زیلینسکی: ئامادەم بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ پووتین کۆببمەوە

19-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، ئامادەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ راستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پووتینی هاوتا رووسییەکەی کۆببێتەوە.
 
دوای گفتوگۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و چەندین سەرکردەی ئەورووپی لە کۆشکی سپی، زیلینسکی بە رۆژنامەڤانانی گوت، ئامادەیە لەگەڵ پووتین کۆبێتەوە، کە ئەوە دەبێتە یەکەمین دیداری رووبەڕوویان لەدوای لەشکرکێشییەکەی مۆسکۆوە کە نزیکەی سێ ساڵ و نیو لەمەوبەر دەستیپێکرد.
 
دوای لووتکەکەی دووشەممە لە کۆشکی سپی، زیلینسکی گوتی: "من دووپاتمکردەوە و هەموو سەرکردە ئەورووپییەکانیش پشتگیرییان لێکردم کە ئێمە ئامادەین بۆ کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ پووتین."
 
زیلینسکی رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە بۆ ئەوەی دەستبەرداری بەشێکی خاکی وڵاتەکەی بێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، لە کاتێکدا رووسیا لە گۆڕەپانی جەنگ بەردەوامە لە پێشڕەوی.
 
پێش کۆبوونەوەکەی کۆشکی سپی، ترەمپ گوشاری خستبووە سەر ئۆکراینا بۆ ئەوەی دەستبەرداری کریمیا بێت و واز لە ئامانجی بوونە ئەندامی ناتۆ بهێنێت، کە هەردووکیان داواکاریی سەرەکیی پووتینن.
 
بەڵام زیلینسکی جەختی لەوە کردەوە کە توانیویەتی وێنەیەکی روونتری بەرەکانی جەنگ پێشانی ترەمپ بدات، کە لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیدا لە نووسینگەی سەرۆک لە کۆشکی سپی چاوی پێیکەوت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی، زیلینسکی رایگەیاندووە: "ئەمە باشترینی کۆبوونەوەکانمان بوو. توانیم زۆر شت، تەنانەت لەسەر نەخشەش، بە هەموو هاوکارە ئەمریکییەکان نیشانبدەم سەبارەت بە دۆخی بەرەکانی جەنگ."
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دواتر بە رۆژنامەڤانانی گوت، لووتکەکە لەبری سازشکردنی ئۆکراینا، تیشکی خستووەتە سەر دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنی لە ئەگەری هەر رێککەوتنێکی ئاشتیدا.
 
ترەمپ گوتی، گەرەنتییەکان "لە لایەن وڵاتە جیاوازەکانی ئەورووپاوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دابین دەکرێن."
 
زیلینسکی گوتیشی: "گرنگە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەیەکی روون بدات کە یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی یارمەتی دەدەن، هاوئاهەنگی دەکەن و هەروەها بەشدار دەبن لە گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئۆکراینادا."
 
زیلینسکی رایگەیاند، ئەو پلانانە "بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ماوەی هەفتەیەک یان 10 رۆژی داهاتوودا فەرمی دەکرێن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا