رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، سەرکردایەتیی جووڵانەوەیەک دەکات بۆ نەهێشتنی دەنگدان لەڕێگەی پۆستەوە، کە یەکێکە لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی و تائێستاش دانی بە شکستی خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2020دا نەناوە.
ترەمپ لە پۆستێکی درێژدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "سەرکردایەتیی جووڵانەوەیەک دەکەم بۆ نەهێشتنی دەنگدان لەڕێگەی پۆستەوە، هەروەها ئامێرەکانی دەنگدانی 'نادروست' و زۆر گرانبەها و مشتومڕاوی، کە تێچوویان دە هێندەی کاخەزە."
ملیاردێرە کۆمارییەکە رایگەیاند، فەرمانێکی جێبەجێکاری واژۆ دەکات بە مەبەستی "یارمەتیدان بۆ بەدیهێنانی دەستپاکی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخوول"ی کۆنگرێس لە تشرینی دووەمی 2026، بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک لەبارەی نێوەڕۆکی دەقەکە بخاتەڕوو.
ترەمپ هەرگیز دانی بە شکستی خۆی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2020 لە بەرامبەر جۆ بایدن نەناوە و بێ هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنراو جەختی لەوە کردووەتەوە کە بووەتە قوربانیی ساختەکاریی بەرفراوانی هەڵبژاردن، بەتایبەتی لەڕێگەی دەنگدان بە پۆستەوە، کە رێگەیەکی بەربڵاوە لە ئەمریکا.
رۆژی دووشەممە، ترەمپ پێشبینیی ئەوەی کرد دیموکراتەکان دژایەتیی خواستی ئەو بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەنگدان بە پۆستە بکەن، چونکە بە گوتەی ئەو، "بە شێوەیەکی بێوێنە ساختەکاری دەکەن."
پێشتر ترەمپ لە کۆتایی مانگی ئاداردا فەرمانێکی جێبەجێکاریی واژۆ کردبوو کە ئامانج لێی سەپاندنی چاودێریی تووندتر بوو بەسەر تۆماری دەنگدەران و دانانی کۆتوبەندی تووند بۆ دەنگدان لەڕێگەی پۆستەوە.
لە ئەمریکا، بەرپرسیارێتیی رێکخستنی هەڵبژاردنە فیدراڵییەکان دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی ویلایەتەکان، لەکاتێکدا کۆنگرێس چوارچێوەیەکی دیاریکراوی بۆ دادەنێت.
بەڵام دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت پێداچوونەوە بەم رێکارەدا بکات و پێیوایە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی لە سەرووی دەسەڵاتی ویلایەتەکانەوەیە.
رۆژی دووشەممە ترەمپ رایگەیاند: "بۆ بیرهێنانەوە، ویلایەتەکان تەنیا 'بریکار'ی حکومەتی فیدراڵین لە جیاکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگەکاندا. دەبێت ئەوە بکەن کە حکومەتی فیدراڵی، بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی ئەمریکا، بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەکەمان فەرمانیان پێدەکات."
شارەزایان پێیانوابوو ئەو بڕیارەی لە مانگی ئاداردا واژۆ کرا، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتییە.
ریک هاسن، مامۆستای یاسای هەڵبژاردن لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلس، رایگەیاند فەرمانە جێبەجێکارییەکە "کودەتایەکی جێبەجێکارییە". هەروەها چەندین رێکخراو رایانگەیاند کە لە دادگە تانە لە بڕیارەکە دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ