یەکێتیی ئەورووپا پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و سووریا دەکات

19-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان سووریا و ئیسرائیل دەکات و ئاماژەی بەوە کرد کە حەپاسەوە بەهۆی تووندووتیژییە تائیفییە خوێناوییەکانی ئەم دواییەی ناوچەی سوەیدای دروزنشین.
 
رۆژی شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، دەزگای دیپلۆماسیی یەکێتیی ئەورووپا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێستا کاتی دیالۆگ و پێشخستنی گواستنەوەیەکی سیاسیی گشتگیرە. دەسەڵاتدارانی قۆناخی راگوزەری سووریا، شانبەشانی دەسەڵاتە خۆجێیەکان، بەرپرسیارێتیی پاراستنی هەموو سوورییەکانیان لە ئەستۆیە بەبێ جیاوازی."
 
یەکێتیی ئەورووپا داوای کرد هەموو ئەنجامدەرانی "پێشێلکارییە قورسەکانی" یاسای نێودەوڵەتی رووبەڕووی لێپرسینەوە بکرێنەوە.
 
ئەم پێشوازییەی یەکێتیی ئەورووپا دوای ئەوە دێت کە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا، رایگەیاند کە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، بە پشتیوانیی ئەمریکا لەسەر ئاگربەستێک رێککەوتوون.
 
نێردە تایبەتەکەی ئەمریکا داوای لە دروز، بەدەوی و سوننەکانی سووریا کرد چەکەکانیان دابنێن و پێکەوە "ناسنامەیەکی نوێی سووریایی" لەسەر بنەمای ئاشتی و خۆشگوزەرانی بنیات بنێن.
 
ئاڵۆزییەکانی پارێزگای سوەیدا لە 13ـی تەممووزەوە دەستیانپێکرد، کاتێک شەڕ لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی درووز و هۆزە بەدەوییە سوننەکاندا هەڵگیرسا. 
 
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، لانیکەم 940 کەس لە تووندووتیژییەکانی ئەم دواییانەی سووریا کوژراون. 
 
شەڕەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حکومەتی سووریا بە بیانووی گەڕاندنەوەی ئارامی، هێزی سەربازیی رەوانەی ناوچەکە کرد، بەڵام گرووپە درووزەکان رایانگەیاند کە هێزەکانی حکومەت شانبەشانی هۆزە بەدەوییەکان شەڕیان دژی ئەوان کردووە.
 
لە کاردانەوەی ئەوەشدا، ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی کەمینەی دروز، چەند هێرشێکی ئاسمانیی بۆ سەر پێگەکانی سوپای سووریا لە دیمەشق و دەوروبەری ئەنجامدا. 
 
دوای هەڕەشەکانی ئیسرائیل، ئەو هێزانەی حکومەتی سووریا کە چووبوونە ناو شاری سوەیدا، شەوی چوارشەممە لە شارەکە کشانەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.