ئۆکراینا پێشنیازی گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکانی ئاشتی لەگەڵ رووسیا دەکات

19-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، کیێڤ پێشنیازی بۆ مۆسکۆ کردووە هەفتەی داهاتوو گەڕێکی نوێی دانوستاندنی ئاشتی بکەن، دوای ئەوەی دانوستاندنەکان لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا چەقیان بەست.
 
دوو گەڕی دانوستاندن لە ئیستەنبووڵ لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤدا هیچ پێشکەوتنێکیان بەرەو ئاگربەست بەدەست نەهێنا، تەنیا رێککەوتنێکیان لێکەوتەوە بۆ گۆڕینەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دیلەکان و تەرمی سەربازە کوژراوەکان.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، ئەمڕۆ شەممە، لە گوتارێکیدا گوتی: "رۆستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاندووە کە پێشنیازی کردووە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی رووسی بکرێت"، هەروەها گوتیشی: "پێویستە گڕوتینی دانوستاندنەکان بەهێزتر بکرێت".
 
سەرۆکی ئۆکراینا جارێکی دیکە ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوەی رووبەڕوو لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی، ڤلادیمیر پووتین، دووپاتکردەوە و گوتی: "پێویستە کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی سەرکردایەتی بکرێت بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتییەکی راستەقینە و هەمیشەیی".
 
لە دانوستاندنەکانی مانگی رابردوودا، رووسیا لیستێک داواکاریی سەختی پێشکێش کرد، لەوانە وازهێنانی ئۆکراینا لە رووبەڕی زیاتر و رەتکردنەوەی هەموو شێوازێکی پشتیوانیی سەربازی لە رۆژئاوا.
 
کیێڤ پێشنیازەکانی رەتکردنەوە و بە قبووڵنەکراو ناوی بردن.
 
کرێملین سەرەتای ئەم مانگە رایگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ ئۆکراینا درێژە بە دانوستاندن بدات، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا 50 رۆژ مۆڵەتی دایە رووسیا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتی، ئەگەرنا رووبەڕووی سزای زیاتر دەبێتەوە.
 
ترەمپ هەروەها بەڵێنی پێدانی هاوکاریی سەربازیی نوێی بە ئۆکراینا دا، لەسەر ئەرکی وڵاتانی دیکەی ئەندامی ناتۆ، لە کاتێکدا شارەکانی ئۆکراینا رووبەڕووی هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی رووسیا دەبنەوە.
 
رۆژی شەممە، هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بوونە هۆی کوژرانی سێ کەس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بریندارێکی هێرشەکەی سیدنیی ئوسترالیا و ئەو کوڕ و باوکەی پۆلیس دەڵێت هێرشەکەیان کردووە

کوڕ و باوکێکی بە رەچەڵەک پاکستانی هێرشەکەی سیدنیی ئوسترالیایان کردووە

لە ئەنجامی هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی شاری سیدنیی ئوسترالیا، 16 کەس کوژران کە یەکێک لە کوژراوەکان هێرشکارەکە بووە. پۆلیس رایگەیاندووە، هێرشەکە لەلایەن باوک و کوڕێکەوە کراوە کە بە رەچەڵەک پاکستانین؛ باوکەکە لەکاتی هێرشەکەدا لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە، کوڕەکەش بە برینداری دەستگیر کراوە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە