رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سەربازیی ئوردن کە رۆژی شەممە بڵاوکرانەوە، سوپای ئوردن لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 300 درۆنی هەڵگری مادەی هۆشبەری خستووەتە خوارەوە، بە تێکڕای 51 درۆن لە مانگێکدا.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئوردن (پێترا) بڵاویکردوونەتەوە، "هێزە چەکدارەکانی ئوردن لە ماوەی 1ی کانوونی دووەم تاوەکو 16ی تەممووزی ئەم ساڵ، 310 درۆنیان خستووەتە خوارەوە کە مادەی هۆشبەریان هەڵگرتبوو، بە تێکڕای 51 درۆن لە مانگێکدا، یان نزیکەی دوو درۆن لە رۆژێکدا".
ئەو درۆنانە لە "ئاسمانی باشوور، باشووری رۆژهەڵات، باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی شانشینەکە"وە رۆیشتبوون.
داتاکان روونیان کردووەتەوە، "هێزە چەکدارەکانی ئوردن لە ماوەی 6 مانگدا رێگرییان لە گواستنەوەی 14 ملیۆن و 134 هەزار و 87 حەبی هۆشبەر، 92 کیلۆگرام و 126 گرام مادەی هۆشبەر کردووە."
ئاژانسەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "بازرگانانی مادەی هۆشبەر لەو ماوەیەدا 69 هەوڵی قاچاخچێتی و 69 هەوڵی دزەکردنیان هەبووە."
سوپای ئوردن بەردەوام پووچەڵکردنەوەی هەوڵی قاچاخچێتیی مادەی هۆشبەر لە سنوورە 375 کیلۆمەترییەکەی لەگەڵ سووریا رادەگەیێنێت، بەتایبەتی حەبی کاپتاگۆن کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراوی سووریا و دوای دەستپێکردنی ململانێکان لە ساڵی 2011، بە فراوانی بەرهەمدەهێنرا.
ئوردن کە میوانداریی نزیکەی 1.6 ملیۆن پەنابەری سووری دەکات، دەڵێت، قاچاخچێتییەکە بە شێوەی "رێکخراو" دەکرێت و درۆنیان تێدا بەکاردەهێنرێت و لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەپارێزرێن، ئەمەش وایکردووە ئوردن چەندین جار هێزی ئاسمانی بەکاربهێنێت بۆ لێدان لەو گرووپانە و خستنەخوارەوەی درۆنەکانیان.
دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی رابردوو، بڕێکی زۆر لە حەبی کاپتاگۆن لە کۆگە و بنکە سەربازییەکانی ناوچە جیاوازەکانی سووریا دۆزرانەوە.
داهاتی فرۆشتنی کاپتاگۆن بە درێژایی ساڵانی ململانێکە، پشتیوانیی لە حکومەتی سەرۆکە لەسەرکارلادراوەکە دەکرد و سووریای کردە گەورەترین وڵات لە جیهاندا کە پشتی بە داهاتی مادەی هۆشبەر بەستبوو.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ئەو حەبە هۆشبەرە گەورەترین هەناردەی وڵاتەکە بوو و لە کۆی هەموو هەناردە یاساییەکانی دیکە زیاتر بوو.
ساڵی رابردوو، دەسەڵاتدارانی ئوردن زیاتر لە 38 هەزار کەسیان لە زیاتر لە 25 هەزار دۆسیەی پەیوەست بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری مادەکەدا گرت، کە 27 ملیۆن حەبی کاپتاگۆنی لەخۆگرتبوو.
بەگوێرەی دامودەزگەکانی ئوردن، لە ساڵی 2024 و لە کاتی پێکدادان لەگەڵ قاچاخچییەکان، هەشت کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ