رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکانی رووسیا و ئۆکراینا، دوای گفتوگۆیەکی خێرای رۆژی دووشەممە لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و سەرکردەکانی ئەورووپا، ئامادەکاری بۆ لووتکەیەکی ئاشتی دەکەن، کە تەوەرە سەرەکییەکەی پرسی گەرەنتییە ئەمنییە درێژخایەنەکان دەبێت بۆ کیێڤ.
هیوای پێشکەوتنێک دوای ئەوە هات کە ترەمپ رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیەکی "زۆر باش" لەگەڵ ئەورووپییەکان و سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆشکی سپی، پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتینی هاوتا رووسییەکەی کردووە، کە هەفتەی رابردوو لە ئەلاسکاش چاوی پێیکەوتبوو.
ئەمە دەبێتە یەکەم دیداری نێوان سەرکردەکانی رووسیا و ئۆکراینا لەدوای لەشکرکێشییەکەی مۆسکۆ کە نزیکەی سێ ساڵ و نیو لەمەوبەر دەستیپێکرد. هەروەها لە کاتێکدایە کە ترەمپ هەوڵدەدات بەڵێنەکەی بۆ کۆتاییهێنانی خێرا بە جەنگەکە بهێنێتەدی.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "هەمووان زۆر دڵخۆشن بە ئەگەری هاتنەدیی ئاشتی بۆ رووسیا/ئۆکراینا."
ترەمپ گوتی: "لە کۆتایی کۆبوونەوەکاندا، پەیوەندیم بە سەرۆک پووتینەوە کرد و دەستمانکرد بە رێکخستنی دیدارێک، لە شوێنێک کە دواتر دیاری دەکرێت، لەنێوان سەرۆک پووتین و سەرۆک زیلینسکی."
ترەمپ رایگەیاند، دوای لووتکە دووقۆڵییەکە، لووتکەیەکی دیکەی سێقۆڵی لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆکراینا و رووسیا دەکات.
فریدریک مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، رایگەیاند کە پووتین رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، بەڵام هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک بۆ کات و شوێنەکەی نییە.
زیلینسکی: ئامادەم لەگەڵ پووتین کۆببمەوە
زیلینسکی لە دەرەوەی کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند کە "ئامادەیە" بۆ کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ پووتینی نەیاری سەرسەختی، کە لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر ئۆکراینا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس.
لە مۆسکۆ، یاریدەدەرێکی کرێملن رایگەیاند کە پووتین کراوەیە بەرامبەر "بیرۆکەی" گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئۆکراینا.
جەنگی ئۆکراینا نزیک بووەتەوە لە چەقبەستوویی سەرەڕای چەند پێشڕەوییەکی ئەم دواییەی رووسیا، بەڵام لووتکەکەی هەینی رابردووی ترەمپ و پووتین هیچ ئاگربەستێکی لێنەکەوتەوە.
دواتر زیلینسکی بەپەلە گەیشتە کۆشکی سپی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ترەمپ، دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا گوشارەکانی لەسەر سەرکردەی ئۆکراینا زیاد کرد بۆ ئەوەی سازش بۆ رووسیا بکات.
سەرکردەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، فینلاند، کۆمیسیۆنی ئەورووپا و ناتۆ رایانگەیاند، ئەوانیش بەشداری دەکەن، وەک ئاماژەیەکی روونی پشتیوانی.
زیلینسکی هەروەها لە نووسینگەی سەرۆک لە کۆشکی سپی چاوی بە ترەمپ کەوت لە یەکەم دیداریان لە نێو جەرگەی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا، لە دوای دەمەقاڵە تووندەکەی نێوانیان لە مانگی شوبات.
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند کە کۆبوونەوەکە "باشترینی" دیداریان بووە، و کەمترین گرژیی تێدابووە بە بەراورد بەو کاتەی ترەمپ و جەی دی ڤانسی جێگری، لە بەردەم کامێرای تەلەڤزیۆنەکاندا سەرزەنشتیان کردبوو لەسەر ئەوەی "سوپاسگوزار" نییە بۆ پشتیوانییەکانی ئەمریکا.
ترەمپ تەنانەت ستایشی چاکەتە رەشەکەی زیلینسکیشی کرد، دوای ئەوەی لە سەردانەکەی مانگی شوباتدا لەلایەن میدیا راستڕەوەکانەوە رەخنەی لێگیرابوو کە جلوبەرگە تایبەتەکەی وەک سەرکردەی جەنگی نەگۆڕیوە بۆ قات.
"گەرەنتیی ئەمنی"
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند باسیان لە گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا کردووە و گوتیشی پووتین رەزامەندیی لەسەر داوە، سەرەڕای رەتکردنەوەی خەونە دێرینەکەی کیێڤ بۆ چوونە نێو هاوپەیمانیی ناتۆ.
ترەمپ گوتی، گەرەنتییەکان "لە لایەن وڵاتە جیاوازەکانی ئەورووپاوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دابین دەکرێن."
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "کۆبوونەوەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوو" و "سەرۆک بەڕاستی چەقبەستووییەکەی شکاند."
گوتیشی: "ئەمڕۆ بەڕاستی تایبەت بوو بە گەرەنتییە ئەمنییەکان، کە ئەمریکا زیاتر تێیدا بەشدار دەبێت و هەموو وردەکارییەکانیش لە رۆژانی داهاتوودا یەکلایی دەکرێنەوە."
رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەیەک کە بینیویەتی، رایگەیاندووە کە ئۆکراینا بەڵێنیداوە بە بەهای 100 ملیار دۆلار چەکی ئەمریکی بکڕێت کە لەلایەن ئەورووپاوە پارەکەی دەدرێت، لە بەرامبەر گەرەنتییەکانی ئەمریکا بۆ ئاسایشەکەی.
زیلینسکی دواتر بە رۆژنامەڤانانی گوت کە باس لە پاکێجێکی 90 ملیار دۆلاری کراوە و رایگەیاند، ئۆکراینا و هاوپەیمانەکانی لە ماوەی 10 رۆژدا مەرجەکانی گەرەنتییە ئەمنییەکان بە فەرمی دادەڕێژن.
بەڵام ئامادەبوونی سەرکردە ئەورووپییەکان جەختی لەسەر بەردەوامیی نیگەرانییەکان دەکردەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا ترەمپ وەک چەندین جاری دیکە روو لە پووتین دەکاتەوە یان نا.
ترەمپ پێش کۆبوونەوەکە گوشاری خستبووە سەر ئۆکراینا بۆ ئەوەی دەستبەرداری کریمیا بێت و واز لە ئامانجی بوونە ئەندامی ناتۆ بهێنێت، کە هەردووکیان داواکاریی سەرەکیی پووتینن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی دووشەممە داوای تووندکردنەوەی سزاکانی سەر رووسیای کرد، ئەگەر پووتین هەنگاو بەرەو ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینا نەنێت.
ئەلێکس ستووب، سەرۆکی فینلاند رایگەیاند کە پووتین "جێگەی متمانە نییە."
لەلایەکی دیکەوە، مێرتزی راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، نابێت ئۆکراینا ناچار بکرێت لە گفتوگۆکاندا دەستبەرداری هەرێمی دۆنباس بێت بۆ رووسیا.
مێرتز بە رۆژنامەڤانانی گوت: "داواکارییەکەی رووسیا کە کیێڤ دەستبەرداری بەشە ئازادکراوەکانی دۆنباس بێت، راستەوخۆ هاوشێوەی پێشنیازێکە بۆ ئەمریکا کە دەستبەرداری فلۆریدا بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ