بەهۆی بوومەلەرزەکەی هایتی زیاتر لە 2 هەزار و 100 کەس گیانیان لەدەستداوە

19-08-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن هایتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەی کوژراوانی بوومەلەرزەکەی هایتی لە کەمتر لە دوو هەزار کەس بۆ دوو هەزار و 189 کەس بەرزبووەوە، گەیاندنی هاوکارییش بە رزگاربووانی بوومەلەرزەکە دەستیپێکردووە، بەڵام خەڵک گلەییان لە سستی پرۆسەکە هەیە.
 
بوومەلەرزەکەی رۆژی شەممەی رابردوو زەرەر و زیانێکی گەورەی بە ناوچەی بەشی باشووری رۆژئاوای هایتی گەیاندووە. رۆژانە تەرمی قوربانیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان دەردەهێنرێن.
 
ئاژانسی بەرگریی شارستانی هایتی دەڵێت "نۆ هەزار و 900 کەس بەهۆی ئەو بوومەلەرزەوە برینداربوونە، زیاتر لە حەوت هەزار ماڵی رووخاند، زیانی بە پێنج هەزار ماڵی دیکە گەیاند، نزیکەی 30 هەزار خێزانی بێ ماڵ و حاڵ هێشتەوە.
 
شەوی رابردوو ئاریێل هێنری، سەرۆکوەزیرانی هایتی بەفەرمی داوای لە لە سیاسەتڤانان، کۆمەڵگەی سڤیل، زانکۆکان، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و سەرمایەدارانی تاراوگە کرد ئەڵقەیەکی مرۆیی بەدەورووی شارە زیان بەرکەوتووەکەن دروستبکەن و کۆمەکی و هاوکاریی مرۆیی کۆبکەنەوە.
 
باهۆزەکەی دوای بوومەلەرزەکەی رۆژی شەممە دۆخی لێقەوماو و دەربەدەربووانی هێندەی دی دژوارتر کرد، بەڵام گلەیی خەڵک لە کارەساتە سرووشتییەکان نییە، خەڵک ترسیان لەوە هەیە سیناریۆی 2010 دووبارە بێتەوە کاتێک بوومەلەرزەیەک زیاتر لە 200 هەزار کەسی کوشت، حکومەت بەوە تۆمەتبارکرا کە ئەو پارەیەی لە کۆمەکی و هاوکاری کۆیکردەوە، هەمووی نەگەیاند بە لێقەوماوان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە