رووداو دیجیتاڵ
"شازادە خەوتووەکەی" سعودیە دوای 20 ساڵ لە بێهۆشی، گیانی لەدەستدا.
شازادە وەلید خالد تەڵاڵ لە ساڵی 2005 لە لەندەن تووشی رووداوێکی سەختی هاتووچۆ ببوو و لەو کاتەوە لە نەخۆشخانە بە بێهۆشی مابووەوە.
ئەمڕۆ شازادە خالد تەڵاڵی باوکی رایگەیاند، کوڕەکەی گیانی لەدەستداوە.
دیوانی شاهانەی سعودیە ئەمڕۆ رایگەیاند، سبەی دوای نوێژی عەسر، لە مزگەوتێکی ریاز پرسەی بۆ دادەنرێت.
شازادە وەلید پێش ئەوەی تووشی رووداوەکە بێت، لە بەریتانیا دەیخوێند.
دوای رووداوەکە، بە "شازادە خەوتووەکە" ناوبانگی دەکرد، بەو پێیەی بێهۆشییەکی تەواودا بوو.
بۆ ماوەی 20 ساڵ لە ژێر ئامێر و چاودێریی چڕی پزیشکی مایەوە، بەڵام هەرگیز بەهۆش خۆی نەهاتەوە، وێڕای ئەوەی هەندێ جار جووڵەیەکی کەمی دەکرد کە هیوایەکی بە خێزانەکەی دەدا.
بە درێژایی ئەو 20 ساڵە، شازادە خالدی باوکی دژی ئەوە بوو ئامێری هەناسەدان و ئامێرە ژیانپارێزەکانی دیکەی لێ جیابکرێنەوە و بڕوای پتەوی بەوە بوو کە ژیان و مردن تەنیا لە دەستی خودایە.
چیرۆکی کوڕەکەی، سۆزی تەواوی شانشینی سعودیە و دەرەوەشی بۆ خۆی راکێشا و چەندین کەس بە درێژایی ئەو ساڵانە، لە نزیکەوە چاودێریی هەواڵەکانی دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ