلیسی فەرەنسا رێگە نادات ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە نۆکەندی ئینگلیز بپەڕنەوە

20-06-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
کۆچبەرێک لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا
کۆچبەرێک لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک کۆچبەر کە زۆرینەیان کوردن لە ئاوەکانی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا هەوڵی پەڕینەوە دەدەن، بەڵام  پۆلیسی فەرەنسا داوایان لێدەکات لە ئاوە ساردەکە بێنە دەرەوە و ژیانیان نەخەنە مەترسییەوە. 
 
کۆچبەرانی کورد خەڵکی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن، دوای هەوڵدانێکی زۆر لە ئاوەکە هاتنە دەرەوە، بەڵام دەستبەرداری خەونەکەیان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا نابن. 
 
ستێفان پینتۆ، سەرۆکشارەوانیی ناوچەی ئەمبلیتیوس لەبارەی دۆخی کۆچبەرانەوە دەڵێت: "دۆخەکە لێرە خراپە، خەڵکی زیاتر و زیاتر رۆژانە دەگەنە ئێرە، ئێرانی، عێراقی و هەموو نەتەوەکان بە کۆمەڵ روو لێرە دەکەن، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لە نۆکەندی ئینگلیز بپەڕنەوە و بگەنە بەریتانیا، ئەوەش وایکردووە فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، تەنانەت ئینگلتەراش رێکارییان بۆ راگرتنی کۆچبەران گرتووەتەبەر".
 
سەرەڕای تووندکردنی سنوورەکان هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران دەیانەوێت لە نۆکەندی ئینگلیز بپەڕنەوە. حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، هەر کۆچبەرێک بچێتە نێو وڵاتەکە، رەوانەی رواندای دەکات و لەگەڵ فەرەنساش هاوئاهەنگییان بۆ زیادکردنی پۆلیس لەسەر سنوورەکان کردووە، بەڵام ئەوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کۆچبەران دروست نەکردووە.
 
چالاکڤانان دەڵێن، بە زیادکردنی ژمارەی پۆلیسەکان لە سنوورەکان، تەنیا تووندتیژی زیاتر کردووە. 
 
سالۆمۆن باغی، چالاکڤانی مافەکانی کۆچبەران گوتی: "زیادکردنی پۆلیس مەترسییەکی زیاتری لەسەر ژیانی کۆچبەران دروست کردووە و دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زیاتریان گیان لەدەست بدەن. لە سەرەتای دەستپێکردنی 2024 تاوەکو ئێستا لانیکەم 20 کەس لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنسا گیانیان لەدەستداوە."
 
محەممەد عوسمان کۆچبەرێکی سوودانییە، چەندین وڵاتی بڕیوە تاوەکو گەیشتووەتە فەرەنسا، ئەو دەڵێت، ئامانجی بەریتانیایە و هیچ شتێک رایناگرێت و باس لەوە دەکات: "من کەسێکی باشم، دەزانم کە دەتوانم ببمە پزیشکێکی باش یان هەر شتێکی دیکە. من دەتوانم زۆر شتیان پێشكێش بکەم، دەبمە مرۆڤ، مرۆڤێکی باش. ئەوە کێشەی چییە؟ ئەگەر من لەو شوێنە بمێنمەوە لەوانەیە هەموو ژیانم ئاوا بڕوات، لەوانەیە ژیانم وێران بێت".
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 10 هەزار و 400 کەس لە فەرەنساوە لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، ئەمەش نزیکەی 40% زیاترە لە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی هەمان ماوەی ساڵی پار گەیشتووبوونە بەریتانیا. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا.

ماکرۆن بەدوای سەرۆکوەزیرانێکی نوێدا دەگەڕێت

دوای ئەوەی پەرلەمانی فەرەنسا متمانەیان لە سەرۆکوەزیران وەرگرتەوە و ئەویش دەستی لەکار کێشایەوە، ئێستا سەرۆکی فەرەنسا بیر لە دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە دەکاتەوە.